مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت

ئاری محەمەد هەرسین

08/12/2018

لە سەروبەندی وەرگرتنی پۆستی سەرۆكایەتی حكومەت لە كابینەی 7 لە كۆبونەوەیەكی داخراوی سەركردایەتی حزبدا، كاك نێچیرڤان بارزانی لەسەر كابینەی حەوتەم وتی: مۆدێلی كابینەی پێنج بەسەرچوو. بە مانایەكی تر مەبەستی ئەوەبوو بە عەقڵی دوێنێ حوكمی ئەمڕۆ ناكرێت. لەوانەیە رەوانترین نیشانەی تەوازوع و مۆدێرنبوون لە هونەری حوكمڕانیدا، ئەو رستە سادەیەی نێچیرڤان بێت، چونكە ئەگەر كەسێك ئامادەگی بەخۆداچوونەوە و جورئەتی دەستپێكردنی ریفۆرمی نەبێت، ناتوانێت خۆی بكاتە خاوەنی ئەو قسەیە.

بە نزیكی دوو دەیە دەبێت كە نێچیرڤان بارزانی مومارەسەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات. لەو ماوەیەدا نێچیرڤان مۆدێلی حوكمێكی مەدەنی و مۆدێرنی پێشكەشكرد، كە دەڵێین مۆدێرن و مەدەنی، مەبەستمان بەشێوەیەكی نیسبی و بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاستە، نەك سوید و نەروێژ.

ئاشكرایە كە لە هەموو كۆمەڵگەكانی دونیادا بەرپرسان لە سلكی موخابەرات خۆشەویست نین "لەوانیە بتوانین بڵێین ئیسرائیلی لێ دەرچێت". هۆكاری ئەمە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە سروشتی ئیشەكە نهێنییە و لەو دەزگایانەدا جێگای شەفافیەت نابێتەوە، چونكە موخابەراتی شەفاف دەزگایەكی فاشیلە. بەرپرسی موخابەرات نابێت لە مێزگردێكی تەلەفزیۆنیدا دابنیشێت و رازی دڵی خۆی هەڵبڕێژێت.

لە پاش بڵاوبونەوەی ناوی كاك مەسرور وەك كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان، هەندێك كەس دەیانەوێت لە خەڵكی كوردستان بگەیەنن كە ئیتر حوكم لەم هەرێمەدا دەبێتە حوكمی موخابەرات و رەشبگیر دەستپێدەكات، زمانی ئازاد و راستگۆ دەبڕدرێت و بە كورتی هەمومان ئەبین بە جاسوس بەسەر یەكترەوە و راپۆرت لەسەر یەكتر بۆ ئاژانسی پاراستن دەنوسین.

لەوانەیە ئەگەر كاك مەسرور كوڕی كاك مەسعود نەبوایە، تواناكانی زیادتر دەربكەوتایە و نەكەوتایەتە بەر ئەم هێرشە ناڕەوایانەی كە هەندێك كەسی پۆپۆلیست و بێ ویژدان. مەسرور بارزانی شارەزاییەكی باشی لە فەرهەنگی دەوڵەمەندی ئێراندا هەیە، بە حوكمی ئەوەی خوێندنی لە ئەمریكا تەواو كردوە شارەزاییەكی باشیشی لە فەرهەنگی خۆرئاوا و سیستەمی بیركردنەوەی خۆرئاواییەكاندا هەیە. لەسەرێكی ترەوە لەڕوی كۆمەڵایەتیشەوە بە پێچەوانەی ئەو درۆو دەلەسەیەی كە هەندێك بەناو خوێندەوار بۆی هەڵ دەبەستن، گوێگرێكی چاكە و بۆچونی خۆی بەسەر بەرامبەرەكەیدا فەرز ناكات "ئەمانەی باسی لێ دەكەم تەجروبەی شەخسی خۆمە لەگەڵ ئەو برایە و، كەس بۆی نەگێڕاومەتەوە. لەكاتێكدا بەندە بۆ چركە ساتێكیش لە دام و دەزگاكانی ئاژانسی پاراستندا كارم نەكردوە". لەسەروو هەموو ئەمانەشەوە كەسێكی نەتەوەیی و نیشتیمان پارێزە و بە درێژایی شەڕی دژ بە داعش شان بە شانی سەرۆك بارزانی چاودێری میحوەرەكانی پێشمەرگەی كردوە، هەر بۆیەش تفەنگ بە مەسرور بارزانی نانەوە، تەقەكردنە لە تاریكیدا، كە مەبەست لێی نانەوەی ئاژاوەو قوڵتركردنەوەی پەرتەوازەییمانە.

گومان لەوەدا نییە كە ئاژانسی پاراستنیش وەك "سی.ئای.ئەی" و "مۆساد" و دەزگا هەواڵگریەكانی تر كەسانێكی تێدایە كە بۆ خۆدەرخستن چاوترسێنی خەڵكی بەستەزمان و بێ دەسەڵات، دەسەڵاتەكانیان بە خراپ بەكاردەهێنن. ئەم دیاردە ناشرینە لە هەموو دونیا هەیە و بە كەسیش چارەسەر و بنەبڕ ناكرێت، بەڵام دیاردەیەكە، كە هیچ پەیوەندیەكی بە رێنماییەكانی ئاژانسی پاراستنەوە نییە و تەنیا تەعبیر لە شەخسیەتی لاوازی ئەو كەسانە دەكات كە ئەمە هەڵسوكەوتیانە.

دواجار ئەو كەسانەشی كە فرمێسكی تیمساح بۆ كاك نێچیرڤان دەڕێژن، دەبێت ئەو راستیە بزانن كە لە كۆتایی رێگاكەدا، نێچیرڤان پشتی سەرۆكی حكومەت بەرنادات و بە پێچەوانەوە هەموو ئەو باڵەخانانەی ژێرخانی هەرێم كە كاك مەسرور دروستیان دەكات و بەرزیان دەكاتەوە، بەردەوامی ئەو نهۆمانەیە كە كاك نێچیرڤان لە ماوەی حوكمڕانیەكەیدا بەرزی كردۆتەوە. بۆیە باشتروایە چاوەڕوان بین و چاودێری حوكمڕانی كاك مەسرور بكەین و لە كوێدا هەر كەسێكی ئەم هەرێمە سەرنج و رەخنەی لە شێوازی حوكمڕانیەكەی هەبوو، بەدەنگی بەرز پێی بڵێن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group