نه‌وت.. ئه‌و دۆسێیه‌ی ئه‌بێت راده‌ست بكرێت

سمکۆ ئەسعەد ئەدهەم

07/02/2021

لێدوانه‌كانی: ((ڕاده‌ستكردنی دۆسێی نه‌وت قابیلی قبوڵ نییه‌، داواكردنی دۆسێی نه‌وت نا ده‌ستوورییه‌، شۆفینی وڕگه‌زپه‌رستییه‌ ، هێڵی سووره‌.. شیعه‌گه‌راییه‌ ...)) به‌ گوێی گه‌وره‌ و پچوكماندا ئه‌درێت له‌ لایه‌ن كه‌سایه‌تییه‌ جیاجیاكانه‌وه‌ ، به‌ بێ ئه‌وه‌ی پێمان بڵێن ئه‌نجامی (ڕاده‌ستنه‌كردن) چی ئه‌بێت، كه‌سێكیان نییه‌ بتوانێت پیمان بڵێت كێ پرسی بودجه‌ و دۆسێی نه‌وتی هه‌رێمی به‌م ڕۆژه‌ گه‌یاند. 

به‌ڕێزانی خاوه‌ن لێدوان ، ئه‌ندامانی هه‌ر لایه‌نێكی سیاسی بن ، پێشتر له‌ په‌رله‌مانی عیراقدا ده‌نگیان به‌ یاسایه‌ك داوه‌ به‌ ناوی ( یاسای كۆمپانیای نیشتمانیی نه‌وتی عیراق ژماره‌ 4 ساڵی 2018)، ئه‌و یاسایه‌، موڵكداری نه‌وت و غازی عیراق، له‌ ژێر چنگی لایه‌نه‌ سیاسییه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی عیراق ده‌رئه‌هێنێت، ئه‌یكات به‌ موڵكی ده‌وڵه‌ت و هاولاتیانی سه‌رتاسه‌ری عیراق ، به‌ كوردستانیشه‌وه‌.

دوای ده‌نگدان به‌و یاسایه‌ ، به‌شێكی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان له‌ عیراق ، به‌ بێ ده‌نگی ، له‌ كورد و له‌ عه‌ره‌ب، كه‌وتنه‌ دژایه‌تیكردنی یاساكه‌.. بۆ زانینی چیرۆكی ئه‌و دژایه‌تیكردنه‌ له‌ لایه‌ن سوودمه‌ندانی نه‌وت وغازی عیراق ، ئه‌بێت چه‌ند ته‌وه‌رێك بخرێته‌ ڕوو:

یه‌كه‌م / دژایه‌تیكردنی به‌ركاربوون و جێبه‌جبَكردنی یاساكه‌:

- یاسای (كۆمپانیای نیشتمانی نه‌وتی عیراق) یه‌كێكه‌ له‌ هه‌نگاوه‌ ده‌ستووری ویاساییه‌كانی ده‌وڵه‌تی عیراق، به‌ جێبه‌جێكردنی ئه‌و یاسایه‌، سامانی نه‌وت و غاز، له‌ ژێر چنگ و چه‌پۆكی لایه‌نه‌ سیاسی ونا سیاسییه‌كانی عیراقدا ئه‌هێنرێته‌ ده‌ره‌وه‌.

- دوای بڵاوكردنه‌وه‌ و به‌ركاربوونی (یاسای كۆمپانیای نیشتمانی نه‌وتی عیراق) له‌ (ڕۆژنامه‌ی وقایعی عیراقی) به‌ ژماره‌ 4486 له‌ 9/4/2018 و به‌ركاربوونی ئه‌و یاسایه‌، لایه‌نه‌ سوودمه‌نده‌كانی نه‌وت وغاز له‌ سه‌رتاسه‌ری عیراق، له‌ ڕێگای پارێزه‌ر وشاره‌زا یاساییه‌كانیانه‌وه‌، چون به‌ گژ یاساكه‌دا به‌ چه‌ند تانه‌ وداوایه‌ك، له‌به‌رده‌م  دادگای باڵای فیدرالی عیراق.

