ئەم وڵاتە بە چەپڵە وێران بو!

سەردەشت حەمەساڵح

19/02/2019

دەبێ چەپڵە بۆ چەپۆك بگۆڕین و پشتگیری دروستكردنی هەیئەیەكی دادی بكەین.
مەترسییەكە لەوەدایە توندڕەوییەكی زۆر لەناخی خەڵكا روێنراوە، كێشەش ئەوەیە خەڵكی ئاشتیخواز كەمە، ئەو خەڵكەش سەرو دەبەیەك بەنزینیان بۆ هەر ئاگرێك بەدەستەوەیە، كە ئەوەش هۆكاری خۆی هەیە، هەر رودانێكی سیاسی و ئایینی و كۆمەڵایەتی كە دێتە پێشەوە، ئەوە بە رونی دەردەكەوێ.
خەڵكانێك هەن دەخوازن ئەم حزبانە بەرببنە یەك و یەكتر لەناو بەرن و بەڵكو دوای ئەوە ژیان بگۆڕدرێ! كە ئەمانە ئەو خەڵكەن باوەڕیان بە چاكسازی نەماوەو كەمتەرخەمی و لێنەپرسینەوەو زیادبونی گەندەڵی وای لێكردون تۆزقاڵێك ئینتیمایان نەمێنێ.
بەشێكی تری خەڵك ئەوانەن كە لایەنی حزبێكیان گرتوە بەباش و خراپ بەرگری لەحزبەكەیان دەكەن و لە رودانە سیاسییەكاندا هەوڵدەدەن خەڵك بەعەقڵی حزبییان لە مەنگەنە بدەن، ئیدی راست بن یان نا!
مایەی دڵخۆشییە بەهۆی نمایشی ئەم چەند ساڵەی حزبەكانەوە خەڵكانێك دروست بون بێلایەنن و حەوسەڵەی بینین و گوێگرتنیان لەمانە نەماوە، ئەوە ئەو خەڵكانەن كە بەشداری هەڵبژاردنیش ناكەن.
هەتا چەپڵەلێدەر هەبن بۆ ئەم بازرگانە حزبیانە، ئەوا ئومێد بە چاكبونی ئەم وەزعە لە مێشكی خۆت دەربكە. ئاخر خەڵكانێك هەن بەباش و خراپ چەپڵە لێدەدەن! یەكێتی یەت چەپڵە لێدەدەن، پارتی یەت چەپڵە لێدەدەن، گۆڕان یەت چەپڵە لێدەدەن، كێی تریش بێ هەروان، لەكاتێكدا پێویستە ئەم چەپڵانە بگۆڕین بۆ چەپۆك، دەبێ روبەڕوی هەموو نادادیەك ببینەوە.
چارەسەر ئەوەیە فشار دروست بكەین بۆ دروستبونی هەیئەیەكی دادی، كە چەند حاكمێكی ئازاو بێلایەن بەڕێوەی ببەن و ئەو خەڵك و وڵاتە لە گەندەڵەكان پاك بكەنەوە و دادگەری سەرهەڵبات! قورسە و زۆریش قورسە ئەوە بكرێ، بەڵام هەردەبێ بكرێ. بەدەر لە بونی دادوەری ئازاو بێلایەن و بڕیاری سزا و یاسا، هەر رێگەیەكی تر هەڵەیە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group