ئایا عیراق سەركەوتنی بەسەر تیرۆردا بەدەستهێناوە؟

محەمەد فاتیح

10/12/2018

حەیدەر عەبادی سەركردەی گشتی پێشوی هێزە چەكدارەكانی عیراق لە رۆژی 10 یۆلیۆی 2017 لە ناوەندی ئۆپراسیۆنەكانی دەزگای دژە تیرۆر لە شاری موسڵەوە بەیاننامەی سەركەوتن و رزگاركردنی شاری موسڵی لە چەكدارەكانی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)ی تیرۆریست راگەیاند و لە وتەیەكیدا كە تەلەفزیۆنی ئەلعیراقییە پەخشی كرد وتی "سەركەوتن لە موسڵ بە پلان و دەست و بازووی عیراقییەكان بووە و مافی عیراقیەكانیشە شانازی بەم دەسكەوتەوە بكەن". هەر ئەمڕۆش لە عیراق یادی یەكەم ساڵەی راگەیاندنی سەركەوتنی كۆتایی بوو بەسەر داعشدا و عادل عەبدولمەهدی سەركردەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراقیش لە وتەیەكیدا رایگەیاند، ئەو سەركەوتنە یەكجارەكیەیی ئەو بەنیازێتی، خۆی لە بەدیهێنانی خۆشگوزەرانی بۆ گەلی عیراق و لەناوبردنی گەندەڵی دەبینێتەوە.
ئەمەش لە كاتێكدایە رۆژنامەی واشنتۆن پۆستی ئەمریكی رایگەیاندبوو، رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی داعش بەنیازە لەماوەی كەمتر لە ساڵێكدا بگەڕێتەوە بۆ عیراق و ژمارەیەكی زۆر كردەوەی تیرۆریستی تێدا ئەنجام بدات. ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، ئەو رێكخراوە تیرۆریستییە كۆتایی نەهاتووە لە عیراقدا.
پرسیارەكەمان لێرەدا ئەوەیە: ئایا عیراق سەركەوتنی بەسەر تیرۆردا بەدەستهێناوە؟ ئایا خوێنی هاووڵاتی عیراقی بەو رادەیە بێ نرخ بووە كاتێك شانە نوستوەكانی دەوڵەتی ئیسلامی داعش ژمارەیەك هاووڵاتی عیراقی بكوژن (كە ماوە بەماوە لە دوای راگەیاندنی سەركەوتن بەسەر داعشدا ئەم كارە روودەدات) هیچ گرنگییەكی پێنەدەین و ناو لەو كارە قێزەوەنانە بنێین هەوڵە بێهودەكانی داعش و ئەمجۆرە ناوو نازناوانە؟ 
ئایا هاووڵاتی عیراقی بە ئارامی ئاسایش و ئەمنی و بەبێ ترس و دڵەڕاوەكی ژیانیان بەسەردەبەن و كردەوەكانی تیرۆر و كوشتن كۆتاییان پێهاتووە؟ ئەی لەماوەی رابردوودا شارەكانی عیراق لە سەرووی هەمویانەوە بەغدای پایتەخت دەیان كردەوەی تیرۆر و كوشتنی بەخۆیەوە نەبینیوە؟ كە قێزەونترینیان تیرۆركردنی چالاكوانەكان بووە لە رۆژی روناكدا!.
ئایا عیراق لە بیروڕا و بیرۆكەی تیرۆریستی رزگاری بووە؟ ئایا عیراق توانیوێتی زاڵت بێت بەسەر بیروڕا و بیرۆكەی تیرۆریستی و لەگەڵ پرۆسەی دیموكراسی و ئازادی و مرۆڤایەتیدا خۆی بگونجێنێت؟ یان تاكو ئێستاش هەر بیرۆكە باوە كۆنەكان لە عیراقدا نمونەی باڵای ئەو وڵاتەن؟.
سەركەوتن بەسەر تیرۆردا لەبەرەكانی شەڕدا بە هەوڵ و ماندوبون و خوێنی هێزەكانی پێشمەرگە و هێزەكانی عیراق لە هەموو نەتەوەكان كە بەشداریان لەو شەڕە پیرۆزەدا كردووە، بەدەستهاتوە، كەچی حەیدەر عەبادی سەركردەی گشتی پێشوی هێزە چەكدارەكانی عیراق بەهیچ جۆرێك باسی رۆڵی پێشمەرگەی نەكرد لە رزگاركردنی خاكی عیراق لە چنگی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی داعش، لەكاتێكدا عادل عەبدولمەهدی سەركردەی گشتی هێزە چەكدارەكانی ئێستای عیراق لە وتەكەیدا كە ئەمڕۆ پێشكەشی كرد، باسی رۆڵی پێشمەرگەی كرد لەو شەڕەدا، پرسیار لێرەدا ئەوەیە: ئایا تاكو ئێستاش تایەفەگەرایەتی و نەتەوەچێتی زاڵە بەسەر  سەركردەكانی عیراقدا؟.
سڵاو لە هێزەكانی پێشمەرگە و هێزەكانی عیراق و هەموو ئەو هێزانەی لە هەرچ نەتەوەیەكن بەشداریان لە جەنگی پیرۆزی دژ بە تیرۆر و پاككردنەوەی خاكی عیراق لە داعش كردوە، سڵاو لە هێزی پێشمەرگە كە خۆیان خۆبەخت دەكەن لەپێناو پاراستنی هەرێم و گەلی كوردستان، سڵاو  لە هەموو ئەو هێزانەی دژبە تیرۆر دەجەنگن و خۆیان خۆبەخت دەكەن لەپێناو پاراستنی گەلی عیراق.
نامەی منیش بۆ سەركردە و دەسەڵاتدارەكانمان لە هەرێمی كوردستان و عیراق ئەوەیە: ئێمە دەمێكە خەو بە خەونی جوانەوە دەبینین، بەڵام بەبەرچاوی ئێوەوە زۆربەیان كوژران و تیرۆركران، ئیتر نازانین ئایا بەبەشداری ئێوە بووە یان نا؟! بەشێكی بچوك لە خەونە جوانەكانمان ماون، تكاتان لێدەكەم ئەگەر ناتوانن بۆمانی بەدیبهێنن، هیچ نەبێت لێمانی تێكمەدەن و سەرمان لێ مەشێوێنن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group