-به‌ر له‌وه‌ی دادگای باڵا دادبینی ئه‌و دۆسێیه‌ بكات ، كابینه‌كه‌ی عادل عبدالومه‌هدی (ته‌مه‌نی له‌ 24/10/2018 تا 1/12/2019 بوو) دامه‌زراندنی (كۆمپانیای نیشتمانی نه‌وتی عیراق)ی خسته‌ ناو كارنامه‌ی كابینه‌كه‌یه‌وه‌ (له‌ ته‌وه‌ری سێیه‌م 1  - وه‌زاره‌تی نه‌وت  برگه‌ی 11 – 1) وبریاری دا به‌ گرتنه‌به‌ری ڕێكاره‌كانی دامه‌زراندنی كۆمپانیاكه‌ له‌ (25/10/2018) و ده‌ستبه‌كاربوونی كۆمپانیاكه‌ له‌ (25/10/2020). ئه‌وه‌بوو كابینه‌كه‌ی (عه‌بدولمه‌هدی) به‌ كارنامه‌كه‌یه‌وه‌ ، كرا به‌ قوربانی فیشه‌كی ئه‌و هێزانه‌ی كه‌س نه‌یزانی سه‌ر به‌ كێن و خوێنی سه‌دان خۆپیشانده‌رانیان ڕشت، كابینه‌كه‌ی عه‌بدولمه‌هدی نه‌ما، سوودمه‌نده‌كانی نه‌وت وغازی عیراق هه‌ناسه‌یه‌كی قوڵیان هه‌ڵكێشا، و هه‌نگاوی دامه‌زراندنی (كۆمپانیای نه‌وتی نیشتمانی) له‌سه‌ر كاغه‌زی كارنامه‌ حكومیه‌كه‌ی (عه‌بدولمه‌هدی) مایه‌وه‌.

- له‌و سه‌روبه‌نده‌دا، دادگای باڵای فیدرالی عیراق ، سه‌رجه‌م تانه‌كانی دژ به‌ یاسای (كۆمپانیای نیشتمانی نه‌وت) تاوتوێ كرد ودادبینی تیادا كرد و له‌ (23/1/2019) بڕیاری یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی دا به‌ ڕێكخستنه‌وه‌ی چه‌ند بڕگه‌یه‌كی یاساكه‌ كه‌ تایبه‌تبوون به‌ هه‌ندێك ئامانج و ڕێكاری كاركردنی (كۆمپانیای نیشتمانی نه‌وت) وچونیه‌تی په‌یوه‌ستبوونی به‌ دامه‌زراوه‌ فیدرالیه‌كانه‌وه‌، بڕیاره‌كه‌ 10 بڕگه‌ی له‌ خۆگرت، ئه‌وه‌ی گرنگ بوو مافه‌ دارایی وئابووریه‌كانی یه‌ك به‌یه‌كی هاوڵاتیانی عیراقی له‌و یاسایه‌دا به‌ جێگیری هێشته‌وه‌، ئه‌م بڕیاره‌ی دادگای باڵای فیدرالی ، سه‌ر له‌نوێ سه‌رودڵی سوودمه‌ندانی نه‌وت وغازی عیراقی گرت.

- حكومه‌ته‌كه‌ی (مسته‌فا كازمی ) بۆ جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كانی دادگای باڵای فیدرالی عیراق، پرۆژه‌یاسایه‌كی هه‌مواركردنی (یاسای كۆمپانیای نه‌وتی نیشتمانی) ئاماده‌كرد، و له‌ كۆبه‌نه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراق له‌ 17/8/2020 بڕیاری له‌ ناردنی پرۆژه‌ یاساكه‌ بۆ په‌رله‌مانی عیراق –دا به‌ مه‌به‌ستی په‌سه‌ند كردنی، به‌م شێوه‌یه‌ حكومه‌ته‌كه‌ی (مسته‌فا كازمی) سووربونی له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی یاساكه‌ دوپاتكرده‌وه‌، و دژایه‌تی سوودمه‌ندانی ئێستای نه‌وت و غازی عیراقی بۆ خۆی مسۆگه‌ر كرد. 

دووه‌م / مافی هاوڵاتیان له‌ یاسای (كۆمپانیای نیشتمانی نه‌وتی عیراق):

ئه‌وه‌ی بۆ هاولاتیانی هه‌رێم وعیراق گرنگه‌ له‌باره‌ی (یاسای كۆمپانیای نیشتمانی نه‌وتی غیراق) بیزانن، ئه‌و بڕگانه‌ی كه‌ یۆ به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌وان جێگیركراوه‌، هه‌مان مادده‌ وبڕگه‌ن كه‌ (سودمه‌ندانی ئێستای نه‌وت و غازی عیراق) دژایه‌تی ئه‌كه‌ن، چونكه‌ خاڵی وه‌رچه‌رخانی ژیان و گوزه‌رانی تاكی هاوڵاتی و كۆی كۆمه‌ڵگه‌ دروست ئه‌كات، له‌ ده‌سته‌مۆیی ده‌سه‌ڵاته‌ جیاجیاكان رزگاریان ئه‌كات.

بڕگه‌ گرنگه‌كان ئه‌مانه‌ی خواره‌وه‌یه‌.

