کاتێك چەرچڵ داوای کرد شیعرێکی مەلای جزیری بۆ وەربگێڕن

بەكر شوانی

18/10/2018

کتێبی "بیرەوەرییەکانم"ی نووسەر و ڕۆژنامەنووسی تیرۆرکراوی کورد موسا عەنتەر (1920-1992) لێوانلێوە لە ڕووداوی مێژوویی و سەربووردەی ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتییە کوردەکانی سەدەی بیستەم و هەندێك کەسایەتیی تورك و بیانی کە پەیوەندیان بە کورد و دۆزەکەیەوە هەبووە. یەکێك لەو ڕووداوانە بەسەرهاتی کۆبوونەوەی نێوان سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا ونستن چەرچڵ و سەرۆك کۆماری تورکیا عیسمەت ئینوینووە*. 
موسا عەنتەر ساڵی 1956لە بەیئۆغڵوی ئیستانبوڵ ڕێستۆرانت/کانتینێکی گەورە و بەناوبانگی دەبێت و هەر خۆیشی بەڕێوەی دەبات. ڕۆژێك تەماشا دەکات وا دوو پیاوی بەتەمەن بەرەو رێستۆرانتەکەی ئەم دێن. ئەمیش لە دوورەوە هەردووکیان دەناسێتەوە؛ یەکێکیان پرۆفیسۆر تاهیر تانەرە کە لە کۆلێژی یاسای زانکۆی ئیستانبوڵ مامۆستای موسا عەنتەر بووە و ئەویتریشیان وەزیری پێشووتری دەرەوە نوعمان مەنەمەنجیئۆغڵووە.**
ئەم جووتە هەفتەی چەند جارێك دێن بۆ لای موسا عەنتەر و ئەمیش خزمەتێکی جوانیان دەکات. دوای ئەوەی ڕایەڵەی متمانە لە نێوانیاندا پەیدا دەبێت، ڕۆژێك مەنەمەنجیئۆغڵو ئەم بەسەرهاتە بۆ موسا عەنتەر دەگێڕێتەوە:
هاوینی ساڵی 1943و لە گەرمی شەڕی دووەمی جیهاندا سەرۆکی ئەمریکا ڕۆزڤێلت و سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا چەرچڵ، ئینوینوو و منیان بانگهێشت کرد بۆ قاهیرە بۆ ئەوەی قایلمان بکەن ئێمەش بچینە شەڕەوە. ئینوینوو دڵی پێوە نەبوو تورکیا لە شەڕدا بەشدار بێت. ئەو داوای دەکرد هاوپەیمانان سوپای تورك پڕ چەك بکەن و ئەوسا داوای شەڕی لێ بکەن. بەڵام نە چەرچڵ و نە ڕۆزڤێلت باوەڕیان بە تورك نەبوو، چونکە ترسی ئەوەیان هەبوو دوای پڕ چەککردنمان بچینە پاڵ ئەڵمانیا. کاتێك زانیان ئینوینوو مل نادات، هەردووکیان ویستیان بە پرسی کورد چاوترسێنمان بکەن. چەرچڵ ڕووی لە ئینوینوو کرد و لەپڕ لێی پرسی: "پاشا، تۆ کوردی دەزانیت؟" ئینوینوو سەری لێ شێوا و نەیزانی چی بڵێت. تاوێك چاوەڕێم کرد و ئەو هەر هیچی نەگوت. ئەمجار من هاتمە نێوانەوە و گوتم: "ئەکسیلێنس، ئێمە کوردی نازانین. لای ئێمە کوردی ئاخێو نییە و زمانیكی لەو جۆرەش بوونی نییە." توومەز چەرچڵ حسابی خۆی کردبوو و گرووپێك ڕۆژهەڵاتناس و پسپۆری زمانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی لەگەڵ خۆی هێنابوو. لە یەکێك لەوانەی پرسی: "مستەر، وایە؟ زمانێك نییە بە ناوی زمانی کوردی؟" کابرا دیار بوو پێشتر خۆی ئامادە کردبوو، یەکسەر هەستایە سەرپێ و گوتی: "چۆن شتی وا دەبێت گەورەم! زمانێکی کوردیی خاوەن ئەدەبیاتێکی زۆر دەوڵەمەند هەیە. ئەگەر مەیلتان لێ بێت، دەتوانم شیعرێك لە دیوانی مەلایێ جزیری بخوێنمەوە." ئێمە تا ئەو کاتە ناوی ئەو شاعیرەمان نەبیستبوو. چەرچڵ گوتی: "بیخوێنەوە!" کابرا شیعرێکی خوێندەوە کە ئێمە لێی تێ نەگەیشتین، بەڵام زمانێك بوو نزیك لە فارسی و ئاهەنگ و میلۆدییەکی فرە نایابی هەبوو. کابرا گوتی ئەو شیعرە کوردییە. چەرچڵ گوتی: "ئەو شیعرەمان بۆ بنووسەوە!" کابرا شیعرەکەی لەسەر کاغەزێك نووسی. چەرچڵ گوتی: "وەری بگێڕە سەر ئینگلیزی!" ئەمجار داوای کرد وەربگێڕدرێتە سەر زمانی فەرەنسی و ئەو فەرمانەیشی بەجێ هێندرا. دواجار دەستووری دا شیعرەکە وەرگێڕدرایە سەر زمانی تورکیش. پاشان بە منی گوت: "مسیۆ، تۆش وەرە بڕوانە! با بزانین ئەم تێکستە لە هەریەکێک لەم سێ زمانەدا چەند وشەی بیانی ویستوە؟" دەقە فەرەنسییەکەی شیعرەکەی جزیری، جگە لە وشەی فەرەنسی، هیچ وشەیەکی تری بیانی تێدا نەبوو. لە دەقە ئینگلیزییەکەدا سێ و چوار وشەی بەڕەچەڵەك لاتینی هەبوو. لە شیعرە کوردییەکەشدا چوار-پێنج وشەی عەرەبی هەبوو. بەڵام کاتێك هاتینە سەر دەقە تورکییەکە، جگە لە (در) و (ئیلە)، یەك وشەی تورکی تێدا نەمابوو. هەندێك لە وشەکانی دەقە تورکییەکە فارسی و بڕێکیان عەرەبی و ئەوانی تریشیان لە زمانە ئەوروپایییەکانەوە وەرگیرابوون. چەرچڵ هەر چوار لاپەڕەکەی خستە پێش ئێمەیش و بە ئاماژەیەك کە واتای "ئەرێ ئێوە شەرم لە خۆتان ناکەن!"ی دەگەیاند، گوتی: "فەرموون بەڕێزینە، دەوڵەمەندیی ئەو زمانی کوردییە ببینن کە زمانی زگماکی بەشێکی زۆر لە دانیشتووانی وڵاتەکەتانە و ئێوە نکۆڵی لە هەبوونی دەکەن!" من بە درێژایی سەردەمی مانەوەم لە پۆستی وەزارەتی دەرەوەدا ڕۆژێکی ترم بیر ناکەوێتەوە هێندەی ئەو ڕۆژە تیایدا تەنگاو بووبم....
-------
*عیسمەت ئینوینوو (1884-1973): لە 1923تا 1937سەرۆك وەزیران و لە 1938 تا 1950سەرۆك کۆماری تورکیا بوو.
**نوعمان مەنەمەنجیئۆغڵو (1891-1958): دیپلۆماتێکی ناسراوی تورك بوو، لە 1942تا 1944وەزیری دەرەوە بوو. 

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group