مەسرور بارزانی كێ-یە؟

03/12/2018

نەوا
لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستاندا بە سەرپەرشتی مەسعود بارزانی هەردوو كاندیدیان بۆ سەرۆكی هەرێم و كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم یەكلاكرایەوە.
لە پاش كۆبونەوەكە مەحمود محەمەد وتەبێژی فەرمی پارتی لە پرێس كۆنفرانسێكدا لە پیرمام وتی "پێشنیار كراوە نێچیرڤان بارزانی كاندید بكرێت بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بۆ سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانیش مەسرور بارزانی كاندیدكراوە بۆئەوەی پۆستەكە وەربگرێت".
لێرەدا رادیۆ نەوا ژیاننامەی مەسرور بارزانی كاندیدی پارتی بۆ پۆستی سەرۆكی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڵاودەكاتەوە:

- مەسرور بارزانی كوڕە گەورەی سەرۆكی پێشووی هەرێم و سەرۆكی ئێستای پارتی دیموكراتی كوردستان، مەسعود بارزانی-یە لە دووی ئاداری ساڵی 1969 لە هەولێر لەدایكبوە.

- ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستانە و راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمە.

- مەسرور بارزانی لە ساڵی 1985 و لە تەمەنی 16 ساڵیدا پەیوەندیی بە هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستانەوە كردووە، هاوشێوەی باوكی كە لە هەمان تەمەندا بووە بە پێشمەرگە، مەسرور بارزانی لە شەڕی خواكورك لە ساڵی 1988 لە دژی رژێمی بەعس بەشدارێكی چالاك بووە، هەروەها بەشداریكردووە لە راپەڕینی ساڵی 1991 كە بووەهۆی دەرپەڕاندنی هێزەكانی سەدام حسێن لە پارێزگاكانی هەولێر، سلێمانی، دهۆك و كەركوك.

- مەسرور بارزانی خوێندنی دواناوەندی لە ئێران تەواوكردوە و لە نەوەدەكانی سەدەی رابردودا بۆ ماوەی ساڵێك لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا زمانی ئینگلیزی خوێندوە، دواتر بڕوانامەی بەكالۆریۆسی لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانی زانكۆی ئەمریكی لە واشنتۆنی پایتەختی ویلایەتە یەكگرتووەكان تەواوكردوە.

- لە ساڵی 1998دا گەڕاوەتەوە بۆ هەرێمی كوردستان و لە كۆنگرەی 12ی پارتی دیموكراتی كوردستان بووەتە ئەندامی لیژنەی ناوەندیی پارتی و لەهەمان ساڵدا وەكو بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی پاراستن و هەواڵگریی دیاریكراوە و لە ساڵی 2010 بووەتە ئەندامی مەكتەبی سیاسی، لە ساڵی 2012دا بوەتە راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان كە سەرپەرشتیی ئاسایش و هەواڵگریی و دەزگا هەواڵگرییەكان دەكات.

- لە ساڵی 2005دا دەزگای خێرخوازیی بارزانی دامەزراندووە، كە هاریكاریی پەنابەران و ئاوارەكان دەكات بە پلەی یەكەم و هاریكاریی كەسانی نەدار و بێدەرەتانەكان دەكات، سەرباری لە ئەستۆگرتنی ژمارەیەكی زۆر لە بێ باوك و بێ سەرپەرشتەكان.

- یەكەم دەركەوتنی مەسرور بارزانی لە سیاسەتدا بۆ ساڵی 2009 دەگەڕێتەوە كاتێك لە هەڵمەتەكانی بانگەشەی هەڵبژاردنی حزبەكەی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەركەوت و خەڵكی هان دا بۆئەوەی دەنگ بە پارتی بدەن.

- مەسرور بارزانی كە ئەمڕۆ مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان وەكو كاندیدی خۆی بۆ سەرۆكایەتیكردنی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایسپارد، خێزانی پێكهێناوە و چوار منداڵی هەیە، سێ كوڕ و كچێك. جگە لە زمانی كوردی، بە زمانەكانی ئینگلیزی، فارسی و عەرەبیش قسە دەكات.

- ئەوانەی نزیكن لێوەی دەڵێن مەسرور بارزانی لە بڕیارداندا یەكلاییە و بڕیار بۆ جێبەجێكردن دەدات. لە كاروباری كارگێڕییدا كەسێكی هەمیشە توند و حەتمییە.

- مەسرور بارزانی كە حزبەكەی لە كۆی 111 كورسی 45 كورسیی لە پەرلەمانی كوردستان و 25 كورسیش لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق هەیە لەبەردەم چەندین دۆسیەی قورس و گرفتی گەورەدایە، ئەوانیش ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی حكومەتی فیدراڵیی عیراق و چارەسەركردنی دەیان دۆسیەی هەڵپەسێردراوی نێوان هەردوولان، لە ترۆپكیاندا كێشەی نەوت و غاز، بودجەی هەرێم، پەیوەندییە دیلپۆماسییەكان، سەرباری كێشەی قەیرانی دارایی، بارودۆخی ناوخۆیی هەرێمی كوردستان و پەیوەندیی نێوان حزبەكان، بژێوی خەڵك و گێڕانەوەی موچەی تەواویش بۆ فەرمانبەرانی حكومەت، كێشە گەورە ناوخۆییەكانن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group