ئەگەر پارتیش وەك ئەوان حزبیانە بیربكاتەوە!

نیاز حاجی

20/04/2019

زۆرێك لەپارتی-یەكان نیگەرانی ئەوەن ماوەی شەش مانگ زیاترە هەڵبژاردن كراوە و كەچی تائێستا پارتی نەیتوانیوە حكومەت پێكبهێنێ!
دەمەوێ بڵێم كە بابەتی پێكهێنانی حكومەت پەیوەندی بە سومعە و پرۆسەی دیموكراسی هەرێمەوە هەیە بۆیە لای پارتی گرنگە و نایەوێ ئەو پرۆسەیە نەزۆك بێ، ئەگینا حكومەت تا چوار ساڵی تریش پێك نەیەت لای پارتی ئاساییە، چونكە حكومەتی ئێستا هەر لای پارتی-یە و لای حزبێكی تر نییە تا پارتی پەلەی بێ لەوەرگرتنەوەی!
ئەگەر حزبیانە پارتی رەفتار بكات، لەوانەیە ئەگەر حكومەت پێكبهێنرێ، پارتی زیاتر زەرەری بێت نەك سود! 
چۆن؟
ئێستا سەرۆك و هەردوو جێگری سەرۆكی پەرلەمانی لایە لەگەڵ زۆربەی لیژنەكان.
سەرۆكی حكومەتی لایە!
ئێستا وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە و دارایی و سامانە سروشتیەكان و پلاندانان و پەیوەندیەكانی دەرەوەی لایە و بە ئەنجومەنی ئاساییشەوە لەگەڵ زۆربەی وەزارەتەكان .
راستە دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم دەستبەكار نییە، بەڵام تەواوی بڕیارەكانی پەیوەست بەهەرێمەوە لەلای پارتی-ن، بەغدا و وڵاتانی هەرێمی و زلهێزیش وا هەڵسوكەوتی لەگەڵ دەكەن و بوەتە واقع!
هەروەها هەموولایەكیان لایان رونبۆتەوە كە پارتی هۆكاری دواكەوتنی پێكهێنانی حكومەت نییە!
واتا ئەگەر پارتی حزبیانە بیربكاتەوە وەك ئەوانی تر، لای گرنگ نییە كەی حكومەت پێكدێت، چونكە تەواوی جومگەكانی حكومڕانی لەژێر دەستە، بگرە ئەگەر حكومەت پێكبێت ئەوا لەوانەیە زیانمەندیش بێت!
ئەوەی لای پارتی گرنگە بەخاوەنكردنی پرۆسەی دیموكراسی و سومعەی هەرێم و بەرگریكردنە لێی، ئەگەر تا چوار ساڵی تریش حكومەت پێكنەیەت پارتی نانی لەسەر ساج نەسوتاوە!
ئەوەی زەرەرمەندی یەكەمە لە دۆخی ئێستای دواكەوتنی حكومەت ئەو حزبانەن، كە شەڕی پلە و پۆست و موچە و ئیمتیازات دەكەن نەك پارتی.
بۆیە پارتی-یەكان نابێ هیچ نیگەران بن، ئەوەی لەمانەوەی ئەو دۆخە زیانمەندە، ئەوانن نەوەك پارتی!
پارتیش چیتر پێویست ناكات مەرجەكانی ئەوان قبوڵ بكات و پۆستی زیاتریان پێبدات، ئەگەر هاتن بەخێربێن، ئەگەر نەشهاتن، با هەر وەك ئێستا بێ!

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group