نەوەی نوێ چەند پێشنیارێك دەداتە لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران

12/01/2019 عێراق

 

فراكسیۆنی‌ نەوەی‌ نوێ‌ لە ئەنجومەنی‌ نوێنەرانی‌ عیراق رایگەیاند كە بودجە یاسایە و پێویستە هەمووان پێوی‌ پابەند بن و لە حاڵەتی‌ جێبەجێنەكردنی‌ مادەیەك لە مادەكانی‌ لەلایەن حكومەتی‌ هەرێمەوە ناكرێت گەلی‌ كوردستان بە بڕینی‌ بودجە و مووچەی‌ فەرمانبەران و پێشمەرگە سزا بدرێت.
لە نووسراوێكدا فراكسیۆنی‌ نەوەی‌ نوێ‌ لە ئەنجومەنی‌ نوێنەرانی‌ عیراق تێبینییەكانی‌ لەسەر پرۆژەیاسای‌ بودجەی‌ 2019ی‌ عیراق ئاراستەی‌ لیژنەی‌ دارایی ئەنجومەنی‌ نوێنەران كردووە.
لە نووسراوەكەدا فراكسیۆنی‌ نەوەی‌ نوێ‌ رایگەیاندووە كە لە پرۆژەیاسای‌ بوجەدا ناوی‌ پارێزگای‌ هەڵەبجە نەبراوە، كە بەپێی‌ چوارچێوە یاساییە كارپێكراوەكان لە عیراق بووە بە پارێزگا.
فراكسیۆنی‌ نەوەی‌ نوێ‌ باسی لەوەشكردووە: "لە پرۆژەیاساكەدا مافەكانی‌ هێزی‌ پێشمەرگە پشتگوێ‌ خراوە، كە بەشێكە لە دامەزراوەی‌ بەرگری‌ عیراق و رۆڵی‌ پاڵەوانانەی‌ هەبووە لە شەڕەكانی‌ ئازادكردنی‌ شارە داگیركراوەكانی‌ ژێردەستی‌ داعش".
ئاماژەشی‌ بەوەداوە كە "بودجە یاسایەكە ئەنجومەنی‌ نوێنەران پەسەندی‌ دەكات بۆیە پێویستە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان پابەندبن بە جێبەجێكردنی‌ مادەكانی‌ بودجەوە".  جەختیشی‌ لەوە كردووەتەوە كە " هیچ لایەنێك مافی‌ ئەوەی‌ نییە مادەكانی‌ ئەو یاسایە پێشێل بكات، ئیتر حكومەتی‌ فیدڕاڵی‌ بێت یان حكومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستان".
فراكسیۆنی‌ نەوەی‌ نوێ‌ دەشڵێت: "لە حاڵەتی‌ جێبەجێنەكردنی‌ مادەیەك لە مادەكانی‌ بودجە لەلایەن حكومەتی‌ هەرێمەوە ناكرێت گەلی‌ كوردستان بە بڕینی‌ بودجەی‌ هەرێم و مووچەی‌ فەرمانبەران و هێزەكانی‌ پێشمەرگە سزا بدرێت".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group