كۆدی قۆناغێكی تازە: پێكدادانی كورد – ئێران!

زریان رۆژهەڵاتی

18/09/2018

دوای زیاتر لە دوو دەیە، گۆمە مەنگەكەی مەیدانی سیاسی رۆژهەڵاتی كوردستان بەرەو شڵەقان دەچێت. رەنگە پێكدادانی كورد - ئێران كۆدی ئەو قۆناغە تازەیە بێت كە بۆ تاران و ناوچەكە دەستیپێكردووە.
ئێستا ئیتر پێویست ناكات شارەزاییەكی زۆرت هەبێت هەتا بزانی گۆڕانێك لە ئێران بەڕێوەیە. گوشاری دەرەكی، كێشەی ناوخۆیی و دۆخی نالەباری ئابووری و ناكۆكیی بەرپرسانی دەوڵەت، رێگایان بۆ رووخانی یەكێتی سۆڤییەت كردەوە. لە ئێرانیش ئەو سێ فاكتۆرەكە هەیە، بەڵام هێشتا روون نییە كە ئایا تووشی هەمان چارەنووسی یەكێتی سۆڤییەت دەبێت یان نا؟ رەنگە بەرپرسانی تاران لە خولەكی كۆتاییدا رێگای دانوستان لەگەڵ ئەمریكا بگرنەبەر و بەوجۆرەش مانەوەی خۆیان گەرەنتی بكەن یان لە رێگەی روبەڕوبونەوەی زیاتری وەك تەهدیدی بازاڕی نەوت، تێكدانی ئەمنی ناوچە پەراوێزییەكان، تەقەلای مانەوەی زیاتری خۆیان بدەن. ئەگەر لەم دەلاقەیەوە سەیر بكەین، دەتوانین بێژین كە رەنگە پێكدادان لەگەڵ كورد، كۆدی قۆناغێكی تازە بێت چونكە:
ئێرانییەكان بۆ داپۆشینی كێشە ناوخۆییەكان و گلێركردنەوەی ناوەند، پێویستیان بە زەقكردنەوەی پرسی كورد هەیە و دەشێ نەیارانی ئێرانیش وەك فاكتەرێكی گرنگ بۆ لاوازكردنی تاران تەماشای كورد بكەن!
ئێران و پێكدادان لەگەڵ كورد
ئەگەر واز لە مێژووی دوورتر بێنین، لەدوای گشتپرسییەكەی هەرێمی كوردستانەوە ئێرانییەكان بەشێوەیەكی ئاشكرا و زیاتر لەجاران، رێگای بەریەككەوتنیان لەگەڵ كورد لە ناوچەكە گرتەبەر. دەشێ هەندێك فاكتەری وەك ناكۆكیی و ململانێی ئەتنی لەو سیاسەتەی ئێراندا رۆڵیان هەبووبێت، بۆ نموونە حسێن باقری سەرۆك ئەركانی هێزە چەكدارەكانی ئێران، عەلی شەمخانی سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران و حەسەن دانایی فەر كە لە رووخسارە دیارەكانی بەرنگاربوونەوەی گشتپرسیی هەرێمی كوردستان بوون، یان ئازەرین یان عەرەبن كە كێشەی ئەرزی و ناسنامەییان لەگەڵ كورد زیاترە!
لەم قۆناخە تازەیەشدا كە كۆیە مووشەكیاران كرا، هەرئەو كەسانە لە پۆستە گرنگە ئەمنی و سیاسییەكانی ئێراندان. جێی خۆیەتی ئەوەشمان بیركەوێتەوە كە كاتی خۆی حسین باقری یەكێك بوو لە ئەندازیارانی هێرشەكەی ساڵی 1996ی ئێران بۆ سەر كۆیە! حەسەن دانایی فەر باڵیۆزی پێشوی ئێران كە لەگەڵ عەلی شەمخانی بە رەچەڵەك عەرەبن، رۆڵێكی كارای لە دەركردنی موجاهیدنی خەڵق لە عێراق گێڕا و عەلی شەمخانی لە سیاسەتی ئێران بۆ هاتنە پیشەوە لە سنوورەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2014دا، دەوری كاریگەری هەبوو.
بەڵام جگە لەوە، دركی بەرپرسانی تاران لە پرسی مانەوەی رژێمی سیاسی وایكردووە تا لەم قۆناخە تازەیەدا پێكدادان لەگەڵ كورد بە پێویست بزانن. ئەوان سەربەخۆیی گریمانەیی هەرێمی كوردستانیان بە تەهدیدێكی راستەوخۆ لە سەر مانەوەی رژێمی سیاسی ئێران هەژماركرد بۆیە، خۆیان لەگەڵ بەغدا و توركیا یەكانگیركرد هەتا دژی راوەستن. ئێستاش كە ترەمپ لە ئێرانی گیركردووەو لە رێی گەمارۆكانەوە دۆخێكی سەختی بۆ تاران خوڵقاندووە، پێكدادان لەگەڵ كورد سودی بۆ ئێران هەیە چونكە:
