"موچەی سێ مانگ لە بەغداوە گەیشتووەتە هەرێم"

10/12/2018

نەوا
پەرلەمانتارێكی كورد لە ئەنجومەنی نوێنەران دەڵێت: "موچەی سێ مانگی فەرمانگە ئیتیحادیەكانی هەرێم لە بەغداوە گەیشتووەتە هەرێم، هیچ پاساوێك نیە كە دابەشكردنی لەلایەن وەزارەتی دارایی هەرێمەوە دوابخرێ".
هۆشیار عەبدوڵڵا پەرلەمانتاری گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە پەیجی تایبەتی خۆی بڵاویكردووەتەوە، بە گوێرەی زانیاریەكان موچەكانی مانگی 10 و 11 و 12ی ئەمساڵی هەر چوار فەرمانگە ئیتیحادیەكە لە بەغداوەوە نێردراوە و پێویستە وەزارەتی دارایی هەرێم خەرجی بكات.
ئەوەشی وتووە، "ئەو فەرمانگانە "جنسیە، ئیقامە، پاسپۆرت، كارتی زانیاری" هێشتا موچەی دوو مانگی ساڵی رابردویان وەرنەگرتوە و جگە لەو دو موچەیە دوا موچەش هی مانگی 9یە كە وەریانگرتوە، هەڵبەتە ئەزانین كە بەهۆی میلاكاتێكی زۆرەوە دەبێت وەزارەتی دارایی هەرێم خۆشی بەشێكی ئەو موچەیە تەمویل بكات بەڵام لەو حاڵەتەشدا بە ئاسانی دەتوانن لانیكەم موچەی دو مانگیان بۆ خەرجبكات".
ئاماژەی بەوەشكردووە، "لە چوار ساڵ رابردوودا هەوڵی زۆرماندا ئەو بارگرانیە لەسەر شانی حكومەتی هەرێم هەڵگرین و وەك پاسەوانی سنور راستەوخۆ موچەی ئەو فەرمانگانە بخەینەوە سەر بەغداد، بەداخەوە لە هەرێمەوە بەهۆی بەكارهێنانی ئەو فەرمانگانە بەنەفەسێكی حزبی پشتیوانی ئەو داواكاریەی ئێمە نەبوون، وەك ئەندامی لیژنەی دارایی ئێستا جدی تر كار بۆ ئەو پرۆژەیە دەكەین".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group