"كاردەكرێت بۆ پێدانی موچەی سێ مانگی 2018 ی فەرمانبەرانی هەرێم"

23/01/2019 عێراق

 

وەزیری دارایی عیراق رایگەیاند"بەغدا بەردەوام لەسەر ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم" و دەشڵێت: "كاردەكەین بۆئەوەی سێ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم رەوانە بكەین".
فوئاد حسێن وەزیری دارایی عیراق لەلێدوانێكدا رایگەیاند: ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەبەغداوە گرەنتیە و فەرمانبەرانی هەرێم دڵنیادەكەینەوە كە موچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە ئەوەی لەبودجەدا دانراوە رەوانە دەكرێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، لەحاڵەتێكدا ئەگەر بڕگەی دیكەش بهێننە پێشەوە، موچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە هەر دەدرێت لەلایەن بەغداوە.
راشیگەیاند: دوای پەسەند كردنی بودجە، دانوستاندنێك لەنێوان هەرێم و بەغدا دەستپێدەكات دەربارەی رادەستكردنی 250ھەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە، بۆئەوەی ساڵی داهاتوو ئەم كێشەیە دووبارە نەبێتەوە.
سەبارەت بەسێ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەساڵی 2018 كە لەلایەن عیراقەوە نەدراوە، فوئاد حسێن وتی:"بەپێی رێككەوتنێكی نێوان هەرێم و بەغدا لەوكاتەی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عیراق بوو، بڕیاردرا ناردنی 317 ملیار دینار مانگانە رەوانەی هەرێم بكرێت، بەڵام ناردنی ئەو پارەیە لەمانگی چوارەوە دەستیپێكرد، بۆیە گفتوگۆ دەكەین لەسەر ئەوەی موچەی سێ مانگی یەكەمی ساڵی رابردوو چۆن ئیزافە بكەین، ئەو بابەتە خراوەتەڕوو.



شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group