ناتانیاهوو پەیامێك بۆ سولەیمانی دەنێرێت

23/01/2019 جیهان

 

بنیامین ناتانیاهوو سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل داوا دەكات فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران، لە بری هەوڵدان بۆ دەستوەردان لە هەڵبژاردنەكانی ئیسرائیل، بیر لە دۆخی ئەو بنكە سەربازیانە بكاتەوە كە دەیەوێت لە سوریا بیانكاتەوە.
ناتانیاهوو لە رێگەی هەژماری خۆیەوە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر، پەیامێكی ئاراستەی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودس كردووە و نوسیویەتی: لە بری دەستوەردان لە هەڵبژاردنی داهاتووی ئیسرائیل واباشترە، كە بیر لە دۆخی ئەو بنكە سەربازیانەی وڵاتەكەی بكاتەوە كە بە نیازە لە سەر خاكی سوریا دایانبمەزرێنێت.
نوسیویشیەتی: تا ئەو كاتەی من سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل بم دەستبەرداری رووبەڕووبونەوەی ئێران نابم.
ئەمەش دوای ئەوە دێت كە رۆژنامەی عەرەبی جەدیدەی كوەیت بڵاویكردەوە كە قاسم سلێمانی لە هەوڵی ئەوەدایە بە رێگەی بەردەوام بوون لە موشەكباران كردنی ئیسرائیل، لە هەڵبژاردنی داهاتووی ئەو وڵاتەدا كێرڤی جەماوەری ناتانیاهوو دابەزێنێت و كۆتایی بە دەسەڵاتی ناوبراو بهێنێت.
بڕیارە رۆژی 9 ی نیسانی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئیسرائیل بەڕێوەبچێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group