روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ: هەجین لە داعش پاككراوەتەوە

14/12/2018 جیهان
بە پێی وتەی بەرپرسی روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ كە ناوەندەكەی لە بەریتانیایە، هێزەكانی سوریای دیموكراتی، شارۆچكەی هەجینی پارێزگای دێرەزوریان لە داعش پاكردۆتەوە، بەڵام سەرچاوەكانی نزیك لەو هێزە ئاماژە بەوەدەدەن كە داعش دواهەناسەكانی لە شارۆچكەكە و دەوروبەری دەكێشێت و لە یەك دوو رۆژی داهاتوودا كۆتایی هاتنی ئەو شەڕە رادەگەیەنن.
رۆژی هەینی ئاژانسەكانی هەواڵ لە زاری رامی عەبدولرەحمان، بەرپرسی روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ، هەواڵی كۆنتڕۆڵكردنی شارۆچكەی هەجینیان، لە لایەن شەڕڤانانی هەسەدە بڵاوكردەوە.
شارۆچكەی هەجینی سەر بە پارێزگای دێرە زور كە كەوتوەتە نزیك سنوری سوریا و عێراق بە دوایین قەڵای داعش لە ناوچە دادەنرا و لە مانگی ئەیلولی ئەمساڵەوە شەڕڤانانی هەسەدە بەپاڵپشتی هێزەكانی هاوپەیمانان لە هەوڵی پاككردنەوەی شارۆچكەكە و دەوروبەریدان لەو رێكخراوە.
هەرچی سەرچاوەكانی نزیك لە شەڕڤانانە، تا ئێستا هەواڵی پاككردنەوەی تەواوەتی هەجین لە داعش پشتڕاست ناكەنەوە.
ئاژانسی هاوار نیوز باس لە بەردەوامی شەڕێكی قورس لە شارۆچكەكە و رزگاركردنی 500 هاوڵاتی مەدەنی دەكات و سەرچاوەیەكیش لە هەسەدە بە رۆیتەرزی وتووە، سەنتەری شارۆچكەكە بە تەواوەتی كەوتوەتە دەست شەڕڤانان و لە یەك دوو رۆژی داهاتوودا بە تەواوەتی هەجین و دەوروبەری لە داعش رزگار دەكەن.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group