هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان؟

تەها سلێمان

16/09/2018

تێدەگەم لەوەی هەڵبژاردن بۆ هەر جومگەیەك لەجومگەكانی كۆمەڵگا، بەپێی چەمك و واتاوو پنتەیاساییە پێدراوەكان، یەكێكە لەمافە دیموكراسییەكان و هیچ كۆمەڵگایەكیش بەبێ مومارەسەكردنی ئەم مافە، ناتوانێ ببێتە بەشێك لەپێشكەوتنی كۆمەڵگای مرۆڤایەتی.
لەباشووری كوردستان، لەساڵی 1992 بەدواوە، چەندساڵێكی شەڕی ناوخۆی لێبەدەربێ، ئەم كارو مافە ئەنجام دراوەو پیادەكراوە، لەسەرسێ ئاست (پەرلەمانی كوردستان، ئەنجوومەنی پارێزگاكان) و یەك جاریش بۆ ئەنجوومەنی شارەوانیەكان.
ئەگەر بێت و بەسیاسەتی ڕەش و سپی هەڵاووێرد نەكەین و جیا لەلایەنە نەرێنیەكان، لایەنی ئەرێنی وەربگرین، دەبێ دان بەوەدا بنێین كە بەلایەنی كەم بەردەوامبوونی پرۆسەی هەڵبژاردن، جۆرێك لەهۆشیاری گشتی و هاوكات تایبەتیشی درووست كردوە یان هێناوەتە ئارا.
ڕەنگە كەسێك ئەو بۆچوونە ببینێ یان بخوێنێتەوە بەسەرچیخی لەقەڵەم بداو بێژێ وانیەو هەڵبژاردن لەباشووری كوردستان نەمانای هەبوەو نەماناشی دەبێ، كەم بۆچوونە لەلایەن دوو ئاراستەی بیركردنەوەی جیاواز دەبیندرێ، یەكەمیان لەبنەڕەتەوە باوەڕی بەململانێی دیموكراسیانە نیەو گەر بۆی بگونجێ لەماوەی بیست و چوار كاتژمێرا كودێتا بەرپادەكات و دووەمیشان دەچێتە ناوململانێی هەڵبژاردن، بەڵام كە ئەنجامەكان بەپێی خواست و ڕمڵ لێدانەكانی پێش وەختی ئەو نابن، ئیتر ڕەش و سپی تێكەڵ دەكات و تەڕو وشك پێكەوە دەسووتێنێ.
بەندە وەك ئەزموونی سەروكارو بەشداری پرۆسەو بانگەشەكانی زۆرترینی هەڵبژاردنەكانی كوردستان، چ پەرلەمان و چ ئەنجوومەنی پارێزگاكان و چ ئەنجوومەنی شارەوانیەكان، كەزۆرجار ڕۆڵی بەرپرسیارێتی شاروشارۆچكەیەك زیاترم لەئەستۆبووە، دەمەوێ بیسەلمێنم و ئەوەش پشت ڕاست بكەمەوە، كەكێشەی هەرە گەورەی ئەو لیست و قەوارانەی بەشداری لەپرۆسەی هەڵبژاردنەكان دەكەن خۆیان ناناسن، یان ڕاستر ئەوەیە بێژین نایانەوێ خۆیان بناسن و پێش ئەنجام بەڵێن و زانیاری سەیرو عەنتیكە بەدوو شێوە دەنێرن، یەكەمیان بنكەكانی خوارەوە بەسەرەوە ئێژن وادەكەین و ئەوەندە دەنگ تێرین و دووەمیشیان سەركردەكانی سەرەوە لەبەردەم كۆڕو كۆبوونەوە جەماوەرییەكانیانا ئەنجامی وا دەخەمڵێنن و دەوەشێنن، كە دوورە لەلۆژیك و قەبارەو قورسایی و كاریگەری خۆیان؟
كاتێك ئەنجامەكان ڕادەگەیەنرێن، هەموو هێزو لایەن و حزب و قەوارەكان دەزانن ئەوەی ڕاگەیەنراوە، هێزو ڕێژەی ڕاستەقینەی خۆیانە، كەچی لەجیاتی ئەوەی ئازایەتی و پڕكێشی بەخۆداچوونەوە بكەن و عەیب و عارەكانیان دەست نیشان بكەن، دەكەونە پرتەو بۆڵەو دیسانەوە ڕاستیەكە لە خەڵكە سادەو ساكارەكانیان دەشارنەوەو زوو قەناعەتیان پێ تێرن، كە ناهەقی و دزی و گزی و فزییان لێكراوە؟
من تەمەنام دەكرد، بۆ یەك جار تێكڕای حزب و لیست و قەوارەكانی بەشدار لەهەڵبژاردنەكان، دوای هەڵبژاردن یەك كۆبوونەوەیان بكردایەو بێ سانسۆرو ئاگاداری پێش وەخت، كۆبوونەوەكەیان بۆ خەڵك پەخش بكردایە، بۆ ئەوەی خەڵك بیزانایە، چەنێك عەیب لەتەزویرو گزی و فزی دەنگدایە، دوو بارتەقاو زیاتریش، عەیب لەخۆیاندایەو ناوێرن بێژنی و بۆ خەڵكی باس بكەن؟
زۆرنیەو هەمووی چەند مانگێكە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كرا، كۆمەڵێك حزب و لایەن و قەوارە مێشكی خەڵكیان دیواوو دەركرد، ئەوەنە وتیان (دەنگ دز، كوا دەنگەكەم، تەزویرچی، ساختەچی، دزی و گزی و فزی)، باشە ئەگەر وایە بۆ نەهاتن یەك یەك بەڵگەكان بڵاوبكەنەوەو شار بەشار، شارۆچكە بەشارۆچكە، ماڵ بەماڵ، تاك بەتاك، ڕاستێنەی ئەو هەموو شتانەی وتتان بۆیان ڕوون بكەنەوەو هەرچی لەبنی بەڕەكەبوو بتانخستایەتە سەری بەڕە، خۆ مەعلوومە هیچ لەوە تاڵترو سوێرتر نەبوو، ئێوە دۆڕان؟ ئەی كەواتە چی لەدۆڕان سەختربوو، كەدواجار نقەتان لێوە نەهات و دیسانەوە بڕیارتاندا بەشداری لەهەڵبژاردنێكی تربكەن، كە بەندە بەش بەحاڵی خۆم هەر ئەنجامی ئەوەی پێشووتان لێچاوەڕوان دەكەم بەشتێكی زۆر كەم زیاد یان كەمتر لەوەی پێشوو، كە بەدەستتان هێنا؟

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group