نەوا
کیژۆڵەیەکی چینی تەمەن 20 ساڵ بە بەخێوکردنی گەلە گورگێک لە
یەکێک لە بنکەکانی پاراستنی ئاژەڵان جیهانی سەرسام کردووە.
کیژۆڵەیەکی دانیشتوی
"ئینێر مەنگۆلیا" لە باکوری چین بەناوی "چو چین یوی" جیهانی
سەرسام کردووە، ئەوەش دوای ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە گرتەیەکی ڤیدیۆیی
لەبارەیەوە بڵاوکرایەوە و تیایدا دەردەکەوێت کە لەگەڵ گەلە گورکێکی کێویدا
گاڵتەگەپ دەکات.
یوی لەم بارەیەوە بە "دەیلی چاینا"ی ڕاگەیاندووە:" هەندێجار کەڵبە بەهێزەکانیان، یاخود چنگە تیژەکانیان بریندارم دەکات و
ئازارم پێدەگات، بەڵام ئەوە هەرگیز بە ئەنقەست نییە، بەڵکو بە ڕێکەوت ڕوودەدات،
گورگەکانم هەرگیز هێرشیان نەکردۆتە سەرم".
ئەم کیژۆڵەیە لە تەمەنی
منداڵیەوە لە بەخێوکردنی ئاژەڵاندا هاوکاری باوکی و مامی بووە و هەرگیز دانەبڕاوە،
لەئێستادا لە یەکێک لە بنکەکانی پاراستنی ئاژەڵان کار دەکات و بەچکەی چەندین گورگی
کۆکردۆتەوە و خۆراکیان پێدەدات و بەخێویان دەکات، بەشێوەیەک کە ڕۆژانە لەگەڵیاندا
ژیان دەگوزەرێنێت و هیچ پارێزەرێکیش بەکار ناهێنێت، بگرە گورگەکان وەک هاوڕێیەک
یاخود دایک لێی دەڕوانن.
بینەرانی گرتە ڤیدیۆکە لە
تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە ناوی "چو چین یوی"یان ناوە "شاژنی
گورگەکان"، لەئێستادا ئەم ناوە بەسەریدا دابڕاوە و تەنانەت ئاژانسە
جیهانیەکانیش هەر بەو نازناوە ناوی دەهێنن.