نەتەوە یەكگرتووەكان ئیدانەی پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ دەكات لە ئێران

18/12/2018 جیهان

نەوا
كۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان ئیدانەی پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ و جێبەجێكردنی سزای لە سێدارەدانی كرد لەلایەن ئێرانەوە. 
پڕۆژە بڕیاری ئیدانەكردنی پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ لەلایەن ئێرانەوە كە لەلایەن كەنەداوە پێشكەشی كۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان كراوە، بە 84 دەنگ پەسەند كرا.
30 وڵات پڕۆژە بڕیارەكەیان رەتكردەوە و 67 وڵاتیش بێلایەنیان هەڵبژارد. 
لە بڕیارەكەدا "نیگەرانی زۆر" دەربڕدراوە لە بەردەوامیدان بە‌ پێشێلكارییەكانی مافەكانی مرۆڤ لەلایەن ئێرانەوە. ئیدانەی ئەوەشكراوە كە لەو دادگاییكردنانەی كە بە پێی پێودانگە نێودەوڵەتییەكان بەڕێوە ناچن بڕیاری لە سێدارەدان بۆ ژمارەیەكی زۆر لە خەڵك دەدرێت و سزای لەسێدارەدان بە سەر منداڵانیشدا جێبەجێ دەكرێت. 
لەبڕیارەكەدا ئەشكەنجە، مامەڵەی خراپ، پێشێلكردنی مافی ئازادیی دەربڕین، خۆپیشاندان و گردبوونەوە و جیاكاری دژی ژنان و كەمینەكان ئیدانەكراوە و داواكراوە ئەم بابەتانە لە ئێران چاكبكرێن. 
هەروەها داوا لە حكومەتی تاران كراوە، كۆتایی بە پێشێلكاری و سنورداركردنی ئازادیی ئۆپۆزسیۆنی سیاسی، داكۆكیكارانی مافی مرۆڤ، ژینگەدۆستان، كەسایەتیی ئەكادیمی، سینەماكاران، رۆژنامەنووسان، بەكارهێنەرانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بهێنێت بە ئازادیی گردبوونەوە و خۆپیشاندانیشەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group