بەشیر حەداد: موچەی فەرمانبەران و پێشمەرگەمان لە ململانێ سیاسیەكان دورخستەوە

23/01/2019 عێراق

 

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، پرۆژەیاسای بودجە تەواوكراوە، ئەوەی لە بودجە بۆ كورد دانراوە "دەتوانم بڵێم پێی رازین و باشە، گرنگ ئەوەیە توانیمان مووچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە بخەینە دەرەوەی كێشمەكێشە سیاسییەكان".
بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێكدا رایگەیاند: "بێگومان ئەمڕۆ كۆبوونەوە دەكرێت، كۆبوونەوەكەش پرسی بودجەی تێدایە، لەبەرئەوەی پرسی بودجە لە لیژنەی دارایی تەواوبووە، چاوەڕوان دەكرێت بۆ ئێوارە بگاتە پەرلەمان بۆ ئەوەی لە دانیشتنی ئێوارە ئەو بابەتە بخرێتە گفتوگۆ و دەنگ لەسەر یەك بە یەكی ماددەكان و پاشان لەسەر كۆی پرۆژەیاساكە بدرێت".
سەبارەت بە جێگیركردنی پشك و مافی كورد لە پرۆژەیاسای بودجەی 2019، بەشیر حەداد وتی:  "ئەوەی بۆ كورد دانراوە؛ دەتوانم بڵێم پێی رازین و باشە، گرنگ ئەوەیە توانیمان مووچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە بخەینە دەرەوەی كێشمەكێشە سیاسییەكان، حكومەتی هەرێمی كوردستانیش پابەندكراوە بەوەی رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی كۆمپانیای سۆمۆ بكات لەگەڵ هەموو داهاتە فیدراڵییەكان بۆ خەزێنەی گشتی دەوڵەت، ئەگەر پابەندنەبێت ئەوكاتە بەشی بودجە و وەبەرهێنان و پرۆژەكان هێندەی ئەوەی ناینێرێت لێی دەبڕدرێت، بەڵام ئەمە كارناكاتە سەر ناردنی مووچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group