د.فازڵ نه‌بی: له‌ پرۆژه‌یاسای بودجه‌ی 2019دا لوغم بۆ هه‌رێمی كوردستان دانراوه‌

11/10/2018

نه‌وا – سالم سه‌لیم 

وه‌زاره‌تى دارایی عیراق پرۆژه‌یاساى بودجه‌ى گشتى ساڵى 2019 ره‌وانه‌ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ده‌كات بۆ په‌سندكردن و دواتر ناردنى بۆ په‌رله‌مان، بریكاری پێشوی وه‌زاره‌تی دارایی عیراقیش له‌وبڕوایه‌دا بودجه‌ى 2019 له‌ بودجه‌ى پێشوى باشتر نابێت و چه‌ندین تێبینى و ره‌خنه‌ى له‌سه‌ره‌.
د.فازڵ نه‌بى شاره‌زاى بوارى دارایی و بریكارى پێشوی وه‌زاره‌تى دارایی عیراق به‌ رادیۆى نه‌واى وت "پرۆژه‌یاساى بودجه‌ گشتى ساڵى 2019 هیچ جیاوازییه‌كى له‌گه‌ڵ بودجه‌ى 2018دا نییه‌ ئه‌گه‌ر خراپتر نه‌بێت".
ئه‌و پێیوایه‌ كه‌سانێكى شاره‌زا له‌ ده‌ره‌وه‌ى وه‌زاره‌تى دارایی دایانڕشتوه‌ و چه‌ندین لوغمیان تێدا ئاخنیوه‌ به‌مه‌به‌ستى كه‌مكردنه‌وه‌ى پشكى هه‌رێمی كوردستان، وتیشى "پشكى هه‌رێمى كوردستان به‌شێوه‌ى بودجه‌ى ساڵى پێشوو بڕى 12.67% دانراوه‌و ئه‌مه‌ كێشه‌یه‌كى گه‌وره‌یه‌، هاوكات بودجه‌ى سیادیش به‌شێوه‌یه‌كى به‌رچاو زیادكراوه‌ كه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندى هه‌رێمدا نییه‌".
د. فازڵ نه‌بى له‌به‌شێكى دیكه‌ى لێدوانه‌كه‌یدا جه‌ختى له‌وه‌شكرده‌وه‌، پێویسته‌ حكومه‌تى هه‌رێم به‌زوویی گفتوگۆ له‌ گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانى حكومه‌تى فیدراڵی بكات له‌سه‌ر به‌شه‌ بودجه‌كه‌ى، له‌كاتێكدا  ئه‌مجاره‌ش  رێژه‌كه‌ى له‌ 17%وه‌ كه‌مكراوه‌ته‌وه‌ بۆ بڕى 12.67%.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group