پۆلیسی سلێمانی لەسەر روداوەكەی چەمچەماڵ پەیامێك ئاڕاستەی هاووڵاتیان دەكات

18/12/2018

نەوا-لاڤە كوردە 
دوای ئەوەی بەهۆی روداوی ئاگركەوتنەوەكەی قەزای چەمچەماڵ خاوەن ماڵ دەستگیركرا، پۆلیسی سلێمانی رونكردنەوە دەدات و پەیامێكیش ئاڕاستەی هاووڵاتیان دەكات . 
لەوبارەیەوە نەقیب سەركەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی لە میانی بەشداریكردنی لە بەرنامەی "شەقام"ی رادیۆ نەوادا وتی "كاتێك لەسەر روداوێك كەسێك بەند دەكرێت، مانای ئەوە نییە ئەو كەسە تۆمەتبارە و دەبێت سزای بەسەردا بسەپێنرێت".
راشیگەیاند، لەسەر روداوەكەی چەمچەماڵ، كە 3 منداڵی تێدا سوتا و گیانیان لەدەستدا، باوكەكە دەستگیركراوە و دادوەریش دەڵێت "لەبەر سەلامەتی لێكۆڵینەوە و گیانی ئەو كەسەیە، نەك كەسوكاری ژنەكە یان كەسی دیكە گومانی بخەنەسەر، بەڵكو دەبێت لێكۆڵینەوەكانی بەرگری شارستانی و پۆلیس و پزیشكی دادوەری كۆتاییان پێبێت، ئەوكات دادوەر دەگاتە ئەوەی ئەم كەسە تاوانبارە یاخود نا".
شەوی 16 لەسەر 17ی ئەم مانگە، روداوێكی ئاگركەوتنەوە لە گەڕەكی ئاسودەی قەزای چەمچەماڵ رویدا و بەوهۆیەوە سێ منداڵ گیانیان لەدەستدا و دایكیشیان بەهۆی سەختی سوتانەكەیەوە لە ژێر چاودێری وردی پزیشكیدایە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group