پەلەیان كرد، پەكیانخست

سەرتیپ جەوهەر

16/04/2019

هەر لەسەرەتاوە پێشبینی دەكرا ئەم پێكهێنانی حكومەتە تا مانگی شەش بخایەنێت، كێشەو گرفت و پرسە ئاڵۆزكاوەكان ئەوەندە كەڵەكە ببون، بێگومان ئەوەندەی دەویست. لەلایەك گرژییەكانی دەركردنی سەرۆكی پەرلەمان و وەزیرەكانی گۆڕان لەلایەن پارتییەوە، لەلایەكی دیكەوە گرژی و ئاڵۆزییەكانی دوای شكستی ریفراندۆم و لێكەوتەكانی گرژی زۆری بەدوایخۆیدا هێنا! سەرباری ئەو بارودۆخانە، لاسەنگبونی هێزو هەژمونی لایەنێكی دیاریكراو بەسەر حوكمڕانیدا هەوڵدان بۆ جۆرێك لەهاوسەنگكردنەوەی كاتی زۆری پێویست بوو.
سەرباری ئەو هەموو گرژییە، بەهۆی پێدانی ژمارەیەكی زۆر پلەو پۆست و شوێنی گرنگ بە گۆڕان لە حكومەتی نوێ‌ لەلایەن پارتیەوە، ئیدی گۆڕان پرسی گرژی و ناكۆكییەكانی لەگەڵ پارتی وەلاناو رێككەوتنێكی خێرایان ئیمزاكرد، ئەمە لەكاتێكدا سەرۆكی پەرلەمان و وەزیرەكانیان لەكابینەی پێشو دەركرابوون و پێویست بوو بەر لەدانیشتن بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێ‌، لانیكەم ئەو پەیوەندییە ئاسایی ببێتەوەو لەبارەی ئەوەی بەسەریان هات، دوو قسەیان كردبا!
پارتیش بۆ گوشار خستنەسەر یەكێتی رێككەوتنی لەگەڵ گۆڕان مۆركرد! ئەم پەلەكردنە لێكەوتەی نەرێنی بەدوایخۆیدا هێنا، بۆیە سەرباری خواستی ئەو دولایەنەو بونی زۆرینەی پەرلەمانیی، نەتوانرا حكومەت دروستبكرێت. بەهۆیەوە خەریك بوو كوردستان روو لەگرژییەكی نەخوازراو بكات، بۆیە پارتی رووی لەیەكێتی كردەوەو رۆژی 3ی نیسان دوایین رێككەوتنی لەگەڵ یەكێتی كرد، بەڵام پێویستە ئەو رێككەوتنە نوێیە بخرێتەسەر كاغەزو بەڕوونی جێبەجێبكرێت.
ئەو درەنگ كەوتنەی پێكهێنانی حكومەت وایكرد پارتی باشتر لەوە بگات ئەگەر لەگەڵ یەكێتی رێككەوتنێكی روون نەكات، هەم كابینەیەكی لەسەرخۆو هێمنی پێ دروستناكرێت، هەمیش كابینەكە ناتوانێ‌ قەڵەمڕەوبێت بەسەر هەموو كوردستان، بۆیە لەكۆتاییدا دوایین رێككەوتنی لە سەرەتای ئەم مانگە لەگەڵ یەكێتیدا كرد.
ئێستا پارتی رێككەوتنی لەگەڵ گۆڕان و یەكێتیدا هەیە، بەڵام لەووردەكاریی رێككەوتنەكەی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕاندا توشی گرفت بووە، ئەمەش دەرەنجامی پەلەكردن و ویستی پەراوێزخستنی یەكێتی بوو لەلایەن هەردولا! یەكێتیش چاوەڕێی ئیمزاكردنی ئەو رێككەوتنەیە كە بەزارەكی لەگەڵ پارتیدا بڕاوەتەوەو ماوەتەوە ئیمزای لەسەر بكرێت. ئەوەی ماوەتەوە كێشەی نێوان پارتی و گۆڕانەو پەیوەندی بەیەكێتیەوە نییە!.
بەپێی ئەو رێككەوتنە زارەكیەی كە لەنێوان یەكێتی و پارتی كراوەو بڕیارە بخرێتەسەر كاغەزو ئیمزابكرێت، ، جگە لە بەركەوتەكانی یەكێتی لەحكومەت، هاوكات لەڕۆژی راسپاردنی سەرۆك وەزیرانی نوێی هەرێم، دەست بەڕێكارە سیاسی و قانونییەكانی ئاساییكردنەوەی كەركوك و دانانی پارێزگارێكی نوێ لەیەكێتی نیشتیمانی كوردستان بۆ شارەكە دەكرێت. هەروەك سەرۆكی هەرێم جێگری دووەمی لەیەكێتی نیشتیمانی كوردستان دەبێت، پرسی وەزیری دادیش تائێستا هەر زارەكییە، دەبێ‌ لەرێككەوتنە نوێیەكەی نێوان پارتی و یەكێتی كە وردەكارییەكان لەخۆدەگرێت، ئیمزای لەسەر بكرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group