خاوەنی خانوەكانی گوندی كۆری: لەگەڵ بەڵێنەكەی سەرۆكی حكومەت هەژارتربوین

19/12/2018

نەوا-سەعید عەبدوڵڵا-هەولێر 
بەمەبەستی داواكاری چارەنوسی پشكەكانیان لە پرۆژەی نیشتەجێبوونی گوندی كۆری، بەشداربووانی پرۆژەكە لەشاری هەولێر خۆپیشاندانێكیان ئەنجامدا.
بەیانی ئەمڕۆ 19-12-2018 نوێنەرانی چوار هەزار سودمەندی گوندی كۆری لەشاری هەولێر، خۆپیشاندانێكیان سازكرد و داوای چارەنوسی پێدانی خانوەكانیان دەكرد، كە ماوەی نزیكەی پێنج ساڵە چاوەڕێی تەواوبونی دەكەن.
لەوبارەیەوە نەبەز عەبدولحەمید قائیمقامی قەزای ناوەندی هەولێر لەكاتی كۆبونەوەی لەگەڵ خۆپیشاندەران وتی "لەئێستادا سەرقاڵی دۆزینەوەی رێگاچارەین بۆ چارەسەركردنی كێشەی ئەو هاووڵاتیانەی خانوویان لە گوندی كۆری هەیە و تائێستا وەریان نەگرتوە، بۆ ئەو مەبەستەش سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاگاداری ئەو پرسەیە".


لەبەردەم قائیمقامیەتی قەزای هەولێر بەشدارانی پرۆژەكە گردبونەوە و ئاماژەیان بۆ ئەوەكرد، كاتێك سەرۆكی حكومەت بڕیاری پێدانی ئەو پێنج هەزار خانوەی بۆ هەژار و كەمدەرامەتەكان دەركرد، وایانزانی لە دەردی كرێچیەتی رزگاریان دەبێت، بەڵام هەژارتر بون، چونكە ماوەی پێنج ساڵە چاوەڕێی تەواوبونی ئەو خانوانە دەكەن و ئەگەر حكومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان بەدەم داواكاریەكانیانەوە نەچن، ئەوا رێگای دیكەی مەدەنی دەگرنەبەر و خۆپیشاندان و گردبونەوەكانیان درێژەی دەبێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group