فوو لە چرای راپەڕین مەكەن و ناشرینی مەكەن

محەمەد فاتیح

05/03/2019

ئەمڕۆ یادی راپەڕینی گەلی كوردە، كە لەشاری رانیەوە دەستیپێكرد و دواتر هەموو شارو شارۆچكەكانی كوردستانی گرتەوە و لە دەستی رەش و چەپەڵی حزبی بەعس رزگاركراین.
هەمو هیوای گەلی كورد ئەوە بوو، كۆتایی بە نەهامەتی و ناڕەحەتی سەر ئەو گەلە بهێنرێت، كە چەندەها ساڵە دەناڵێنین و مافە رەواكانمان و مافی چارەنوسمان  نەهاتۆتەدی.
راپەڕین چرای هیوای تاریكی هەموو ماڵە كوردەكان بوو.. تكایە فووی لێ مەكەن و مەیكوژێننەوە.
راپەڕین حەز و ئارەزوی هەموو كوردە ستەملێكراوەكان بوو، تكایە ناشرینی مەكەن.
راپەڕین جوانترین و پیرۆزترین دیاری بوو بۆ گەلی كورد، تكایە بە بەرز و پیرۆزی رایگرن و لەبەرچاومانی مەخەن.
راپەڕین؛ هیوا بوو.. جوانی بوو.. تەقەكانی لە دەنگی سیمفۆنیا خۆشتربوو.. گوللـەكانی لەگوڵی بەهار جوانتربوون.. دیمەنی پێشمەرگە هەژار و رەش و روتەكانی لە دیمەنی كۆشك و تەلار و پۆشاكە نایابەكانی ئێستای بەرپرسەكانمان بە بەهاتر بوو.. دووكەڵ و بارودەكەی لە وێنەكانی ڤان كوخ و پابلۆ پیكاسۆ جوانتربون.. دە لێمانی مەشێوێنن.
راپەڕین هێندە مەزن بوو، بە خۆشحاڵی و ئاسودەییەوە پێشوازیمان لێكرد و لەپێناویدا باوەشمان بۆ مەرگ دەكردەوە.. دە وامان لێمەكەن ئاوات بۆ ئەو مەرگە بخوازین نەوەك ژیان لە سایەی ئەم حوكمڕانیەدا.
بەپێویستی دەزانم بەسەرهاتێكی خۆم و كوڕە بچوكەكەم بگێڕمەوە و وەكو وانەیەك باسی بكەم:
"رۆژێكیان منداڵەكانم داوایان كرد بۆ نیوەڕۆ مریشك بكڕین و لێی بنێین.. منیش لێم تێكچو لەجیاتی تەلەفۆن بۆ كاك بەختیاری مریشكفرۆش بكەم، تەلەفۆنم بۆ كاك بەختیاری نەوت فرۆش كرد، بەڵام زۆرم پێخۆش بوو كە وەڵامی نەدامەوە، چونكە نەمئەزانی چی پێبڵێم.. دواتر لەگەڵ كاك بەختیاری مریشكفرۆش قسەم كرد و مریشكەكەی بۆ هێناین.. پاش نیو كاتژمێر كاك بەختیاری نەوت فرۆش پەیوەندی پێوەكردمەوە، دامابووم نەمدەزانی بڵێم چی، منیش تەلەفونەكەم لێ هەڵگرت و وتم: كاك بەختیار خەجاڵەتم ئەوە تەلەفۆنەكە بە دەستی منداڵەكانمەوە بوو، نەیانزانیوە تەلەفۆنیان بۆ كردوی، ئەویش وتی زۆر ئاساییە، وتومە نەوەكو پێویستت بە نەوت بێت..كە تەلەفۆنەكەم داخستەوە، كوڕە بچوكەكەم كە تەمەنی 7 ساڵانە وتی: باوكە خۆ تۆ بەردەوام بە ئێمە دەڵێیت درۆ مەكەن! مرۆڤ بە ڕاستگۆییەوە جوانە، كەچی ئێستا خۆت درۆت لەگەڵ ئەو نەوت فرۆشە كرد و راستت نەكرد لەگەڵیدا".
ئەم قسەیە ویژدانی هەژاندم و وای لێم كرد بەخۆمدا بچمەوە و هەتاكو لەژیاندا بم وەكو وانەیەك لە مێشك و ویژدانمدا دەمێنێتەوە.
دە ئێوەش خۆ سەركردەی ئێمەن و لە جێی باوكمانن.. تكایە بەس درۆمان لەگەڵ بكەن.. هەر هیچ نەبێت كە درۆشتان كرد بە ویژدانی خۆتاندا بچنەوە و تۆزێ بەزەییتان بە رۆڵەكانی خۆتاندا بێتەوە.. ئەگەر ناشتوانن، ئەو خۆشگوزەرانییەی خۆتان و ماڵ و منداڵەكانتانمان بۆ بەدیبهێنن، هەر هیچ نەبێت فوو لە چرای راپەڕین مەكن و ناشرینی مەكەن و ئەو جوانیە مەشێوێنن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group