جه‌عفه‌ر ئێمینكی: په‌رله‌مانتارانی خولی چواره‌م هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌كی خانه‌نشینییان وه‌رنه‌گرتوه‌

04/11/2018

نه‌وا
جه‌عفه‌ر ئێمینكی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ خولی چواره‌مدا ده‌ڵێت "په‌رله‌مانتارانی خولی چواره‌م هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌كی خانه‌نشینییان وه‌رنه‌گرتووه‌ و ته‌نها فۆرمییان پڕكردۆته‌وه‌ وه‌كو هه‌ر فه‌رمانبه‌رێكی دیكه‌".
جه‌عفه‌ر ئێمینكی ده‌ڵێت "ده‌بێت موچه‌ و ئیمتیازاتی دارایی و مه‌عنه‌ویی په‌رله‌مانتارانی كوردستان به‌ خانه‌نشینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانی به‌غدادا هاوتابێت".
له‌ژێر ناونیشانی چه‌ند راستیه‌ك له‌سه‌ر په‌رله‌مانی كوردستان، جه‌عفه‌ر ئێمینكی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ خولی پێشودا رونكردنه‌وه‌یه‌كی له‌ فه‌یسبوكدا بڵاوكردۆته‌وه‌ و تیایدا هاتوه‌ "ئه‌و راستیانه‌ ته‌نها ئاراسته‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ به‌ دوای راستی ده‌گه‌ڕێن، بۆ ئه‌و كه‌س و لایه‌ن و گروپانه‌ نییه‌ كه‌ ئاناركیست و پوپولیستن و مه‌به‌ستیانه‌ ده‌زگا شه‌رعی و سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ناشیرین بكه‌ن، به‌ به‌هانه‌ و بێ به‌هانه‌ په‌نا بۆ چه‌واشه‌كاری و ناوزڕاندن ده‌به‌ن".
ئێمینكی به‌مشێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌ چه‌ند خاڵێكی خستۆته‌ڕو:

1-په‌رله‌مانتارانی خولی چواره‌م هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌كیان وه‌رنه‌گرتوه‌، ته‌نها فورمی خانه‌نشینییان وه‌كو هه‌ر فه‌رمانبه‌ره‌ك له‌ كۆتایی خزمه‌ت پڕكردۆته‌وه‌ له‌لایه‌ن فه‌رمانگه‌ی خانه‌نشینی، دواتر هه‌مان مامه‌ڵه‌ی پاشه‌كه‌وتیان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت.

2-له‌ڕووی شایسته‌ی و ره‌وایه‌تییه‌وه‌، په‌رله‌مانتارانی ئه‌م خوله‌ به‌ كۆده‌نگی، ده‌نگیان به‌ پڕۆژه‌ی چاكسازی وخانه‌نشینی پله‌باڵاكان كه‌ له‌ رێژه‌ی 80٪ بكرێته‌ 50٪‏ داوه‌، ئه‌مه‌ خۆی له‌ خۆیه‌وه‌ هه‌نگاوێكی باش بوو به‌ره‌و چاكسازی زیاتر كه‌ ئێمه‌ ئه‌و كاته‌ له‌سه‌ر ناڕه‌زایه‌تی به‌رفراوانی رای گشتی له‌ هه‌رێمی كوردستان ره‌تمانكردووه‌ و ئیمزامان نه‌كرد، له‌به‌ر دوو هۆكار: 
یه‌كه‌میان رێزگرتن بۆ رای گشتی، له‌سه‌ر پرسێكی په‌یوه‌ست به‌ خانه‌نشینی پله‌باڵاكان كه‌ به‌ڕای ئێمه‌ پێشنیازی حكومه‌ت باشتربوو له‌وه‌ی كه‌ ده‌نگی پێدراوه‌، ئه‌و ره‌تكردنه‌وه‌یه‌ش ده‌رفه‌تێكی ئیزافی بوو بۆ حكومه‌ت بۆئه‌وه‌ی جارێكی دیكه‌ سوربێت له‌سه‌ر پێشنیازی خۆی و له‌ماوه‌یه‌كی كورتدا ئه‌و پێشنیازه‌ په‌سه‌ند بكرێت كه‌ پرۆژه‌كه‌ جارێكی تر نه‌گه‌ڕایه‌وه‌ په‌رله‌مان، گوناهی په‌رله‌مانی تیادا نه‌بوو.
دووه‌میان له‌به‌ر مادده‌ی (10) بوو كه‌ مادده‌یه‌كی پڕ گرفته‌ و په‌یوه‌سته‌ به‌ ده‌رماڵه‌ و ده‌بووه‌هۆی كه‌مكردنه‌وه‌ی ده‌رماڵه‌ی مامۆستایان، پێشمه‌رگه‌ و هێزی ناوخۆ و دكتۆری مقیم كه‌ به‌هه‌موو پێوانه‌یه‌ك غه‌دریان لێده‌كرا، بۆیه‌ ئێمه‌ش په‌شیمان نین له‌ ره‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌و یاسایه‌، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و یاسایه‌ی ره‌تمانكردووه‌ باشتره‌ و دادپه‌روه‌رانه‌تره‌ له‌مه‌ی ئێستا به‌ركاره‌.
3-بڕوایه‌كی ته‌واومان هه‌یه‌ كه‌ ده‌بێت موچه‌ و ئیمتیازاتی دارایی و مه‌عنه‌ویی په‌رله‌مانتارانی كوردستان به‌ خانه‌نشینه‌وه‌ له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانی به‌غدادا هاوتابێت، نابێت له‌ ئاستی ئه‌وان كه‌متربێت، له‌به‌ر رۆڵ و ئه‌رك و پێگه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان كه‌ له‌ڕووی هێزی یاسادانان و چاودێری له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانی فیدرالدا هاوتایه‌.
4-په‌رله‌مانی كوردستان كه‌ رۆڵی چاودێری له‌سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم ده‌گێڕێت، پێویسته‌ له‌ڕووی بودجه‌ و موچه‌ و ئیمتیازاتی مادی به‌لانیكه‌م هاوتابێت له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن، بۆئه‌وه‌ی بتوانێت ئه‌ركی چاودێریكردن به‌ باشی راپه‌ڕێنێت، كه‌چی نه‌ك هاوتانییه‌، به‌ڵكو له‌ ئاستێكی زور په‌رێشاندایه‌.
5-هه‌ر بۆ به‌چاوڕوونی هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان به‌گشتی كۆی گشتی خه‌رجی بودجه‌ی خانه‌نشینی له‌ یه‌ك مانگدا له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌كاته‌ 3.8%ی بودجه‌ی گشتی خانه‌نشین، ئێمه‌ش هاوڕاینه‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و به‌ڕێزانه‌ی كه‌ داواده‌كه‌ن پێداچوونه‌وه‌ به‌ سیسته‌می موچه‌ و خانه‌نشینی له‌ هه‌رێمی كوردستاندا بكرێت، به‌تایبه‌تی پله‌ باڵاكان، ئه‌مه‌ش به‌ یاسا كراوه‌ و ده‌بێت به‌ یاسا چاره‌سه‌ربكرێت. ئه‌و پروژه‌ یاسای چاكسازی كه‌ له‌به‌رده‌ستی حكومه‌ت دایه‌ و بناغه‌یه‌كی گونجاوی هه‌یه‌ پێویسته‌ په‌له‌ی لێ بكرێت جارێكی تر پێداچوونه‌وه‌ی بۆ بكرێت.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group