نێچیرڤان بارزانی لەبەردەم ئەگەرێكی كراوەدا

كارزان سەباح هەورامی

11/02/2019

سەردانی ئەم دواییەی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا كتوپڕ نەبوو، بڕیاربوو پێشووتر سەردانی سەرۆك وەزیرانی عیراقی كردبایە، بەڵام (دوو) رووداو هاتنە پێشەوە، دەبوو نێچیرڤان بارزانی هاوكێشەكەی راست بكردبایەتەوە، لەسەرچاوەیەكی باڵای پارتییەوە زانیومە كە نێچیرڤان بارزانی هەوڵی یەكەمی: بەلارێدابردنی بودجەی گشتی عیراقی راستكردەوە، كە هەوڵێك هەبوو بۆ ئەوەی لەبەغداوە ئاستەنگ لەبەردەم پرۆژە بودجەی عیراق دروست بكرێت ئەویش لێدان بوو لە پشكی كوردستان و سەپاندنی چوار مەرج بوو، زانیاری تەواو هەبوو كە فشار لەسەر عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عیراق هەبوو، لەبارەی پرسی بودجەوە، هەڵبەتە لەم هەوڵەدا گومان لە حەیدەر عەبادی هەبوو كە ئێستا بوەتە سەرمەشقی ئەو ئاراستەیەی عیراق بگەڕێنێتەوە بۆ هەشتاكانی سەدەی رابردو و سەرپەرشتی رەوتێك دەكات تەواو پێچەوانەی ئەو رەوتەیە كە عادل عەبدولمەهدی رۆڵی تێدا دەبینێت و دەیەوێت لەگەڵ هەرێمی كوردستان رێككەوێت. هەوڵی دووەم: ئاراستەیەك هەبوو بۆ ئەوەی پرسی (رێككەوتنی پێشمەرگە و سوپای عیراق) بۆ كەركوك دوابخرێت، ئەو هەماهەنگییەی لەنێوان هەولێر و بەغدا هەبوو لەسەر پرسی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ كەركوك بەئاراستەیەكی دیكە بڕوات، ئەمەش لەسەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا چارەسەر كرا.
هەڵبەتە دوای سەردانەكە رێككەوتنێك لەنێوان هەولێر و بەغدا كرا بۆ ئەوەی دوو لیژنە دروست بكرێت، (لیژنەیەك بۆ هەماهەنگی پێشمەرگە و سوپای عیراق و لیژنەیەكی دیكە بۆ پرسی بودجە كە د.فوئاد حسێن وەزیری دارایی عیراق) سەرپەرشتی دەكات، ئەگەرێكی بەهێز هەبوو كە نێچیرڤان بارزانی ئەو سەردانەی نەكردبایە هەردوو پرسەكە بەلارێدا ببرابایە.
بۆ داهاتووش نێچیرڤان بارزانی وەك سەرۆكی هەرێم، هەموو ئەگەرێك لەبەردەمی كراوە دەبێت كە دەبێت بە هاوبەشی لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی، رێگا لەو هەوڵانە بگرن كە دەیانەوێت عیراق و كوردستان بگەڕێنێتەوە بۆ 16ی ئۆكتۆبەر، رەنگ بێت هیچ حزبێك بەقەد پارتی دەستی بە سیاسەتی ژێر بەژێر لەگەڵ بەغدا نەسوتابێت، بەتایبەت دوای پێشنیاری بڕینی بەشە بودجەی كوردستان و خستنەوەی دامەزراوەكانی كوردستان بۆ ژێر دەستی بەغدا لەلایەن هەندێك سەركردەی حزبییەوە، بۆیە پارتی زیاتر لە جاران دەیەوێت چاوی لەسەر بەغدا نەبڕێت.
رەنگ بێت لەنێوان هەولێر و بەغدا (كۆمیتەیەك یان لەشێوەی فۆرمێكی دیكە) دروست بكرێت كە ئەم كۆمیتەیە سەرپەرشتی كاری ئیداری و دارایی و سەربازی بكات، رەنگ بێت سەرۆكی كۆمیتەكە نێچیرڤان بارزانی و عادل عەبدولمەهدی بن، كە بەهێزترین ئەگەرە و رەنگە لە داهاتوودا و لەدوای پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، عادل عەبدولمەهدی سەردانی هەرێمی كوردستان بكات و لەوبارەیەوە رێككەوتن بكرێت، هەرچەندە ئێستا لەسەر پرسی كەركوك و بودجە لێكگەیشتنی باش هەیە و لە داهاتوویەكی نزیكدا پێشمەرگە و سوپای عیراق ئیدارەیەكی مەدەنی بۆ كەركوك دیاری دەكەن، بەڵام ئەوەی گرنگە لە سێكتەرەكانی دیكەش رەنگبداتەوە. كاری نێچیرڤان بارزانی لەبەغدا ماوە، رەنگ بێت خواستی (مەهدی) ئەوە بێت لەم قۆناغەدا هەرێمی كوردستان پشتیوانی بێت، چونكە نایەوێت لە هەرێمی كوردستانەوە دژایەتی بكرێت، خۆشی باش لەوە گەیشتووە كە پشتیوانی كوردستان و پارتی وەك حزبی دووەمی جەماوەری لە عیراق بۆ ئەو زۆر گرنگ دەبێت، كاتی خۆی چونكە (عەبادی و مالیكی و ئیبراهیم جەعفەری) كەوتنە دژبەری كوردستانەوە، نەیانتوانی حوكمڕانیەكی باش بكەن.
رەنگ بێت بەشێكی دیكەی نزیكبوونەوەی بەغدا لە كوردستان، پەیوەندی بەهاوكێشە نێودەوڵەتییەكەوە بێت كە دەیانەوێت جارێكی دیكە سیاسەتێكی تازە بۆ عیراق دابڕێژنەوە كە دووربێت لە هەڵەكانی رابردوو، بەتایبەت (وشككردنی سەرچاوەكانی ئێران لە عیراق و هاتنەوەی سوپای ئەمریكا بۆ عیراق و دوورخستنەوەی میلیشیا و حەشد لە سنوورەكانی عیراق و دووبارە هاتنەوەی كوردستان بۆ هاوكێشە سیاسییەكانی عیراق) كە سەرجەمیان ئەوە دەخوازێت سەركردایەتییەكی تازە لە عیراقدا رۆڵی خۆی ببینێت، بۆیە سەرجەم ئەو سەركردانەی ئێستای كوردستان و عیراق لە حكومەتی داهاتووی عیراق رۆڵی دەبینن، دەبێت سەرجەم ئەگەرەكانیان لەبەردەم كراوە بێت كە جارێكی دیكە رەوتێك لە عیراق ئەم پێكەوەییە لەناو نەبات، چونكە ئەوەی ئێستا باجی داوە لە سیاسەتی رابردووی عیراق بەرانبەر بە كوردستان، خەڵكی كوردستان بووە، بۆیە گرنگە هەردوولا بگەڕێنەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ و دیالۆگی نیشتمانی بەڕێوەبچێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group