هەڵەبجە پارێزگای هەزار و یەك هەنگاو بۆ دواوە

دانا حامید

14/06/2020

بەپارێزگابوونی هەڵەبجە هیوای هەموو هەڵەبجەییەك بوو لەناوەوە و دەرەوەی ئەم شارە، بۆئەوەی ئەم شارە لە شارێكی پەراوێزخراوی كەم خزمەتەوە ببوژێتەوە و ببێتە پارێزگایەكی نمونەیی لە رووی ئاوەدانی و پێشكەوتن و گەشەسەندنەوە، دەبوو هەرواش بووایەت چونكە یەكەمجاربوو لە مێژووی دەسەڵاتی كوردیدا شارێك لە قەزاوە بگۆڕێت بۆ پارێزگا.
هەرزوو بە زوو هەنگاوەكانی چەقبەستوویی پارێزگای هەڵەبجە بەدەركەوتن، وەك هەموو شتێكی تر وەك هەموو بابەت و پرسێكی تر ململانێی یەكێتی و پارتی لەسەر پۆست و پشكپشكێنەی حزبی، لە ناو دەمارەكانی ئەم پارێزگا نوێیەدا كەوتنە جووڵە، لەوكاتەشدا پاساوەكانی (شەڕی داعش و قەیرانی دارایی) دوو بیانووی حازر بەدەستی حكومەت بوون بۆئەوەی وەكو پێویست بەرپرسیارێتی پێشخستنی ئەم پارێزگا نوێیە لە ئەستۆ نەگرێت.
راستییەكی حاشا هەڵنەگریش هەیە كە پێویستە بیڵێن ئەوەیە قەزای هەڵەبجە گەشەی (بونیادی شار) فەرزی نەكرد لەسەر حكومەت بیكاتە (پارێزگا) راكێشانی سۆز و عاتیفەی هەڵەبجەییەكان و هەڵمژینی توڕەییی خەڵكی ئەم شارە بەهۆی نادادی و كەم خزمەتی و لا لێنەكردنەوەی هەڵەبجە وەكو شارێكی خاوەن قوربانی گەورە، دواجار وایكرد بە پارێزگا كردنەكەشی وەكو كارتێكی سیاسی بەكاربهێنرێت و قەزای هەڵەبجە بووبە پارێزگای هەڵەبجە.
هەڵەبجە شەش ساڵە پارێزگایە، زیادەڕەوی نیە كە بڵێین هیچ پێشكەوتن و گەشەیەكی بەخۆیەوە نەبینیوە، تەنانەت لە ڕووی كارگێڕیشەوە هەڵەبجە پارێزگایەكی تەواو نیە، پارێزگای هەڵەبجە كێشەی زۆری كارگێڕی و دارایی هەیە و نەبوونی ئەنجومەنی پارێزگاش (ئەگەرچی ئەنجومەكانی تریش وادەی یاساییان تێپەڕێوە) كێشەیەكی تری ئەم پارێزگایەیە، بەپێی یاسا و بڕیارەكانی پەرلەمانی كوردستان و سەرۆكایەتی هەرێم و ئەنجومەنی وەزیران لە بەراوری5/2/2015 یشەوە هیچ ئەنجومەنێكی پارێزگایەكی تر بۆی نیە چاودێری پارێزگای هەڵەبجە بكات، جگە لەوەش بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكان بە وەكالەت بەڕێوە دەبرێن و ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی بەڕێوەبەرە گشتییەكان كە بەوەكالەت كار دەكەن هەموو دەسەڵاتێكی كارگێڕییان نەبێت.
وەك وتم قەزایەك كراوەتە پارێزگا بەبێ‌ ئەوەی بونیادی شار و رەگەزە بنەڕەتییەكانی شار بوونی هەبێت كە دەبوو بەپێچەوانەوە بووایەت، بنەماكانی شار بوونیان هەبووایەت ئەنجا بكرایەت بەشار، ئەگەر چی لەمێژووی رابردووی هەڵەبجەدا لە رووی بینا سازییەوە (كۆشكی وەسمان پاشای جاف و بازاڕی حامید بەگ و حەمامی پاشا) لەسەر بنەمای بیناسازی ئەو سەردەمە و بەدەستی وەستای شارەزای سنەیی بنیادنراون بەداخەوە ئێستا هیچ یەكێك لەوانەش لە شارەكەدا بوونیان نەماوە، هەرچەندە ئەمە نابێتە پاساو بۆ حكومەت كە دەستی ئاوەدانی و پێشخستنی نەگەیاندووە بە هەڵەبجە.
هەر وەك چۆن لە رووی بیناسازییەوە هەڵەبجە پاشەكشەی كردووە، بەداخەوە لە رووی رۆشنبیری و زانست و عیرفانیشەوە پاشەكشەی گەورەی كردووە ( رابردووی هەڵەبجە لەم رووەوە رابردوویەكی گەشاوەیە نەك وەك ئێستا خامۆش و بێدەنگ!).
بونیادنانەوەی هەڵەبجە تەنها جادە و شۆستە و بیناو پرۆژە نیە، دەبێت بونیادنانەوەیەك بێت لەهەموو ڕووەكانەوە و هەموو سێكتەرەكان بگرێتەوە، چونكە هەڵەبجە بەدرێژایی تەمەنی رژێمە یەك لە دوا یەكەكانی عێراق تووشی كاولكاری و لەناوبردن بووەتەوە تا دەگاتە لوتكەی ئەو تاوانانە كە جینۆسایدكردنی خەڵكە بێتاوانەكەی بوو لەسەر دەستی رژێمی بەعس.
هەڵەبجە، دەستێكی بەهێز وێرانی كرد، دەبێت دەستێكی بەهێزیش ئاوەدانی بكاتەوە، هەڵەبجە بە خێرخوازێك و دوو خێرخواز و كۆمپانیایەك و رێكخراوێكی بیانی ئاوەدان ناكرێتەوە.
تائێستا ئەو بڕیار و یاسایانەی بۆ پارێزگای هەڵەبجە دەركراون وەكوخۆیان جێبەجێنەكراون كە بریتین لە (بڕیاری پایتەختی ئاشتی ساڵی 2014 و یاسای ژمارە 1 ی ساڵی 2015 كە بە كۆ دەنگی هەموو ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان پەسەندكراون هەروەها بڕیاری 104 ی ساڵی 2017 ی ئەنجومەنی وەزیران.
كێشەكان زۆرن ئەوەی لەم نووسینەدا خراوەتە روو تەنها سەرە قەڵەمە لەسەر چەند كێشە و گرفتێكی بنەڕەتی، ئەگینا ئەتوانین بڵێین ئێستا هەڵەبجە پارێزگای هەزار و یەك هەنگاو بۆ دواوەیە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group