رێكەوتن بۆ رێكەوتن

سەرتیپ جەوهەر

08/01/2019

كاتێك رێككەوتنی ستراتیژیی كرا، تەنها بۆ دابەشكردنی پۆستی حكومەت و حكومڕانی نەبوو، بەڵكو یەكێك لەهۆكارە سەرەكییەكانی رەواندنەوەی ئەو بێمتمانەیەی نێوان یەكێتی و پارتی بە پلەی یەكەم و دواتر نەهێشتنی شوێنەواریی دوو ئیدارەیی بوو، مخابن وەكوخۆی جێبەجێنەكراو سەرەنجام ئێستا ئەو رێككەوتنە بلۆك بووە.
لەماوەی 27 ساڵی رابردووی كوردستان، نەتوانراوە دەسەڵاتی راستەقینەی حوكمڕانیی لەحزب و دەستڕۆیشتوان وەربگیرێتەوەو بدرێت بەدامەزراوە دەستورییەكان، پەرلەمانمان هەیە، بەڵام رۆڵی خۆی وەكو پێویست نەگیڕاوە، دامەزراوەی دادوەریمان هەیە، بەڵام تێكەڵ بە سیاسەت بووەو بگرە بەشێك لەدادوەران نەك بێلایەن نین، هەندێجار بەشداری لەبانگەشەی حزبدا دەكەن!! حكومەتیش بەشێكە لەم واقعە، رێككەوتنی سیاسی بەڕێوەی دەبات، بۆیە دەبینین نزیكەی 4 ساڵە پەرلەمان نییەو حكومەتیش «بەناو» بەڕێوە دەڕوا!
بێمتمانەیی كاریگەری زۆر خراپی لەسەر بەرەوپێشچونی باری سیاسی و حوكمڕانیی كوردستان دروستكردووە، وایكردووە نەتوانرێت چەك بخرێتە چوارچێوەی قانونیی و سەرباز بەدامەزراوەیی بكرێت، هاوكات دیموكراسیش لەشوێنی خۆی چەقیوەو لەماوەی 27 ساڵی رابردوو نەك نەچۆتە پێش، بگرە هەندێجار خۆزگە بەسەردەمی بەرەی كوردستانی دەخوازین كە لانیكەم لایەنەكان لەسەر مێزێكی گفتوگۆ كۆدەبونەوەو دەیانتوانی بڕیار دەربكەن و كێشەكان چارەسەر بكەن!
بەكورتی نە حزبەكانی ناسراون بە حزبی دەسەڵاتدارو حوكمڕان، ئەوەندە هاتونەتە ژێرباری دیموكراسی، نە ئەوانەیشی بەحزبی ئۆپۆزسیۆن ناسراون! لە 2015 ژمارەی قانونیی ئامادەبونی پەرلەمانتاران بۆ گۆڕینی قانونی سەرۆكایەتی تەواو نەبوو، كەچی پارتی دەرگای پەرلەمانی داخست و سەرۆكی پەرلەمان و وەزیرەكانی گۆڕانی دەركرد! كاتێك زۆرینەی پەرلەمانیش لەناو هۆڵی پەرلەمان دروست دەبوو، ئەندامانی گۆڕان تەپڵیان لێدەداو دوور لەهەموو هەڵسوكەوتی پەرلەمانتاریی دەبەی ئاویان دەگرتە سەرۆكی پەرلەمان!! لە 2013 سەرباری ئەوەی یەكێتی تەنها 18 كورسی بەدەستهێنابوو، بەڵام تا رازی نەكرا نەتوانرا حكومەت پێكبهێنرێت!
لەماوەی 12 ساڵی رابردوی (بەناو) یەك ئیدارەیی كوردستان، هەوڵی زۆردرا یەك ئیدارەو یەك سەرچاوەی بڕیاردان دروست ببێت، بەڵام نەتوانرا، دیارترین هۆكاری دابیننەكردنی هێمنی سیاسی بوو، كە ئەویش بەبێ‌ رێككەوتنی سیاسی دروستنابێت، رێككەوتنی ستراتیژیی هەبوو، بەڵام وەكوخۆی جێبەجێنەكرا، بۆیە دەبینین لەماوەی شەش ساڵی (2006- 2012) سەرباری جێبەجێنەكردنی (وەكوخۆی) رێككەوتنی ستراتیژیی، بەهۆی هێمنی سیاسی بەراورد بەئێستا بارودۆخی حكومەت و دادگاكان و پەرلەمان باشتربوو، بگرە رۆژنامەو میدیا رۆڵی باشتریان دەگێڕا! بارودۆخی ئابوریی لەكوردستان پێشكەوتنی بەخۆیەوە بینی..تد.
چەند ساڵێكە ئەو رێككەوتنە نەماوە، بارودۆخی حوكمڕانی لەپاشەكشێیەكی زۆر مەترسیداردایە، دامودەزگاكانی حوكمڕانیی بەتەواوی شێواوە، لەوە خراپتر دوو ئیدارەیی بەتەواوی تۆخ بۆتەوە، جگە لەرێككەوتنی سیاسی بۆ حوكمڕانیی هیچ بەدیلێكی دیكە نییە، بەڵام ئەو رێككەوتنە چۆن بێت؟ ئەوە پرسیارە گرنگەكەیە.
پێویستە لەپاڵ رێككەوتن بۆ دابەشكردنی پۆست، هاوكات چەند خاڵێكی گرنگ هەیە، ئەویش پرسی بڕیاردان لەدەستی تاك حزب و تاكەكەس دەرباز بكرێت، پرسی پەیوەندییەكانی هەرێم و ئیدارەدانی باری ئابوریی یەكلایی بكرێتەوە. بەبێ‌ رێككەوتنێكی لەو شێوەیە، مومكین نییە ئارامیی حوكمڕانیی و سیاسی لەكوردستان دروست بێت، بۆیە ئێستا ئەو رێككەوتنە بۆتە پێویستییەكی حەتمی و تابتوانرێت بارودۆخی كوردستان رێكبخرێتەوە، چونكە دەشێت بەگرتنی كادرێكی حزب كۆی پرۆسەكە بكەوێتە ژێر هەڕەشەو مەترسی جددی.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group