چارەنوسی مووچەی سێ مانگی سەرەتای ساڵی 2019ی فەرمانبەرانی هەرێم چی بەسەردێت؟

پێش 1 هەفتە

نەوا-كاروان مەحمود

حكومەتی هەرێمی كوردستان مووچەی مانگی 12ی ساڵی 2018ی فەرمانبەران لە مانگی ئاداری 2019 دابەش دەكات و بەپێی زانیاریەكانی پەرلەمانتارێكی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی عیراق 724 ملیار دینارەی لە بەغداوە رەوانەی هەرێم كراوە، بۆ مووچەی مانگی ئادارە.

بەپێی زانیاریەكانی رادیۆ نەوا لە ئێستادا ئەو لیستەی ئامادەكراوە بۆ مووچەی فەرمانبەران مووچەی مانگی 12ی ساڵی 2018یەو لەكاتی دابەشكردنی ئەو مووچەیەش پاشەكەوت لەسەر مووچەی فەرمانبەران هەڵگیراوە بەڵام تائێستا نازانرێت مووچەی سێ مانگی ساڵی 2019چی بەسەر دێت.
لەبارەی ئەو پارەیە رەوانەی هەرێمی كوردستانكراوە لەلایەن حكومەتی عیراقەوەو مووچەی پێ دابەشكراوە رادیۆ نەوا پەیوەندی كرد بە ئەحمەدی حاجی رەشید ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئاماژەی بەوەكرد، ئەو پارەیە رەوانەكراوە بۆ مووچەی مانگی ئاداری فەرمانبەرانە.
بەگوێرەی نوسراوێكی وەزارەتی دارایی عیراقیش، كە رۆژی 10ی 3ی 2019 بەواژۆی بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی ژمێریاری وەزارەتەكە دەرچووە، لەسەر بڕیاری وەزیری دارایی عیراق، بڕی 724 ملیارو 819 ملیۆن دیناری خستۆتە سەر ژمارە حسابی وەزارەتی دارایی ھەرێم، كە لە لقی ھەولێری بانكی ناوەندی كراوەتەوە.
رونیشكرداوەتەوە، ئەو پارەیە بۆ موچەی مانگی (3)ی ساڵی 2019 و جیاوازی موچەی مانگی (1 و 2)ی ئەم ساڵە.
لای خۆشیەوە عابد ساڵح بەڕێوبەری لقی هەولێری بانكی ناوەندی عێراق، بە نەوای راگەیاند: پارەكە گەیشتوەتە هەرێم. 
رادیۆ نەوا بۆ زانینی چارەنوسی مووچەی سێ مانگی سەرەتای ساڵی 2019 كە تائێستا لە لیستەكانیان ئامادە نەكراوە پەیوەندی كرد بە رێباز حەملان وەزیری دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێم بەڵام پەیوەندیەكەی بەردەست نەبوو هەروەها پەیوەندی كرد بە رابەر سدیق بریكاری وەزارەتی دارایی بەڵام ناوبراو وەڵامی پەیوەندییەكەی نەدایەوە. 

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group