عادل عەبدولمەهدی: رێگە بە جوڵاندنی هێزی سەربازی نادەین لە كەركوك

10/01/2019

 

نەوا
عادل عەبدولمەهدی رایگەیاندووە، "بۆ یەكلایكردنەوەی كێشەی هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە كەركوك، چاوەڕێی بڕیاری دادگای فیدراڵی دەكەین و رێگەش نادەین دژی كورد جوڵە بەهێز بكرێت". 

عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عیراق و نوێنەرانی یەكێتی لە كەركوك كۆبوونەتەوە، لەبارەی كۆبوونەوەكە جەمال شكور پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمانی عیراق بە ماڵپەڕی فەرمی حزبەكەی راگەیاندووە، "كۆبوونەوەكە تایبەت بوو بەكێشەكانی كەركوك، بەتایبەت دوای هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لەسەر بارەگاكانی یەكێتی، سەرۆك وەزیران پێی راگەیاندین بەهیچ شێوەك رێگە بەجوڵەی هێزی سەربازی نادات و بۆ یەكلایكردنەوەی ئەو بابەتەش چاوەڕێی بڕیاری دادگای فیدراڵی عیراق دەكەین"
ئەوەشی وت: "بە سەرۆك وەزیرانمان راگەیاند لەدوای ساڵی 2003ەوە لە كەركوك ئاڵای كوردستان تا ساڵی 2017 هەڵكراوەو هیچ كێشەیەك نەبووە، هەڵكردنی ئاڵای كوردستانیش لەسەر بارەگاكانی یەكێتی بەمافی خۆمان دەزانین و كەركوك ناوچەی جێناكۆكەو بۆ ئێوە چۆنە، بۆ ئێمەش بەهەمان شێوەیە و بەهیچ شێوەیەكیش ئاڵای كوردستان داناگیرێت".  
وتیشی: "ئەوەشمان پێڕاگەیاند كە لەكەركوك زوڵم لەكورد دەكرێت و سەر ئەنجامی ئەوەش دەبێتە هۆی تەقینەوەی شەقامی كورد لەشارەكەو بارودۆخەكە خراپتر دەكات"، ئەوەش دەڵێت: "سەرۆك وەزیرانمان لەتەواوی كارە نایاسایی سەرپێچیەكانی پارێزگار بەوەكالەت ئاگادار كردەوە، گفتوگۆش لەسەر لابردنی خاڵە گومرگییەكان كراو سەرۆك وەزیران پێی راگەیاندین بڕیاری لابردنی سەرجەم خاڵە گومرگییەكانیان داوە، بەڵام رێوشێون هەیە دەبێت تەواو بكرێت".
بەوتەی جەمال شكور پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمانی عیراق، لەكۆبوونەوەكە عادل عەبدولمەهدی راشیگەیاندوە كە پارتی دیموكراتی كوردستان دەگەڕێتەوە كەركوك و بارەگاكانی دەكاتەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group