‌نیعمەتی سۆشیال میدیا بۆ ستەمکاران!

ئارام سەعید

03/01/2021

رۆژگاری رابردوو لەزەمانی حوکمی بەعس و سەدامدا میدیا و سانسۆر بەشێوەیەکی تەقلیدی بوو، هەموو میدیا کۆنترۆڵ بوو،تەنها دەسەڵات خۆی میدیای هەبوو. بۆچاودێری نەیارانیش لە رێگەی دەزگا سەرکوتکەرەکانەوە خەڵک و سیاسیەکانی سانسۆرئەکرد، بۆئەوەی بگات بە زانیاری گومانلێکراوانی دەگرت و ئەشکەنجەی دەدان، دەیان ئامرازی ئەشکەنجەی بەکاردەهێنا بۆ دانپیانانی کەسێک لەسەر ناوهێنانی ئەوانەی لەگەل شۆڕشن. ئێستا ئەم چاودێری و سانسۆرە گۆرانکاری بەسەردا هاتوە،جگە لە ئەشکەنجە چەندین ئامرازی ئالۆزی تر هاتۆتە کایەوە بۆ گەیشتن بە زانیاری لەسەر کەسێک.

 چاودێریکردنی خەڵک لە رێگەی ئینتەرنێتەوە، کارەکەی بۆ ئاسانکردون، هەموو حەز و ئارەزوو بیرکردنەوەی کەسێک دەزانن لەرێگەی چاودێری پرۆفایلی هەرکەسێک لە فەیسبوک، هەموو زانیاریەکانی کەسی بەکارهێنەری تێدایە جگە لە شوێنی جوگرافیی و هەموو ئەو شوێنانەی هاتوچۆی  دەکات و هاوڕێیەتی کێ  دەکات،ئەوەش نیعمەتە بۆیان. 
 نەوەی نوێی سیاسی سۆشیال میدیایان بۆ ئەوەیە راوبۆچونی خەڵک بزانن لەسەر خۆیان،لەبەرئەوەی پەیوەندی راستەوخۆی دەسەڵات بەهاولاتیەوە زۆر لاوازە، دابڕاون ونازانن خەڵک بیر لەچی دەکاتەوە بۆئەوەی لەوە تێبگەن خەڵک گرنگیی بەچی دەدات، رای خەڵک چیە لەسەر حزبەکەیان و خۆیان، لە سۆشیال میدیا چەندین راپۆرتی جۆراوجۆر و راپرسی جیاواز دەکەن، پاشان بەچاودێریکردنی کاردانەوەکان ئەو زانیاریانەیان دەست دەکەوێت، بۆیان دەردەکەوێت خەڵک بۆچونیی چیە، کێ نەیارەو کێ لەگەڵیانە، لەکاتی پێویستدا ئەو جەماوەرە بەکاردەهێنن و گوتاری خۆیان بەوشێوەیە دادەریژن کە چەواشەیان بکات.
لەرێگەی سۆشیاڵ میدیا و تەلەفزیۆن و رادیۆکانیانەوە راستیەکان دەشیوێنن، چونکە هەواڵی درۆ بەئاسانی لە فەیسبوک بڵاو دەبیتەوە و خێراییەکەی لە بڵاوبونەوەی راستیەکان زیاترە. لەڕیێ ئینتەرنێتەوە، یان لە رێگەی چاودێری سمارت فۆنەکانەوە ئاگاداری بچوکترین جوڵانەوەی نارازیی و چالاکەوانانن، دەتوانن دەستیان پێیان بگات و بەرلەوەی چالاکی بکەن دەستگیریان بکەن.
سۆشیال میدیا رێگە خۆش دەکات بۆ یاریکردن بە گوتاری نەیاران و ناشرینکردنی کەسایەتیەکان هەروەها دەبێتە ئامرازێک بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی حوکمڕانیان و قایمکردنی پێگەی خۆیان. ئەمەش بە دروستکردنی دەزگا، بنکە، سەنتەری فیکری و لێکۆڵینەوەی وەهمی بۆ بەلاڕیدابردنی خەڵک و یاریکردن بە گوتاری سیاسیی. لەرێگەی میدیا وەهمیەکانی پەیجەکانیانەوە چیرۆکی سەیر و سەمەرە دروست دەکرێت، ژمارەیەکی زۆر تەلەفزیۆن و رادیۆ وماڵپەر... سوپایەکی ئەلیکترۆنی هەیە بۆ ئەنجامدانی ئەوکارانە. ئەگەر بمانەوێت نمونەکان باس بکەین سەدان نمونە هەن لەو چیرۆکانەی دروست دەکرێن بۆ نەیارانی دەسەڵات، بەدەیان و بگرە سەدان پەیج و ئەکاونتی فەیسبوک هەوڵی ناشرینکردنی هەموو هەوڵێک دەدرێت کە جیاوازبێت لە گوتاری دەسەڵات، هەندێک لەهێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنیش ئەوکارە دەکەن.  

