كۆنسولەكەی ئێران لە سلێمانی و چەند بیرهێنانەوەیەكی سادە

محەمەد حەسەن

05/12/2020

كۆنسولی ئێران لە سلێمانی لە نوسینێكدا بە ناونیشانی "تیرۆریزمی حكومی، گەورەترین هەڕەشە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی ناوچەكە و جیهان"، كە بە زمانی كوردی لە چەند ماڵپەڕێكی كوردی بڵاویكردوەتەوە، بە ئاماژەدان بە كوژرانی موحسین فەخریزادە كاربەدەست لە بەرنامە ئەتۆمیەكەی وڵاتەكەی، ئەو كردەوەیەی بە پێشێلكردنی یاسا و رێسا نێودەوڵەتیەكان ناوبردوە.
كۆنسولەكەی ئێران داواشی لە وڵاتانی بانگەشەكاری مافەكانی مرۆڤ كردوە بە وتەی ئەو دەست لە دووفاقی هەڵبگرن و ئەو كردەوەیە سەركۆنە بكەن.
ئەو قسانە و تەنانەت بڵاوكردنەوەشی بە كوردی مافێكی خۆیەتی وەك نوێنەرێكی ئێران بیكات، بەڵام پێویستە هەر بەو زمانە و بە ستانداردانەی خۆی لە نوسینەكەیدا باسی كردوون چەند راستییەكی بە بیر بهێنرێتەوە.
رۆژی 27ی نۆڤەمبەری 2020، واتە هەمان ئەو رۆژەی كە فەخریزادە لە نزیك تاران كوژرا، لە بەلژیكا دانیشتنی دادگایی كردنی دیپلۆماتێكی پێشووی ئێران بەڕێوەچوو كە تۆمەتبارە بەوەی پلانی بۆ دانانی بۆمب لە گردبوونەوەیەكی موجاهیدینی خەلق  لە نزیك پاریس داناوە.
هەر لەو ئەوروپایە بەدرێژایی ساڵانی رابردوو چەندین سەركردە و كەسایەتی ئۆپۆزسیۆنی ئێران بەتایبەتی كورد لە لایەن دەزگا ئەمنیەكانی ئێرانەوە تیرۆر كران، لەوانە هەردوو سكرتێری پێشووی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران دكتۆر قاسملۆ و دكتۆر شەرەفكەندی، كە بە دیاریكراوی لە دۆسیەی میكۆنوسدا بۆ لێكۆڵینەوە لە شەهیدكردنی شەرەفكەندی بە روونی ئۆباڵی ئەو تیرۆرە درایە پاڵ بەرپرسانی هەرەباڵای ئێران.
دوور نەچین و هەر لە سلێمانی، ئەو شارەی كە ئەو تیایدا وەك كۆنسول ئەركدارە بەدرێژایی 30 ساڵی رابردوو زیاتر لە 200 بەرهەڵستكاری كوردی رۆژهەڵات لەلایەن هێزەكانی ئێران و دەستوپێوەندەكانیانەوە تیرۆر كراون.
هەر لە نوسینەكەیدا كۆنسولی ئێران باسی لە پەرۆشی خۆی بۆ ئاسایش و ئاشتی كردوەتەوە، بەڵام لەو پەڕی دونیاوە لە ئەرژەنتین لە ئەمریكای لاتین تا ئەفریقا و ئەوروپا و رۆژهەڵاتی ئاسیا جێپەنجەی حكومەتی تاران لە كردەوەی تیرۆریستی، تۆقاندن و تەقینەوە و رفاندن دیارەبەپێی راپۆرتێكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لەماوەی چل ساڵی رابردوودا هێزە ئەمنییەكانی ئێران لە 40 وڵاتدا زیاتر لە 360 كردەوەی تیرۆریستیان ئەنجامداوە، بەشێكی زۆری كردەوەكانیش لە لایەن ئەو كەسانەوە دەكرێن كە لە ژێر پەردەی كاری دیپلۆماسی و پارێزبەندیدا كە یاسا نێودەوڵەتیەكان پێیان بەخشیون، ئەو تاوانانە دەكەن.
وێرانەكانی سوریا ، یەمەن، عێراق، لوبنان و فەلەستینیش شایەتی ئەوە دەدەن ئێران و پاسدارەكانی بەوێدا تێپەڕیون و بە دەیان و سەدان هەزار كەس بوونە قوربانی و بە ملیۆنانیش ئاوارەی دەستی شەڕانگێزیەكانی تارانن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group