زانیاری لە بارەی سوتان و گیانلەدەستدانی سێ منداڵەكەی قەزای چەمچەماڵ ئاشكرا دەكرێت

17/12/2018

نەوا-پێشكەوت عەبدوڵڵا-سلێمانی
بەفەرمانی دادوەری لێكۆلینەوە باوكی ئەو سێ منداڵەی بەهۆی ئاگر كەوتنەوەكەی شەوی 16ی كانونی یەكەم لە قەزای چەمچەماڵ گیانیان لە دەستدا، دەستبەسەركرا.
بەپێی زانیاریەكانی رادیۆی نەوا پاش وەرگرتنی وتەی دایكی ئەوسێ منداڵەی لە گەڕەكێكی قەزای چەمچەماڵ بەهۆی سوتانی ماڵەكەیانەوە گیانیان لە دەستدا، بەمەبەستی لێكۆڵینەوەی وردتر لەروداوەكە لە ئێستادا بە فەرمانی دادوەر باوكی ئەو سێ منداڵە دەستبەسەر كراوە.
بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر رادیۆ نەوا پەیوەندی كرد بە نەقیب سەركەوت ئەحمەد بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەكانی پۆلیسی سلێمانی، لەلایەن خۆیەوە زانیاریەكانی تایبەت بە دەستگیر كردنی باوكی سێ منداڵەكەی پشتڕاستكردەوە وتیشی: "دەستبەسەركردنی باوكی ئەو سێ منداڵە لەلایەن دادوەرەوە بوەو بەمەبەستی وەرگرتنی وتەكانیەتی"، ئەوەشی وت: "نازانرێت ئەو تاوانبارە یاخود نا تاوەكو ئەنجامی لێكۆلینەوەكان ئاشكرانەكرێت".
شەوی یەك شەممە 16 كانونی یەكەم رەمك رەمەزان قائیمقامی قەزای چەمچەماڵ بۆ رادیۆ نەوا وتی: " لە رووداوێكی ئاگركەوتنەوە لە گەڕەكی ئاسودەی قەزاكە لەماڵێكدا سێ منداڵ "دوو كچ و كوڕێك" كە تەمەنیان لەنێوان یەك ساڵ بۆ پێنج ساڵدابووە گیانیان لەدەستداوەو بەهۆی ئاگرەكەشەوە دایكی منداڵەكان رێژەیەكی زۆری جەستەی سوتاوە".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group