نوێنەری یەكێتی لە میسر: ئەگەر هەرێمی كوردستان ببێتە دوو هەرێمیش دنیا وێران نابێت

17/10/2018 نەوا - محەمەد حەسەن

مەلا یاسین رەئوف نوێنەری یەكێتی لە میسر، باس لەوەدەكات كە نابێت سەركردەی حزبەكان بە پرسی گەڕانەوە بۆ دوو ئیدارەیی هەڕەشە لە یەكتر بكەن، دەشڵێت، نەك هەر دوو ئیدارەیی، بەڵكو ئەگەر دوو هەرێمیش لە ناو هەرێمی كوردستاندا دروست بكرێن، نەك هەر زەرەری نابێت، بەڵكو سودیشی دەبێت. هاوكات داواش دەكات پشتیوانی لە باڵی كۆترەكانی ناو یەكێتی و پارتی بكرێت تا كوردستان بەرەو هەڵدێر نەبرێت.
لە رۆژانی رابردوودا هەواڵی ئەوە بڵاوكرایەوە، كە مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی لە وەڵامی ئەو هۆشداریانەی كە باس لەوەدەكەن گرژیەكانی حزبەكەی و یەكێتی دەبێتە هۆی گەڕانەوە بۆ دوو ئیدارەیی وتویەتی: "با ببێت".


لەو بارەوە و لە میانی بەرنامەی لەگەڵ رووداوەكانی نەوا، مەلا یاسین رەئوف رایگەیاند، سەرەتا دەمەوێت ئەوە بڵێم، كە كاك مەسعود بەڕاستی نییە و نایەوێت ببێتەوە بە دوو ئیدارەیی، بەڵام منیش دەڵێم باببێت بە دوو هەرێم هیچ زیانێكی نییە، من مەبەستم ئەوەیە كە با هیچ یەك لەسەركردایەتی سیاسی یەكێتی و پارتی و حزبەكانی دیكەیش، دوو ئیدارەیی نەكەن بە شمشێرەكەی دیمۆقڵیس و خەڵكی پێ بترسێنن، بە دوو ئیدارەیی دنیا وێران نابێت و ئەوكاتە لە بری هەرێمی كوردستان دەڵێین، دوو هەرێمی كوردستان.


باسی لەوەشكرد، ئەگەر ببێتە دوو هەرێم رەنگە یەكێتی و حزبەكانی تر كە لە هەرێمی سلێمانی و هەڵەبجە دەبن، ناوچەكەیان باشتر پێ بەڕێوەبچێت لەوەی ئێستا، بە هەمان شێوەش پارتی هەرێمەكەی دهۆك و هەولێر باشتر بەڕێوەدەبات.
جەختیشیكردەوە، لەوەی كە ئەو خوازیاری ئەوە نییە و لەگەڵیدانییە، كە هەرێم ببێتە دوو هەرێم، زیاتر مەبەستی ئەوەیە كە سەركردەكان بە دوو ئیدارەیی خەڵك نەترسێنن و ئەگەر ئەوەش روویدا كۆتایی دنیا نییە.

لەبەشێكی تری بەرنامەكەدا مەلا یاسین رەئوف وتی: "من پێم وایە، لە ناو یەكێتی و پارتیدا دوو باڵی هەڵۆكان و كۆترەكانی ئاشتی بوونی هەیە و پێویستە میدیا، نوسەران و ئەوانەی هێزی فشارن لەسەر حزبەكان، پاڵپشتی باڵی كۆترەكانی ناو یەكێتی و پارتی بكەن، كە لە ناو یەكێتی خۆی لە بۆچوون و هێواشی و لەسەرخۆییەكەی قوباد تاڵەبانی-دا خۆی دەبینێتەوە و لە ناو پارتیشدا نێچیرڤان بارزانی نوێنەرایەتی ئەو باڵە دەكات و ئەگەر تێزەكانی ئەو دوو كەسە زاڵ بێت لە ناو حزبەكانی خۆیان، كوردستان لە رۆیشتنی بەرەو هەڵدێری خراپتر دەپارێزرێت".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group