پارتی و كۆمەڵ جەخت لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندیەكانیان دەكەنەوە

12/02/2019

 

وتەبێژی پارتی دەڵێت: كۆبوونەوەیان لەگەڵ كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان بەسود بووە، هەوڵ دەدەن پەڕەیەكی نوێ لەگەڵ ئەو حزبە هەڵبدەنەوە، هاوتاكەشی لە كۆمەڵی ئیسلامی باس لەوەدەكات: تا ئێستا كۆتا بڕیاریان لە بەشداری لە حكومەت یان بوون بە ئۆپۆزسیۆن نەداوە.
رۆژی سێ شەممە شاندی پارتی و كۆمەڵی ئیسلامی لە پیرمام كۆبوونەوە و دوای كۆبوونەوەكە وتەبێژانی ئەو دوو حزبە ناوەرۆكی كۆبوونەوەكەیان خستەڕوو.
مەحمود محەمەد وتەبێژی مەكتەبی سیاسی پارتی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "پەیوەندی ئێمەو كۆمەڵی ئیسلامی هەورازو نشێوی بەخۆوە بینیبێت، هەوڵمانداوە باشبێت و لەمەودواش هەوڵی جدی دەدەین پەیوەندیەكانمان جیابكەینەوە لەگەڵ حزب و حكومەت و پەڕەیەكی نوێ هەڵدەدەینەوە".
سەبارەت بەكۆبونەوەیان لەگەڵ یەكێتی، ئاشكرایكرد، "بەردەوام لەگفتوگۆداین بۆئەوەی ناوەڕۆكی كۆبونەوەمان لەگەڵ یەكێتیی بكەوین و نوسینەوەی ڕێكەوتنەكەی نێوانیشمان لەقۆناغی كۆتاییدایە، وەك چۆن لەڕابردوودا ڕێكەوتنی ستراتیژیمان هەبوە، لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕانیش لێكتێگەیشتنی زۆر نزیكمان هەیە".
ناوبراو ڕەتیشیكردەوە، كێشە لەبەردەم كۆبونەوەی 18ی ئەم مانگەی پەرلەمان دروستبوبێت، وتی:"هەمولایەنەكان كۆكین لەسەرئەوەی لە18ی مانگ كۆبونەوەی پەرلەمان بكرێت، ئاماژەكان بۆئەوەیە یەكێتیش بەشدار دەبێت".
سەبارەت بەو لایەنانەی بەشداری لایەنەكان لەحكومەت، وتەبێژەكەی پارتی وتی:"ناكرێت و قبوڵكراونییە لەهیچ وڵاتێك ئۆپۆزسیۆن بێت و لەناو حكومەتیش بێت، ئەگەر باوەڕی بەحكومەت نەبێت دەبێت نەمێنێت لەحكومەت".
مەحمود محەمەد لەبارەی كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكیشەوە وتی:"كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك تەنها بریتی نییە لەلیستی برایەتی، بەڵكو پەیوەستە بەسەرجەم لایەنەكان، وەك دەستپێكی كارەكە پێمانباشە لەهەولێربێت و دواتر خۆیان بڕیاربدەن لەشوێنی دیكە كۆببنەوە".
لای خۆیشیەوە ڕێبوار حەمەد وتەبێژی كۆمەڵی ئیسلامی ڕایگەیاند، "لای ئێمەو پارتیش نیەتێك هەیە پەیوەندی سیاسیمان ببەینە قۆناغێكی باشتر، پەیوەندیە حكومییەكان و پەرلەمانیش جیادەكرێنەوە لەپەیوەندی حزبی".
ئاشكرایكرد، "لەكۆبونەوەی 18ی مانگی‌ پەرلەمانی‌ كوردستان بەشداردەبین، بەڵام خۆمان گفتوگۆ دەكەین و هەڵوێستمان بەگوێرەی‌ دەرهاویشتەكان دەبێت".
سەبارەت بە بەشداری كردنیشیان لە حكومەت وتی: هەر دوو ئەگەری بەشداری لە حكومەت و بوون بە ئۆپۆزسیۆن لەبەردەمیان كراوەیە و بۆ كۆتا بڕیاریش لەسەر ئەو پرسە چاوەڕێی بەرچاوروونی زیاترن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group