كاوە محەمەد: هێرشەكانی توركیا رانەگیرێن، كۆمەڵكوژی لە مەخمور روودەدات

14/12/2018 عێراق

نەوا-

پەرلەمانتارێكی گۆران لەسەر بۆردومانكردنی كامپێكی مەخمور داوا لە دەسەڵاتدارانی عێراق و نەتەوەیەكگرتوەكان دەكات هەڵوێستیان هەبێت و هەنگاوی بەپەلە بنێن.
كاوە محەمەد، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە یاداشتێكدا داوا لە سەرۆك كۆمار، سەرۆك وەزیران، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و پەرلەمانتارانی عێراق، رێكخراوی نەتەوەیەكگرتوەكان، ئەنجومەنی ئاسایش و ئاژانسی نێودەوڵەتی بەهاناوەچونی پەنابەران دەكات، سەبارەت بە بۆردومانكردنی كامپی رۆستەم جودی لە قەزای مەخمور هەڵوێستیان هەبێت و هەنگاوی بەپەلە بنێن و كۆمەڵكوژیی ئەو هاوڵاتیانە و پێشێلكردنی سەروەری خاكی عێراق رابگرن.
ئەو پەرلەمانتارە لە یاداشتەكەدا ئەوەی خستوەتەڕو، كە فڕۆكە جەنگییەكانی توریكا شەوی پێنج شەممە بۆردومانی ئەو كامپەیان كردوە كە هەزاران خێزانی پەنابەری كوردی تێدا نیشتەجێبون كە لەژێر ستەمی دەسەڵاتی توركیا رایانكردوە و بەهۆی بۆردومانەكەوە ژمارەیەك كەس شەهید و برینداربون.
كاوە محەمەد، هۆشدارییداوە ئەگەر ئەو پەلامارە دوژمنكارانەیە دژی پەنابەرانی كورد بەردەوام بێت، بە دڵنیاییەوە كۆمەڵكوژیی گەورە دروست دەبێت و سەدان كەس دەبنە قوربانی، كە ژن و منداڵیش لەناو قوربانییەكاندا دەبن.
پەرلەمانتارەكەی گۆڕان، رایدەگەیەنێت: لە سۆنگە و دیدی نیشتیمانیی و مرۆییەوە بانگەواز ئاڕاستەی دەسەڵاتدارانی عێراق و رێكخراوە نێودەوڵەتی و مرۆییەكان دەكات هەنگاوی بەپەلە بنێن و ئەو كۆمەڵكوژییانە رابگرن، كە پێشێلكردنێكی راستەوخۆ و ئاشكرای سەروەریی عێراق.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group