كۆریای باكور چالاكیە موشەكیەكانی دەستپێدەكاتەوە

09/03/2019 جیهان

 

بەپێی چەند وێنەیەك كە لە رێگەی مانگی دەستكردەوە گیراون، دەردەكەوێت، كە كۆریای باكور چالاكیەكانی لە بنكەیەكی موشەكی دەستپێكردۆتەوە، كە پێشتر و دوای یەكەم دیداری سەرۆكی ئەو وڵاتە و سەرۆكی ئەمریكا، بنكەكە رووخێنرابوو.
بەپێی ئەو وێنانە، ژمارەیەك ئۆتۆمبێل و بەرزكەرەوە لە بنكەی تونگ چانگ ری نزیك پیونگ یانگی پایتەخت دەبینرێن.
دەستپێكردنەوەی كاركردن لە بنكەی موشەكی تونگ چانگ ری دوای ئەوە دێت كە دیداری كیم جۆنگ ئون سەرۆكی كۆریای باكور و دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكا لە ڤێتنام بە بێ ئەنجام كۆتایی هاتبوو.
بنكە تونگ چانگ ری گرنگترین بنكەی موشەكی كۆریای باكورە و دوای ئەوەی ساڵی رابردوو بۆ یەكەم جار كیم جۆنگ ئون و دۆناڵد ترامپ لە سەنگاپور چاویان بە یەك كەوتبوو، پیونگ یانگ بۆ دەرخستنی نیازپاكی خۆی ئەو بنكەیەی رووخاندبوو.
چاودێرانی سیاسی ئەمریكا لەو بڕوایەدان دەستپێكردنەوەی كاركردن لە بنكەی موشەكی تونگ چانگ ری تەنها فشارێكی پیونگ یانگە لەسەر واشنتۆن بۆ ئەوەی هەرچی زووتر دانوستانی نێوانیان بگەیەنێتە ئەنجام.
جێی باسە نزیكەی ساڵێكە كۆریای باكور و ئەمریكا لە دانوستاندان بەمەبەستی داماڵینی نیمچە دورگەی كۆریا لە چەكی ئەتۆمی و هەڵگرتنی سزاكانی واشنتۆن لەسەر پیونگ یانگ.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group