بەگوێرەی لیکۆلینەوەکان بزوتنەوە نارازیە ئاشتیەکان لەساڵانی نەوەتەکانی سەدەی رابردوودا لەسەدا ٧٠ یان سەرکەوتو دەبوون، بەڵام لە دوای ٢٠١٠ ەوە ئەو رێژەیە دابەزیوە بۆ لەسەدا ٣٠ کە ئەمەش یەکێکە لەو بەڵگانەی کە پێمان دەڵیت زۆربونیی ژمارەی بەکارهێنەرانی سۆشیال میدیا و ئینتەرنێت کارێکی کردوە سەرکەوتنی خۆپیشاندانی ئاشتیانە بەڕیژەیەکی بەرچاو دابەزیت، کەیەکێک لە هۆکارەکان ئەوەیە دەسەڵات باشتر سۆشیال میدیا و دیجیتاڵ بەکاردەهێنێت وەک لە چالاکەوانی نارەزایەتیەکان، ژاوەژاوێکی زۆر دروستکراوە، تەپوتۆزێکی زۆر بەرزبۆتەوە بە ئاستەم ئاستی بینین هەیە بۆ ئەوەی راستیی جیابکەیتەوە لە درۆ، دەیان و سەدان پەیج کاردەکەن بۆ دروستکردنی چیرۆکی وەهمی.
هۆکارێکی تر کە بەقازانج دەگەڕیتەوە بۆ دەسەڵات ئەوەیە سروشتی نارەزایەتی ئەم سەردەمە وەک رابردوو هەیکەلی رێکخستن و سەرکردەو ستراتیژ و کاری پێکەوەیی رووبەروو متمانەکردنی تیا نیە، چونکە لەریگەی فەیسبوکەوەیە. متمانە ئەوکاتە دروست دەبێت کە خەڵک روبەروو پێکەوە رەفتاردەکەن و یەکتر دەبینن نەک تەنها لەرێگەی لاپتۆپ یان سمارت فۆنەکانەوە پەیوەندیان هەبێت، روبەروو یەکتر نابینن، پاشان بەشی زۆری ئەوانەی نارازین لەناو سۆشیال میدیا وابەستەی هیچ رێکخستنێکی سیاسی نین و بەشێوەیەکی کاتیی لایک دەکەن و دواتر بەردەوام نابن، بۆیە متمانە دروست نابێت. کارەساتی گەورەش ئەوەیە هەر لەڕێی سۆشیال میدیاوە سەرکوتکردنەکان بڵاودەکەنەوە و چالاکەوانان دەترسێن و ژمارەی بەشداربوان کەمدەکاتەوە و ریگە خۆش دەکات بۆ نارەزایەتی توندوتیژ. 
سالانێکە چەندین سیاسی و شیکەرەوە پێیان وایە دیکتاتۆرەکان بە ئینتەرنێت و سۆشیاڵ میدیا ئەروخێن، بەڵام ئیڤگینی مۆروزوف نوسەری کتێبی The Net Delusion کەباس لە دیوی تاریکی ئینتەرنیت دەکات لەوە ئاگادارمان دەکاتەوە کە لەو ژاوەژاوە بەئاگا بین و دەڵیت: ئینتەرنێت ئامرازێکی سیاسی کۆنترۆڵنەکراوە، رەنگە هەموو ئەوانەش بێ ئومێد بکات کە پێیان وایە بە کلیکێک دەتوانین برەو بە دیموکراسی بدەین.
لەبەرئەوەی دەسەلاتە ستەمکارەکان بونەتە پالەوانی گەورەی سۆشیال میدیا و زۆر باشتر لەنەیارەکانیان بەکاری دەهێنن بۆ چاودیری نەیاران و تێکدانی وێنەی ئەوانەی نارازین، باشترە ئەوانەی ئومێدی گۆرانکاریان هەیە بیر لەبەکارهێنانی ئامرازی تر و شیوازی تر بکەنەوە بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکانیان کەتەنها سۆشیال میدیا نەبێت، ئەو ئامرازە کۆنترۆڵکراوە لەلایەن حکومەت و دەسەلاتە دیکتاتۆرەکانەوە. لەکۆتایشدا سۆشیاڵ میدیا ئامرازێکە وەک چەقۆیەک کەدەتوانرێت بەکاربهینریت بۆ کاری باش و دەشکریت کەسێک بەکاری بهێنیت بۆ کوشتن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group