خەونی ئەردۆغان لە سێ پارچەی كوردستاندا

لاڤه‌ كورده‌

16/12/2018

خەونی ئەردۆغان بۆ سێ پارچەی كوردستان، باشور و باكور و رۆژئاوا دەبێتە راستی بۆی و ئەوەی هەیە لە بەرامبەری تەنها لێدوان و ئیدانەكردنی دوورە دەستە.
سەرەتا لە باكورەوە كە چەندەها ساڵە رێگە بە دروستبونی كورد نادرێت و هەموو مافێكی رەگەزیی لێ سەندراوەتەوە، ئەوەشی تازە هەیە لە ماوەی دوو ساڵی رابردوو بە تایبەتی لە دوای فراوانبونی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە)، توركیا بە ئاشكرا لەمپەر لەبەردەم ئەو پارتە دیموكراتخوازە دادەنێت و تا ئێستا نزیكەی 15 هەزار ئەندامی لێ زیندانی كردوون كە هاوسەرۆكانی گشتی و پەرلەمانتار و سەرۆك شارەوانی و هتد.. تێدایە، سەرەڕای بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپاش كە لە 20ی نۆڤەمبەری ئەمساڵ لە دوای دوو ساڵ دەستبەسەركردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی پێشوی ئەو پارتە، كە لە 4-11-2016ەوە لە زیندانە، دەریكرد و داوای ئازادكردنی بەپەلەی دەكات، بەڵام حكومەتی ئاكەپە بەردەوامە لە دادگاییكردنی دەمیرتاش و سەدان دۆسیەی لەسەر كردۆتەوە.
بە قسەكردنم لەگەڵ ژمارەیەك پەرلەمانتاری پێشو و ئێستای هەدەپە، ئەوەم پێدەڵێن كە رەوشی پارتەكە و كورد لە باكوری كوردستان و توركیا زۆر خراپە و ئێستا كە هەڵبژاردنی شارەوانیەكان لە پێشەو بڕیارە لە 31-3-2019 ئەنجام بدرێت، حكومەتی ئاكەپە تەواو كەوتۆتە پەلەقاژە و رۆژانە دەیان ئەندامی هەدەپە دەستگیردەكات، كەواتە رێگری دەكات لەوەی كاندیدی پێویست هەبێت لەلایەن هەدەپەوە، ئەوە لەكاتێكدایە زیاتر لە 90 شارەوانی لەدەست ئەو پارتە بوو ئێستا لەلایەن قەیومەكانەوە بەڕێوەدەبرێت واتە توركیا كەسی خۆی لە شوێنیان داناوە، بەڵام هەدەپە سورە لەسەر وەرگرتنەوەی ئەو شارەوانیانە و بە زیادیشەوە.
لە باشوریش (هەرێمی كوردستان) جێ دەستی توركیا بە تەواوی دیارە هەر لە بونی دەیان بنكە و بارەگای سەربازیی و سوپا و قوتابخانە و فیكری عوسمانی، رۆژانە بۆردومان و تۆپبارانی ناوچەكانی هەرێم و نوێترینیش بۆردومانی شنگال و كەمپی پەنابەرانی باكوری كوردستانە لە مەخمور، كە ئەوە لەبەرچاو بوو كەمپی مەخموریش دەكرێتە ئامانج، چونكە مانگێگ بەر لە ئێستا نوێنەرانی هەدەپە ئەوەیان وت كە چەندین جار توركیا داوای داخستنی ئەو كەمپەی لە حكومەیت هەرێم كردوە و یەكێكیش بووە لە مەرجەكان.
لەلایەكی دیكەشەوە سوتانی بازاڕی قەیسەری كۆنی كەركوك هەستانی توركیا بە نۆژەنكردنەوەی جێی مەترسیە و كە ئەو قەیسەریە بۆ مێژووی عوسمانیەكان لە پارێزگاكە دەگەڕێتەوە و ئەردۆغان دەیەوێت بونی خۆیان لێرەدا بسەلمێنن.
بەدەر لە ئەندامان و پەرلەمانتارانی هەدەپە كەس بە شێوەیەكی راستەقینە لە خەمی ئەو داگیركاریەی توركیادا نییە و ئەوان لە قسەكانیان تەواو نیگەرانن لەم بارودۆخەی كوردی تێدایە بە دەست سیاسەتی قڕكردن كە لەلایەن حكومەتەكەی ئەردۆغان پەیڕەو دەكرێت، بەڵام ئەوەی جێی نیگەرانیمە پاڵپشتی هەندێك لە پەرلەمانتارانی هەدەپەیە بۆ حكومەتی هەرێم لەكاتێكدا دەزانن هێرشی سەر باشووری كوردستان بە هاوكاری حكومەتی هەرێمە.
ئەوەی دەستكەوتی چەند ساڵێكی كەمی كوردە لە رۆژئاوای كوردستانیش كە لە شەڕی داعش رۆڵێكی سەرەكییان هەبو و هاوكات زۆربەی ناوچە كوردییەكان و تەنانەت ناكوردییەكانی باكووری سووریاش لەسەر دەستی كورد بە پشتیوانی هاوپەیمانان ئازادكران، بەڵام ئێستا كە شەڕی داعش كۆتایی هاتووەو بەدەر لەوەی حكومەتی سووریا چاوی لەوەیە بگەڕێتەوە ناوچەكە،توركیاش بوننی خۆی لەوێ دەكاتە راستی و  لە دوای ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی چڵە زەیتون كە لە سەرەتای ئەمساڵ ئەنجامیدا و داوی چەند مانگێك توانی عەفرین داگیربكات، كە خەڵكەكەی ئاوارەی هەرێمی شەهبا بوون و ژیان كردنیان سەختە و هەر كاتێك لەگەڵ هێڤی مستەفا هاوسەرۆكی كانتۆنی عەفرین قسە دەكەم زۆر بە خەمباریەوە باس لە پێداویستی ئەو خەڵكە دەكات و دەڵێت رێكخراوە نێودەوڵەتیەكانیش بە هانایانەوە ناچن، لەئێستادا توركیا جارێكی لە ژێر ناوی قەڵغانی فورات ئۆپەراسیۆنێكی تری بۆ داگیركردنی ناوچەكانی باكور و خۆرهەڵاتی سوریا (رۆژئاوا) دەستپێكردوەن هەرچەندە سەرەتا وەزارتی بەرگری ئەمریكا (پێنتاگۆن) هاتۆتە دەنگ، بەڵام بەپێی كردەوەكانی پێشتری توركیا بێت ئەمجاریش بۆی دەچێتە سەر و هەموولایەك دەستبەرداری كورد دەبن لە ناوچەكەدا.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group