ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا لە بارەی خاشقچیەوە داوایەك ئاراستەی ترامپ دەكات

19/10/2018 جیهان
زیاتر لە 40 ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریكا لە رێگای ئاراستەكردنی نامەیەكەوە داوا لە سەرۆكی ئەمریكا دۆناڵد ترەمپ دەكەن لە چوارچێوەی "یاسای لێپرسینەوەی نێودەوڵەتی ماگنیتسكی بۆ مافەكانی مرۆڤ" لێكۆڵینەوە لە چارەنووسی رۆژنامەوانی سعوودی جەمال خاشقچی بكرێت و ئەگەر دەركەوت سعوودیە رۆڵی هەبووە لەمەدا سزای قورس و بەرفراوان بخرێتە سەر ئەو وڵاتە. 
نامەكە بە نووسینی "لە بەڵگە بەهێزەكاندا وا دەردەكەوێت كە ئیدارەی سعوودیە رێنمایی داوە جەمال خاشقچی بكوژرێت و جەستەیشی پارچە پارچە بكرێت" دەستی پێكردووە، تیایدا داوا لە ترەمپ دەكات بكەوێتە خۆ بەرامبەر ئەم رووداوە و لە چوارچێوەی " یاسای لێپرسینەوەی نێودەوڵەتی ماگنیتسكی بۆ مافەكانی مرۆڤ" بڕیار بدات. 
لە نامەكەدا ئاماژە بەوە دراوە كە ئیدارەی ترەمپ ناچارە لە ماوەی 120 رۆژ لەمبارەیەوە راپۆرتێك پێشكەشی كۆنگرێسی ئەمریكی بكات و ئەوانەی رۆڵیان هەبووبێت لە پێشێلكارییەكانی مافەكانی مرۆڤ، ئەوا بەپێی یاساكە سزایان بەسەردا بسەپێنرێت. 
ئەو ئەندامانەی ئەنجوومەنی نوێنەران نووسیوویشیانە "زۆر نیگەران بووین بەو لێدوانانەی پارە بەلایانەوە لە دادوەری و بەهاكانی ئەمریكا گرنگترە".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group