سەرانەیەكی تری حكومەتی هەرێم!

سۆران قادر

24/01/2021

بەمەبەستی چارەسەری پزیشكی دەبوو سەردانی وڵاتی ئێران بكەم، بۆ ئەم مەبەستە وەك دەزانن كۆمەڵێك ڕێكار هەیە بۆ وەرگرتنی ڤیزا، ئەوەی جێگەی سەرنج بوو، دەبوو تێستی كۆرۆنا بكەم، منیش تێستم هەبوو، كە كۆرۆنام گرتووەو تێم پەڕاندووە، بەڵام وتیان ئەوە ناخوات دەبێت بچیت لە نەخۆشخانەی تاهیر والی بەگ تێستەكە بكەیت، منیش چوومە نەخۆشخانەكە، دەمزانی بە پارەیە، بەڵام لە خەیاڵی خۆمدا وام دانابوو (٣٠٠٠/سێ هەزار)دینارێك بێت، پسوڵەیان بۆ بڕیم، توشی شۆك بووم، كە لەسەری نوسرابوو (٦٠٫٠٠٠/شەست هەزار) دینار، لەوێدا (١٢٠٫٠٠٠/سەدو بیست هەزار)دینارم دا، چونكە برایەكیشم هاوسەفەری دەكردم بۆ ئێران، بە هەر حاڵ لەوێدا تێستەكەمان كرد، ئیتر مەوعیدی سەفەرمان پێدان و نوسراوێكیان بۆ كردین، كردمانە گیرفانمان و ڕۆژی ٢٠٢١/١/١١بەڕێكەوتین بەرەو مەرزی باشماخ، لەوێ داوای نوسراوەكەیان كردو، دامان پێیان، كارمەندی پشكنینی پاسپۆرت، سەیرێكی كردوو، مۆری ڕۆیشتنی لە پاسپۆرتەكانماندا، لە مێشكی خۆمدا وامدانابوو ئێرانیش هەمان ڕێكار دەگرێتە بەر، دیسان دەبێت لەوێش هەمان تێستی كۆرۆنا بكەم، پاسپۆرتەكەم دا بە كارمەندی پشكنینی پاسپۆرت لە بەشی ئێران، مۆری چونە ناو ئێرانی كرد، بێ داواكردنی تێستی كۆرۆنا، ئیتر زیاتر تێگەیشتم ئەو پارەیەی دام لە حەقی تێستی كۆرۆنا لە هەرێم، لە سەرانەیەك زیاتر هیچی تر نەبوو.
گەیشینە خاكی وڵاتی ئێران و دوای هەشت ڕۆژ لە وەرگرتنی چارەسەری پێویست، سوپاس بۆ خوا بە سحەتێكی باشتر بەرەو باشماخ گەڕامەوە، لە بەشی ئێران، مۆری ڕۆیشتن درا لە پاسپۆرتەكانمان، لەگەڵ دەرچون لە ڕاڕەوی بەشی ئێران وگەیشتن بە ڕاڕەوی خاكی هەرێم، كابینەیەك دانرابوو، هەمووی بە پۆستەری بابەتی خۆپارێزی لە كۆرۆنا داپۆشرابوو، من ئەو كابینەیە بە بازگەیەكی ڕاوو ڕووتی سەردەمی گرانیەكە هاتەبەرچاوم، لە گرانیەكە خەڵك بازگەی دادەنا، بە زەبری چەك شتی لە خەڵكی ڕێبوار دەساند، وتیان دەبێت لێرە پشكنینی كۆرۆنا بكەن، هەمان نوسراوەكەی ڕۆژی تێستی كۆرۆناكەی نەخۆشخانەی تاهیر والی بەگم نیشان دان، وتم ئەوەتە كاتێك چووم بۆ ئێران فەحسم كردووە، ووتیان ئەوە ناخوات تۆ لەو دیو بوویت بەركەوتن هەبووە لەگەڵ خەڵكی دەبێت دووبارە لێرە تێستی كۆرۆنا بكەیتەوە، دوای مشتومڕ ملمان دایەوە بۆ تێستێكی تر، دووبارە پسوڵەیەكی (٦٠٫٠٠٠/شەست هەزار) دیناریان بۆ بڕینەوە، هەروەها بینیم بەڵێننامەیەكیشیان بۆ پڕكردمەوە، بێ ئەوەی بیدەنە دەستت وبیخوێنیتەوە، نازانم خۆیان واژووی دەكەن یان نا، چومە لای كارمەندی تێستەكە، نكۆڵیم كرد كە بە لووت بیكەم، ووتی بە دەم بۆت دەكەم، خۆی لەڕاستیدا بە لووت ئەو تێستە دەكرێت، كردم و داوای ئەنجامەكەیم كردەوە، وتیان پێویست ناكات، ووتم شتی وا چۆن دەبێت؟ مەگەر ئەم تێستە بۆ دڵنیابوون نیە لەوەی ئایا من هەڵگری كۆرۆنام یان نا؟ من ئێستا دەڕۆمەوە تێكەڵ دەبم لەگەڵ خەڵكی، ئەگەر هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنابم، خەڵكی تر لێمەوە توش دەبێت، ووتم ئێوە ئەو فەحسە دەكەن تا دڵنیابن من هەڵگرنیم، ئێستا ئێوە ئەنجامەكەی نازانن، چۆن ڕێگە دەدەن من بڕۆمەوە خاكی هەرێم؟ هەر چۆنێك بێت بەڕێیان كردین.
لە كۆتاییدا بە خۆم وبراكەم (٢٤٠٫٠٠٠/ دوو سەدو چل هەزار) دینارمان دا، كە ڕۆیشین بۆ ئێران دڵنیابووین كە هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنا نەبووین، بەڵام كە گەڕاینەوە نازانین هەڵگرین یان نا؟.
ئەوەی بۆم دەركەوت ئەو ستافەی لە هەردوو سەر تێستەكەت بۆ دەكەن، ئەو كارمەندانەی پشكنینی پاسپۆرتەكەت دەكەن، خۆم و هەموو خەڵك ناڕازین، بەڵام بۆ قسەناكەین؟ بۆ ملمان بۆ هەموو بڕیارێكی حكومەت كەچ كردووە؟ بۆ دەستمان بە كڵاوەكەمانەوە گرتووە با نەیبات؟
هەمووشمان دڵنیاین باجی بێ دەنگی خۆمان دەدەین.
ئێستا دەپرسم ئایا ئەم تێستە پەرۆشی حكومەتە بۆ هاوڵاتیانی خۆی، یان لێسەندنی باجە لە هاوڵاتی؟ ئەم پرسیارە بۆ ئێوەی خوێنەر جێدەهێڵم.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group