لە رێی گەورەكردنەوەی قەبارەی " هەڕەشەی كورد" دەیانەوێت یەكانگیرییەكی گشتی لە ناوەندی ئێران درووستبكەن. لە رێی زەقكردنەوەی ئەو باسانەی كە "ئەوە كوردەكان خەریكن ئێران دابەشدەكەن" دەیانەوێت كێشە ئابووری و سیاسییەكانی دیكە لە بیری خەڵكی ببەنەوە! ئەمە هۆكارێكی گرنگی لە سێدارەدانەكان و ئەو هێرشە مووشەكییانە بوو كە لە رۆژانی رابردوودا كرایە سەركۆیە. ئەگینا حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان جگە لە هەندێ چالاكیی سنوورداری پڕوپاگەندەی چەكداری، بە كردەوە شەڕیان لە دژی ئێران دەستپێنەكردۆتە تا سوپا تینی بۆ بێت و مووشەكبارانیان بكات! جگەلەو پەیامە مووشەكەییەی كە بە نەیارەكانی دا كە ناڕۆكەكەی ئەوە بوو"دەتوانم ئاسایشی ناوچەكە تێكبدەم"، ئێران لە رێی لێدانی كورد و لاوازكردنی و تەنانەت هەوڵدان بۆ دووبارەكردنەوەی سیناریۆی دەركردنی موجاهیدین، دەیەوێت رێ لەوە بگرێت كە كوردەكان بە پاڵپشتی دەرەوە، شەڕیكی چەكداری گریمانەیی دژی ئێران دەستپێبكەنەوە.
هەڵوێستی كورد
بەشێوەیەكی گشتی، چوار ساڵی رابردوو بۆ كورد ساڵی نەهات بوون. لەلایەك دنیا وەك پاڵەوانەكانی جەنگی داعش پەسنی كوردی دەدا و بە پەڕو باڵیدا دەهاتەوە، لەلایەكی دیكەش دەیكردە قۆچی قوربانیی بۆ سیاسەتی نێودەوڵەتی!
كارەساتەكەی كۆیە و لە سێدارەدرانی سێ لاوی كورد، ئەڵقەیەكی دیكەی زنجیرەیەك كارەساتی ناخهەژێنی وەك شەنگال و كەركووك وعەفرین بوون كە لەماوەی چوارساڵی رابردوودا بەسەر گەورەترین نەتەوەی بێدەوڵەتی ئەم ناوچەیەدا بێت.
هەڵبەت مووشەكبارانەكەی كۆیە چەندەی زەربەیەكی گورجكبڕ بێت، مانگرتنە واتادارەكەی خەڵكی رۆژهەڵات و خەمخۆریی و پشتیوانی كورد لە بەشەكانی دیكەی كوردستانیش هەستانەویەكی شكۆمەندانە بوو.
لە شارە گەورەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان وەك سنە و كرماشان (كە ئەمەیان واتادارە) مانگرتن كرا و پێچەوانەی ئەوەی كە گوتاری رەسمی دەوڵەت لە ئێران بانگەشەی" هەڵوەشاوە" بوون بۆ حیزبەكانی رۆژهەڵات دەكات و پێچەوانەی ئەوەی كە هەندێك لە حیزبە كوردستانییەكان، هێزەكانی رۆژهەڵات بە هێزی كلاسیكی بێ جەماوەر ناودەبەن، خەڵك ئەو پەیامەی دا كە هێشتا خاوەنداریی لە حیزبەكان و رۆڵەكانی خۆی دەكات. بێشك ئێرانیش پەنا بۆ سەركوتكردنی ئەو خەڵك دەبات بەڵام، لە ماوەی درێژخایەندا زەحمەتە تەنها بە سەركوتكردن بتوانێت رێ لەو هێزە جەماوەرییە گەورەیە بگرێت. دۆخی خراپی ئابووریش، وەك كاتالیزۆرێك، رۆڵی لە بەرهەمهێنانەوەی ناڕەزاییە سیاسییەكاندا دەبێت و ئەمەش بەستێنكی باش بۆ بووژاندنەوەی جووڵانەوەی سیاسی كورد لە رۆژهەڵات دروستدەكات!
هەڵبەت هێشتا دیارنییە كە ئەحزابی كوردی رۆژهەڵات بە تەمای چین. ئایا دوای هێرشەكەی كۆیە، 1968ێكی دیكە دووبارە دەكەنەوە و قۆناخێكی نوێ دەستپێدەكەن كە ئەمە بە قەڵا و بارەگای جێگیر ناكرێت، یان هاوشێوەی 1996، سەردەمێكی دیكەی بێدەنگیی سیاسی و سەربازی هەڵدەبژێرن؟!

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group