نوێكردنەوەی مۆڵەتی شۆفێری گۆڕانكاری بەسەردا دێت

09/01/2019

 

بڕیارە لە هەفتەی داهاتوەوە بەشێك لەو كەسانەی مامەڵەی نوێكردنەوەی مۆڵەتی شۆفێری دەكەن، وانەی هاتووچۆیی بخوێنن.
كاروان محەمەد سدیق، وتەبێژی هاتووچۆی سلێمانی سەبارەت بە وتنەوەی وانە بە شۆفێران لەكاتی نوێكردنەوەی مۆڵەتەكانیاندا بە ماڵپەڕی هاتووچۆی ڕاگەیاندوە، بڕیاریان داوە ئەو كەسانەی بەسیستمی كۆن مۆڵەتی شۆفێریان دەرهێناوە واتە لەپێش ساڵی (2005)وە پێویستە كاتێك سەردانی هاتووچۆی سلێمانی دەكەن بۆ نوێكردنەوەی مۆڵەتەكانیان دوو وانەی هاتووچۆیی بخوێنن لە ناو بارەگای بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆ دا، كە وانەكان لەلایەن مامۆستایانی نوسینگەكانی شۆفێرییەوە دەوترێنەوە لە كاتژمێر (11)ی پێش نیوەڕۆدا‌ و دوای خوێندنی ئەو دوو وانەیە مۆڵەتەكانیان نوێدەكرێنەوە. 
وتەبێژی هاتووچۆی سلێمانی جەختی لەوەشكردەوە، خوێندنی ئەو دوو وانەیە بەبێ‌ بەرامبەرە‌و مەبەستیش لێی ئاشناكردنی شۆفێرانە بەسیستمی نوێی مۆڵەتی شۆفێری، وتیشی: لە هەفتەی داهاتوەوە ئەم بڕیارەی هاتووچۆی سلێمانی دەكەوێتە بورای جێبەجێكردنەوە.  

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group