هێزە ئەمنیەكانی توركیا رێگەیان لە گردبوونەوەكانی هەدەپەگرت

15/02/2019

 

پۆلیس و هێزە ئەمنیەكانی توركیا لە چەند شارێكی باكوری كوردستان رێگریان كرد لە گردبوونەوەی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) كە بۆ پشتیوانی لە پەرلەمانتارێكی مانگرتووی ئەو حزبە رێكخرابوو.
رۆژی هەینی، هاوكات لەگەڵ 100 ەمین رۆژی مانگرتنی لەیلا گیوڤەن پەرلەمانتاری هەدەپە و بیستەم ساڵیادی رفاندنی عەبدوڵا ئۆجەلان، بڕیاربوو لە چەند شارێكی باكوری كوردستان گردبوونەوە بەڕێوەبچێت.
گردبوونەوەكان كە لە لایەن هەدەپەوە رێكخرابوون و بڕیاربوو لە شارەكانی سێرت، ئێلیح، چەولیگ و مێردین بەڕێوەبچن، بەڵام بەهۆی بڕیارەكانی قەدەخەی ئەنجامدانی چالاكیی سیاسی و گردبوونەوەی جەماوەریی كە لە 15 شاری باكووری كوردستان و توركیا دەركرابوو، هێزە ئەمنییەكان رێگریان لێكردن.
جێی باسە ماوەی 100 رۆژە لەیلا گیوڤەن پەرلەمانتاری هەدەپە لە دژی گۆشەگیری سەر عەبدوڵا ئۆجەلان سەرۆكی پەكەكە مانی لە خواردن گرتووە.
رۆژی 15 ی شوباتی 1999 ئۆجەلان لە كینیا رفێنرا و رادەستی توركیا كرایەوە و لەو كاتەوە تا ئێستا لە دورگەی ئیمراڵی دەستبەسەرە و زیاتر لە 3 ساڵە رێگە بە پارێزەرانی نادەن لە زیندان چاویان پێیبكەوێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group