یاری PUBG تەنگژەی لەناو سوپای عیراقدا دروستكردوە

16/02/2019

نەوا


بەرپرسانی سەربازیی عیراق ئاشكرایدەكەن، ژمارەیەكی زۆر سەرباز ئالودەی یاری PUBG بوون و ئەوەش بوەتەهۆی دروستبوونی كەلێن و كێشەی ئەمنی.
ماڵپەڕی "ئەلعەرەبی ئەلجدید" لەراپۆرتێكدا بڵاویكردوەتەوە، ژمارەیەكی زۆر سەرباز و ئەندامانی هێزی ئەمنیەكان ئالودەی یاری PUBG بوون، كە لەماوەی دواییدا بەشێوەیەكی بەرچاو لەجیهاندا بڵاوبوەتەوە و بەهۆی ئەوەشەوە وەزارەتی بەرگری چەندین رێوشوێنی گرتوەتەبەر و سزاكانی توندتر كردوەتەوە لەناو دامەزراوە سەربازیەكاندا.
بەپێی وتەی بەرپرسە سەربازیەكان، ژمارەی ئەو سەربازانەی ئالودەی ئەو یاریە بون، كەم نین، سەرەڕای سزادان و توندكردنی رێوشوێنەكان هێشتا نەتوانراوە كۆنترۆڵ بكرێت، بۆیە ئەو یاریە بوەتەهۆی دروستبوونی كێشە و كەلێنی ئەمنی، چونكە سەربازان لەكاتی پاسەوانی و پرۆسەكانی چاودێری سەرقاڵی ئەو یاریە دەبن.
ئەو ئالودەبوونە نیگەرانی لەناو دامەزراوە ئەمنیەكاندا دروستكردوە و لەئێستادا داوا دەكرێت مۆبایلی زیرەك بە ئەندامانی هێزە ئەمنیەكان نەهێڵرێت لەكاتی ئەركدا.
لەوبارەیەوە محەمەد یاسین عەمیدی خانەنشین و ئەندامی "كۆمەڵی شەڕكەرە عیراقییە كۆنەكان" بە ماڵپەڕەكەی وتوە، ئەو كێشەیە تەنها لەناو سوپاو پۆلیسدا نییە، بەڵكو ژمارەیەكی زۆر دامەزراوەی ئەمنی گرتوەتەوە و ئەوەش بوەتەهۆی دروستبوونی كەلێنی ئەمنی.
سەربازانی عیراقی هۆكاری سەرقاڵبونیان بەو یاریەوە بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە، كە كەشوهەوای سەربازگەكان بێزاركەرن و یەكێك لەو سەربازانە دەڵێت "زۆربەی سەربازەكان بەتایبەتی گەنجەكان پێوەی سەرقاڵن، تەنانەت لە رۆژەكانی پشوشدا لە ماڵ ناچنەدەرەوە، چونكە ئالودەی یاریەكە بون، كاتێكیش سواری ئۆتۆمبێلە سەربازیەكان دەبن و دەچن بۆ ئەركێك، هەر یاری دەكەن".
لە چەند رۆژی رابردودا، گرتەیەكی ڤیدیۆیی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی تەنی كە تێیدا سەربازێكی عیراقی یاری PUBG دەكات و تەنانەت سەربازێكی هاوڕێی بەفەرمانی ئەفسەرەكەی چەكەكەی لێ دەشارێتەوە و ئاگای لەخۆی نییە، دواتر ئەفسەرەكە بەشكاندنی مۆبایلەكەی سزای ئەو سەربازە دەدات.

پەبجی یەكێكە لە ناودارترین یارییە ئەلیكترۆنییەكانی ئێستای جیهان و لەسەر ئامێرە جیاوازەكان ملیۆنەها كەس رۆژانە یاری پێ دەكەن. یارییەكە زیاتر لە ساڵێكە بڵاوكراوەتەوە و لە ئێستاوە چەندین ژمارەی پێوانەیی شكاندووە.
پەبجی یارییەكی جەنگییە كە لەسەر هەریەكە لە پلاتفۆرمەكانی ویندۆز و ئەندرۆید و ئای ئۆ ئێس و ئێكس بۆكس بەردەستە، كۆتایی ساڵی 2017 بۆ یەكەمینجار لەسەر سیستمی ویندۆز بڵاوكرایەوە و پاشان لە ٢٠١٨دا لەسەر سیستمەكانی دیكەش بڵاوكرایەوە. بیرۆكەی یارییەكە لە لایەن برێندان گرینەوە داڕێژراوە و لەلایەن ئەوەوە دیزاینكراوە. 
بیرۆكەی پەبجی لەلایەن برێندان گرینەوە پەرەی پێ دراوە، بە پێی وتەكانی خۆی، برێندان لە ساڵی ٢٠١٣ەوە بەرهەمهێنانی یارییەكی وەك پەبجی لە خەیاڵدا بووە. برێندان یارییە جەنگییە فرەیاریكەرەكانی دیكەی كردووە و پێی وابووە زوو دەبنە هۆی بێزار بوون بەهۆی ئەوەی نەخشەكانیان بچوكن و بە ئاسانی لەیاددا دەمێنن و روداوی هەڕەمەكی و چاوەڕوان نەكراویان كەم تێدایە. 
گرین لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٦دا لەگەڵ كۆمپانیای (بلوهۆڵ)دا دەستیكرد بە بەرهەمهێنانی یاری پەبجی. بەپێی وتەكانی گرین تیمی پەرەپێدانی یارییەكە لە خۆی و ٣٥ كەسی دیكە پێكهاتبوو و بەشێكی زۆریان بەهۆی جۆشوخرۆشی پرۆژەكەوە خۆبەخشانە كاری زیادەیان دەكرد بۆ خێراتر تەواوكردنی یارییەكە. پەبجی لە ناوەڕاستی  ساڵی ٢٠١٧ چەند ڤێرژنێكی تەواونەكراوی بە مەبەستی تاقیكردەوە دەرچوو و لە كۆتایی ساڵی ٢٠١٧دا بە تەواوی كەوتە بەردەست بەكارهێنەرانی كۆمپیوتەر.
پەبجی تەنها لە سێ رۆژی یەكەمی بڵاوبوونەوەیدا لەسەر سیستەمی ویندۆز بایی ١١ ملیۆن دۆلاری لێ فرۆشرا و پاش دوو هەفتە ژمارەی فرۆشەكانیان گەشتە یەك ملیۆن كۆپی فرۆشراو. پاش سێ مانگ لە دەرچوونی، زیاد لە پێنج ملیۆن كۆپی لێ فرۆشرا و زیاد لە ١٠٠ ملیۆن دۆلاری ئەمریكی داهاتەكەی بوو. لە كۆتایی ٢٠١٧دا، بەهای كۆمپانیای بلوهۆڵ گەشتبووە زیاد لە ٥ ملیار دۆلار و زیاد لە ٣٠ ملیۆن یاریكەر لە سەرتاسەری جیهان یارییان بە پەبجی دەكرد.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group