ئەحمەد حاجی رەشید: دوو ئەگەری بەهێز لە بەردەم پشكی هەرێمدان لە بودجە

16/12/2018

نەوا
ئەندامێكی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەڵێت "بەپێی رێككەوتنێكی پارتی و بەشێك لە لایەنە سیاسیەكانی عیراق، دوو بژاردە لەبەردەم پشكی بودجەی هەرێمدایە، یان پشكەكە بە رێژەی 14% جێگیربكرێت و نەوتی كوردستان رادەستی سۆمۆ بكرێت، یاخود هاوشێوەی ساڵی رابردو بڕێك پارە لە بەغداوە بەمەبەستی تەواوكردنی پارەی موچەخۆران بۆ هەرێم رەوانە بكرێت".
لە میانی بەرنامەی لەگەڵ رووداوەكانی رادیۆ نەوا، ئەحمەد حاجی رەشید ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند: رێككەوتنێكی پارتی لەگەڵ هەندێك هێزی سیاسی عیراق، بە تایبەتی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران هەیە سەبارەت بە پرسەكانی نەوت، خاڵە گومرگییەكان و چەند پرسێكی دیكە، بەڵام ئەو رێككەوتنە تائێستا نەچوەتە چوارچێوەی پڕۆژەیاسای بودجەوە.
رونیشیكردەوە، بەپێی رێككەوتنەكە یان دەبێت نەوتی هەرێم رادەستی بەغدا بكرێت و لە رێگەی كۆمپانیای بە بازاڕكردنی نەوتی عیراق (سۆمۆ) هەناردە بكرێت، لە بەرانبەردا حكومەتی فیدراڵیش پشكی 14% ی بودجە رەوانەی هەرێم بكات، یاخود هاوشێوەی پێشوو هەرێم بتوانێت نەوتی خۆی بفرۆشێت و ئەو بڕەشی پێویستی دەبێت، واتە 317 ملیار دینارەكە وەك ساڵی رابردو بەغدا بۆی بنێرێت، بۆیە ئەم دوو ئەگەرە بەهێزن و بۆ ساڵی داهاتوو كێشەی بودجە لەنێوان هەرێم و حكومەتی فیدراڵ لەو چوارچێوەدا دەمێنێتەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group