- له‌ خاڵی دووه‌می بڕگه‌ی سێیه‌م له‌ مادده‌ 13ی یاساكه‌دا هاتووه‌:

ب – ڕێژه‌یه‌كی قازانج بۆ (سندوقی هاوڵاتی) دائه‌نرێت و ئه‌كرێت به‌ پشكی هاو به‌ها بۆ سه‌رجه‌م هاوڵاتیانی نیشته‌جێی عیراق، به‌ پێی له‌ پێشینه‌ی پێكهاته‌كانی كۆمه‌ڵگه‌، ونابێت كڕین و فرۆشتن به‌و پشكانه‌وه‌ بكرێت.

ج  – پشكی ئه‌و عیراقیانه‌ی دانیشتووی هه‌رێم و پارێزگاكانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمێكن كه‌ به‌رهه‌می نه‌وت و غازی هه‌رێم و پارێزگاكان ڕاده‌ست كۆمپانیای (نه‌وتی نیشتمانی) ناكه‌ن، پشكه‌كه‌نیان ئه‌درێت به‌ خاوه‌ن پشكه‌كانی تر.

د -  ڕیًژه‌یه‌كی قازانج بۆ (سندوقی نه‌وه‌كان) دائه‌نرێت وله‌ پێناویاندان وه‌به‌رئه‌هێنرێت.

هـ - ڕێژه‌یه‌كی قازانج بۆ (سندوقی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌) دائه‌نرێت بۆ جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌ی ستراتیجی له‌و پارێزگایانه‌دا كه‌ كاری ( كۆمپانیای نیشتمانی نه‌وت) ی تیادا ئه‌كرێت.

-  له‌ برگه‌ی چواره‌م ی مادده‌ 13 دا هاتووه‌ كه‌ به‌های پشكه‌كانی هاوڵاتیانی عیراق له‌ بانكی ناوه‌ندی عیراقه‌وه‌ جیائه‌كرێنه‌وه‌. واتا هاوڵاتیان ڕاسته‌خۆ له‌ بانكه‌وه‌ شایسته‌كانی خۆیان وه‌رئه‌گرن نه‌ك له‌ حكومه‌ته‌وه‌، كه‌س مافی خۆی له‌ نه‌وتی عیراقدا له‌ حكومه‌ت داواناكات.

سێیه‌م / پێگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ ( یاسای كۆمپانیای نیشتمانی نه‌وتی عیراق)

- له‌م یاسایه‌دا ناوی وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كانی هه‌رێم هاتووه‌ و جێگای كراوه‌ته‌وه‌ و پله‌ی بریكاری وه‌زیری سامانه‌ سروشتییه‌كانی هه‌رێم، وه‌ك ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی باڵای كۆمپانیاكه‌ ، جێگیركراوه‌.

- سه‌رۆك وجێگرانی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی باڵای كۆمپانیاكه‌ بۆ بڕیاری پێكهێنانی كۆمپانیاكه‌ له‌ لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ هێڵراوه‌ته‌وه‌، واتا كورد پشكی جێگری یه‌كه‌می ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ی به‌رئه‌كه‌وێت (ئه‌گه‌ر بیه‌وێت).

چواره‌م / په‌رله‌مانتارانی كورد و (یاسای كۆمپانیای نیشتمانی نه‌وتی عیراق) 

- په‌رله‌مانتارانی كورد له‌ به‌غدا ، له‌ فراكسیۆنه‌ جیاجیاكان ، ساڵی 2018 ده‌ستیان بۆ په‌سه‌ندكردنی (یاسای كۆمپانیای نیشتمانی نه‌وتی عیراق) به‌رزكردۆته‌وه‌ ، به‌ فراكسیۆنی ئه‌و به‌ڕێزانه‌شه‌وه‌ كه‌ ئێستا دژی ڕاده‌ستكردنی دۆسێی نه‌وتی هه‌رێمن.

-په‌رله‌مانتارانی كورد ، به‌ هۆی ململانیێی حزبه‌كانیانه‌وه‌، نه‌یانتوانیوه‌ دۆسێی نه‌وت به‌ جێبه‌جێكردنی (یاسای كۆمپانیای نه‌وتی نیشتمانی) گرێبده‌نه‌وه‌ و به‌جیابیگرن له‌ دۆسێی بودجه‌ی ساڵانه‌.

- كۆی په‌رله‌مانتارانی كورد له‌ به‌غدا، تا ئێستا، كه‌س لێی نه‌بیستوون باسی گرنگی جێبه‌جێكردنی یاسای كۆمپانیای نیشتمانی نه‌وتی عیراق- یان  كردبێت.

- به‌شێكی زۆری په‌رله‌مانتارانی كورد له‌ به‌غدا، به‌ نه‌فه‌سی ململانێی سیاسی كوردستان له‌ دۆسێی نه‌وتی هه‌رێم ئه‌ڕوانن، نه‌ك له‌ ڕوانگه‌ی یاساو ومافی هاوڵاتیانه‌وه‌ ، واتا ئه‌وه‌ی خۆی له‌ به‌غدا به‌ دژی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی هه‌رێم له‌قه‌ڵه‌م داوه. له‌گه‌ڵ ڕاده‌ستكردنی دۆسێی نه‌وته‌ ، وئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی هه‌رێمه‌، پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌. 

