كاتێك گەل دیكتاتۆر بەرهەمدەهێنێت!

عەلی فەتحی

30/03/2019

سیستەمی دەسەڵاتی سیاسی هەر وڵات و ناوچەیەك ڕاستەوخۆ ڕەنگدانەوەی ژیرمەندی و ئاستی ڕۆشنبیری و هۆشیاری ئەو گەل و میللـەتەیە. كاتێك گەل و میللەت هۆشیار و ئازاد و ڕەخنەگربوو، بێ گومان دەسەڵات و فەرمانڕەوایەتیەكی خزمەتگوزار و پێشكەوتووی دەبێت، بەپێچەوانەوە، گەلێكی دواكەوتو و بێ دەنگ، فەرمانڕەوایەتیەكی دواكەوتو و خۆسەپێنی دەبێت، كە ویست و ئامانجی تەنها مانەوەیە لە دەسەڵات و بازرگانیكردنە بە ماف و ژیانی خەڵكییەوە. كاتێك گەل و میللـەت چەپڵەبارانی سەركردە و كەسایەتیەك دەكات و وێنەیەكی زهنی ناڕاستی غاندیانە و ماندێلایانە لە هزری خۆیدا دروست دەكات بۆ ئەوان، دەبێت بەهەموو كارو بڕیارێكی ئەو سەركردە و سیاسیانە ڕازی بێت كە بەسەریدا دەسەپێندرێت.
ڕەخنەی زۆرێكیش لە بیرمەندان و خاوەن هزرەكان لەپاڵ ڕەخنەگرتن لە دەسەڵات و سیاسییەكان، ڕەخنە بووە لەو میللەتەی كە بەردەوام ڕەخنە دەگرێت لە سیاسییەكان و گلەیی لە حاڵ و گوزەرانی خۆیی دەكات، بەڵام كاتێك كە سیاسی و سەركردەیەك لە جێگایەك دەبینێت، هەموو هەوڵێكی گەیشتنی تەنها بۆ ئەوەیە كە وێنەیەكی لەگەڵ بگرێت و لە فەیسبوكەكەی بڵاوی بكاتەوە، بەبێ ئەوەی باسی سەرەتایترین پێداویستی و كەموكورتیەكانی خۆی بكات و ڕاستەوخۆ گلەیی بارودۆخی ژیانی خۆی لەلابكات.
زۆرینەی دەسەڵاتدارەكان، بە چەپڵەی  گەلەكانیان بوونەتە دیكتاتۆر  و خۆسەپێن و تاكڕەو، هێندە پیاهەڵدان و سەناو ستایشی میللـەت دەبینێت بەبێ ئەوەی تەنها جارێك ڕەخنەیەكی لێ بگیرێت، وێنەیەكی هێندە ئەفسوناوی و خەیاڵاویی ناڕاست دەبینێت كە لەلای گەلەكەیەوە بۆی دروستكراوە، پێیوایە ئیتر ئەم ماندێلا و غاندی و گیڤارایە بۆ گەلەكەی و كەسێكی دیكە لەم شایستەتر نییە بۆ ئەوەی دەسەڵاتدرابێت و فەرمانڕەوایی بكات.
كاتێك میللەت لە ئەندام پەرلەمان و وەزیر و بەرپرسێكی نەپرسییەوە، لەوەی چی بۆ كراوە و چی بۆ دەكرێت؟ كاتێك میللـەت داوای مافە سادە و سەرەتاییەكانی ژیانی خۆی نەكرد و ڕەخنەی نەگرت و هەر بێ دەنگ بوو، نابێت گلەیی لەكەسانێك بكات كە بە دەنگ و ویستی ئەوان گەیشتونەتە شوێن و بەرپرسیارێتی بەرزو بوونەتە خاوەنی موچەی باش و ژیانێكی شاهانەییان بۆ خۆیان و نەوەكانیان لەسەر حسابی ئەوان دروست كردووە.
لەناخی زۆر خاوەن دەسەڵاتدار و فەرمانڕەوادا، تۆویی دیكتاتۆریی بوونی هەیە، بەڵام ئەوەی ئەم تۆوە دەكاتە دارێكی بەهێز و پتەو و خۆڕاگری دەكات، گوێڕایەڵی و كۆیلایەتكردن و ملڕاوەشاندنی گەلە بۆ هەموو بڕیار و فەرمانێكی ئەو سەركردەیەی كە هەنگاو بەرەو دیكتاتۆری دەنێت، بەبێ ئەوەی ڕەخنەبگرێ و ئازادبێ و فەرمانڕەوا وەك خزمەتكارێكی میللەت ببینێت، نەك  خاوەن وێنایەكی ئەفسانەیی.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group