ڤیستیڤاڵی هونەری سلێمانی - سنە بەرێوەدەچێت

19/02/2019 هەمەڕەنگ

نەوا - رۆژیار سیروان - سلێمانی 


ڤیستیڤاڵێكی هونەری لە شاری سلێمانی بەرێوەدەچێت و بەوتەی بەڕێوبەرانی فستیڤاڵەكە دەیانەوێت لەو رێگایەوە پەیوەندیەكی دۆستانەی هونەری لە نێوان هەردوو پارێزگای سلێمانی و سنە بەهێزتر بكەن.  
رۆژی سێ شەممە بەرێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی بە هاوكاری 7 رەنگە بە ئامادەبوونی هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی و بابەكر درەیی بەرێوەبەری گشتی رۆشنبیری و هونەری پارێزگاكە و ژمارەیەك لە هونەرمەندان، پێشانگایەكی هاوبەشی شێوەكاری و هونەری لە گەلەری ئەمنەسورەكەی شاری سلێمانی كردەوە و بۆ ماوەی 2 رۆژ بەردەوام دەبێت. 
بەختیار سەعید ئەندامی لیژنەی ڤیستیڤاڵەكە بۆ رادیۆی نەوا رایگەیاند:  ڤیستیڤاڵەكە لە دوو بەش پێك دێت و بەشی یەكەم شێوەكاریە پێكهاتوە لە 22 تابلۆ لە بەرهەمی  هونەرمەندانی سلێمانی و سنە و  بەشی دوەمیش لە گۆرانی و موزیك پێكهاتووە بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت. 
ئاماژەی بەوەشدا ، ئەو گروپەی لە سنەوە هاتون بەناوی گروپی موزیكی ئاویەر و لە 10 ئەندام پێكهاتوون، گروپی دوەمیش هونەرمەندانی فۆلكڵۆرە سەر بە بەرێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری سلێمانین و رۆژی چوارشەممە لە تەلاری هونەر ئاهەنگێك ساز دەدەن .
بەختیار سەعید ئەوەشی وت، ئەمانجی ئەم ڤیستیڤاڵە نزیككردنەوەی بەشەكانی كوردستانە لە یەكترەوە لە رێگای هونەرەوە  ئەمەش بۆ ئەوە دەگەرێتەوە ساڵی پار سلێمانی پێشانگایەكی لە سنە كردەوە و ئەمەش رێگا خۆشكەر بوو میوانداری ئەو شارە بكەین.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group