پێنجه‌م / حكومه‌تی هه‌رێم و دۆسێی نه‌وت و بودجه‌ی عیراق:

- حكومه‌تی هه‌رێم له‌ بری ئه‌وه‌ی دۆسێی نه‌وت  و غازی هه‌رێم، به‌ (جێبه‌جێكردنی یاسای كۆمپانیای نیشتمانی نه‌وتی عیراق ) گرێبدات، كه‌وته‌ ناو بازنه‌ په‌رته‌وازه‌ و به‌شبه‌شه‌كه‌ی فراكسیۆنه‌ كوردییه‌كانی په‌رله‌مانی عیراق، وله‌ به‌غدا گه‌یشتن به‌مه‌ی ئێستا تیایدان.

- حكومه‌تی هه‌رێم له‌ نه‌بونی ستراتیجێكی یاسایی دا، له‌ بری په‌نابردنه‌ به‌ر شاره‌زایی یاسایی و دادگای باڵای فیدرالی عیراق و هاوپه‌یمانه‌ ستراتیجییه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كانی، ده‌ستی دایه‌ چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌ عیراقییه‌كان، وئه‌مه‌ش ئه‌نجامه‌كه‌یه‌تی كه‌ ئه‌بینرێت.

-تاكه‌ چاره‌سه‌ر بۆ ئه‌م دۆخه‌، گرتنه‌به‌ری ڕێگا و ڕێكاره‌ یاسایی و ده‌ستووریه‌كانه‌، ودووركه‌وتنه‌وه‌یه‌ له‌م بێ سه‌روبه‌رییه‌ یاسایی و سیاسییه‌، به‌ جیاكردنه‌وه‌ی دۆسێی بودجه‌ی عیراق له‌ دۆسێی نه‌وتی هه‌رێم به‌ مه‌رجێك هه‌رێم ئاماده‌یی خۆی نیشان بدات به‌ ڕاده‌ستكردنی دۆسێی نه‌وت به‌رامبه‌ر جێبه‌جێكردنی (یاسای كۆمپانیای نیشتمانی نه‌وتی عیراق)، تا ئه‌و كاته‌ش، گۆڕانكاری له‌ سیاسه‌تی نه‌وتی هه‌رێمدا ڕابگه‌ێنێت و چیتر (نه‌وت وغاز) وه‌ك كاڵایه‌كی خۆماڵی نه‌ناسێنرێت، با دادگای باڵای فیدرالی  ویستگه‌یه‌كی سه‌ره‌كی بێت له‌م هه‌نگاوه‌دا.

- با حكومه‌تی هه‌رێم خۆی بخاته‌ ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی كۆی ئه‌و لایه‌نانه‌ی (به‌ بێ ده‌نگی وبه‌ كردار) دژی یاسای كۆمپانیای نیشتمانی نه‌وتی عیراقن ، وئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی به‌ فه‌رمی ڕابگه‌ێنێت. 

- ئه‌بێت حكومه‌تی هه‌رێم ئه‌و ڕاستییه‌ بزانێت، ئێستا بێت یان ساڵانێكی تر (یاسای كۆمپانیای نیشتمانی نه‌وتی عیراق) جێبه‌جێئه‌كرێت، باشتر وایه‌ ده‌ستپێشخه‌ر بێت له‌و بواره‌دا.
  
هه‌مومان ئه‌زانین، دواكه‌وتن ودواخستنی بودجه‌ی عیراق چ دۆخێكی یۆ ژیانی هاوڵاتیانی هه‌رێم دروستكردووه‌، با حكومه‌تی هه‌رێم كار له‌سه‌ر جیاكردنه‌وه‌ی پرسی بودجه‌ له‌ دۆسێی نه‌وتی هه‌رێم بكات، ئه‌و  دۆسێیه‌ی ژیانی ڕۆژانه‌ی دانیشتوانی ئه‌م هه‌رێمه‌ی خستۆته‌ دۆزه‌خی بێ كاری و نه‌بوونی و دڵه‌ڕاوكێ.

له‌ پێناوی ژیانی ئێستا وداهاتووی هاوڵاتیاندا، له‌ پێناوی پاراستنی ئابڕووی حوكمڕانی كوردیدا، داواكارم حكومه‌تی هه‌رێم ، ئاماده‌یی خۆی بۆ ڕاده‌ستكردنی دۆسێی نه‌وتی هه‌رێم، به‌ یاسا، ڕابگه‌ێنێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group