پشووی مامۆستایان گۆڕانكاری تێدا دەكرێت؟

10/03/2019

نەوا-كاروان مەحمود


وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی رونكردنەوەی لەبارەی زیادبوونی دەوامی مامۆستایان دەدات و جێگری سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانیش دەڵێت: "پێی دەچێت بۆ ئەمساڵی خوێندن پشووی مامۆستایان وەك خۆی بمێنێتەوە".
سامان سیوەیلی وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ رادیۆ نەوا وتی: "لەسەرەتای دەستپێكردنی خوێندنی ئەمساڵەوە وەزارەتی پەروەردە بڕیاریدا بە لابردنی پشووی مامۆستایان، ئەگەر لە ئێستاشدا لەهەندێك شوێن هاوكاری مامۆستایان كرابێت و پشوویان بۆ دیاریكرابێت بێگومان لەدوای نەمانی پاشەكەوتی مووچە هیچ پشوویەك نامێنێت و پێویستە مامۆستایان لەهەفتەیەكدا شەش رۆژ دەوامی فەرمی بكەن".
وتیشی: "هەرچەندە تائێستا وەزارەتی پەروەردە هیچ بڕیارێكی فەرمی نەداوە، بەڵام ناكرێت رۆژانی شەممە لە قوتابخانەكان بكرێتە پشوو چونكە پرۆگرامەكانی خوێندن ناتوانرێت تەواو بكرێت و پێشتر هەڵوێستی وەزارەتی پەروەردە لەوبارەیەوە ئاشكرا كراوە". 
لەلایەكی دیكەوە مامۆستا عەتا ئەحمەد جێگری سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان بۆ رادیۆ نەوا رایگەیاند، لە ئێستادا زووە باس لە لابردنی پشووی مامۆستایان بكرێت، بۆ ئەمساڵی خوێندنیش كە مامۆستایان لە هەفتەیەدا رۆژێك پشوویان بۆ دیاریكراوە جگە لەرۆژانی هەینی پێی ناچێت گۆڕانكاری لە پشووەكان بكرێت چونكە ماوەیەكی كەمی ماوە پرۆسەی خوێندن، ناكرێت گۆڕانكاری لە خشتەی وانەكاندا بكرێت.
جێگری سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان باسی لەوەشكرد، هەركات وەزارەتی پەروەردە بڕیاریدا بە لابردنی پشووی مامۆستایان ئەوكات هەڵوێستی خۆمان ئاشكرا دەكەین و داوادەكەین وەكو فەرمانبەرانی وەزارەتەكانی دیكە مامۆستایانیش جگە لە رۆژانی هەینی رۆژێك پشوویان هەبێت، بەجۆرێك لە قوتابخانەكان شەش رۆژ دەوامی فەرمی بكرێت، بەڵام بەپێی رێككەوتنێك هەر مامۆستایان رۆژێك پشووی بۆ دیاریبكرێت لە هەفتەكەدا. 


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group