لەندەن.. تابلۆیەكی یادگاری بۆ سەدام حسێن جێگیركراوە

20/11/2018 جیهان

نەوا
دەركەوتنی تابلۆیەك كە بۆ یادی سەدام حسێن لە شەقامێكی لەندەن دانراوە، سەرسوڕمان و نیگەرانیی دانیشتووانی ناوچەكەی لێدەكەوێتەوە.
رۆژنامەی ئیندیپێندنت-ی بەریتانی بڵاویكردووەتەوە، دانیشتووانی ناوچەی وانستید لە خۆرهەڵاتی لەندەن توشی شۆك بوون، كاتێك بینییان لەسەر كورسییەكی ناوەڕاستی شەقامێكی قەرەباڵغ، تابلۆیەكی یادگاری بۆ سەدام حسێن سەرۆكی لەسێدارەدراوی عیراق جێگیركراوە.
تابلۆكە لە مس دروستكراوە و سەرباری تۆماركردنی بەرواری لەدایكبونی سەدام و ساڵی لەسێدارەدانەكەی، لەسەری نووسراوە: "بەیادی خۆشەویستیی سەدام حسێنەوە".
مێڵیسا موندای یەكێك لە دانیشتووانی گەڕەكەكە بە رۆژنامەكەی راگەیاندووە، بە بینینی تابلۆكە تۆقیوە. بە گوتەی مێڵیسا، رێزگرتن لە ژیانی كەسێك كە ئەو هەموو ترس و تۆقاندنەی بڵاوكردووەتەوە، كارێكی چاوقایمانەیە.
رۆژنامەی "سەن" لەزاری وتەبێژی ئەنجومەنی گەڕەكی "رێد بریدج"ـەوە بڵاویكردووەتەوە، ئەوان رێگەیان بەهیچ كەسێك نەداوە تابلۆكە لەو شوێنەدا جێگیربكات و كاتێك پێیان زانیوە، لایانبردووە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group