پەرلەمانتارێكی كورد: ئەنجومەنی بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی ناوی گەورە و دێی وێرانە

17/02/2019 عێراق

نەوا


بەختیار شاوەیس پەرلەمانتاری كورد لە بەغدا دەڵێت "ئەنجومەنی باڵای بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی، كە سەرۆك وەزیرانی عیراق پێكیهێناوە، ناوی گەورە و دێی وێرانە و روبەڕوبونەوەی گەندەڵی بەو ناكرێت".
شاوەیس لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتویەتی "عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران پێكهێنانی ئەنجومەنی باڵای روبەڕوبونەوەی گەندەڵی راگەیاندوە، لەكاتێكدا بەپێی دوایین سەرژمێری رێكخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی لەناو 180 وڵاتدا، عیراق 13یەمین گەندەڵترین وڵاتی جیهانە".
ئاماژەی بەوەشداوە، داهاتی نەوت لەساڵی 2004ەوە بۆ 2018 نزیكەی تریلیۆنێك دۆلارە و لەگەڵ ئەوەشدا لەشاری بەغدا هیچ پرۆژەیەكی خزمەتگوزاری ئەنجامنەدراوە، لەنەوەدەكاندا شەقام و پردو رێگەوبانەكان زۆر پاكتر و باشتربون لەئێستا، لەگەڵ دەركەوتنی ژمارەیەكی زۆر ملیاردێر، ملیۆنان هەژار و دەرۆزەكەریش پەیدابون.
ئەو پەرلەمانتارە كورد نمونەی جیاوازی چینایەتی گەورە دەهێنێتەوە و نەبوونی خزمەتگوزاریە پێداویستییەكانیش بە باشترین بەڵگە دادەنێت لەسەرئەوەی گەندەڵی بوەتە دیاردەیەك بەناو سەرجەم جومگەكانی دەوڵەتدا رۆچوە.
بەختیار شاوەیس رونیشیكردوەتەوە، دوای 100 رۆژ لەدەستبەكاربوونی عادل عەبدولمەهدی نامەیەك ئاراستەی عیراقییەكان دەكات بەوەی بەرەنگاری گەندەڵی دەبێتەوە، لەكاتێكدا ئەوەی لەسەر ئەرزی واقیع هەیە بەتەواوەتی پێچەوانەیە، بارودۆخەكە بەشێوەیەك ئاڵۆزە زۆر لەتوانای كەسێك گەورەترە كە لەمیانەی وەرزی یاساداناندا نەیتوانیوە حكومەتەكەی تەواو بكات، تا چاكی بكات، ئەنجومەنی باڵای چاكسازیش وەك پەندێكی كوردی وایە كە دەڵێت "ناوی گەورەو دێی وێران"، ناوەكە ترس بڵاودەكاتەوە لەكاتێكدا وێرانە لەعیراقدا گەیشتوەتە ئاستێك كەس نایەوێت تەنانەت بیریشی لێبكاتەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group