یەكێتیی ئەورووپا: هێرش بۆ سەر پەرستگاكان، هێرشە بۆ سەر هەموومان

15/03/2019 جیهان

 

یەكێتیی ئەورووپا سەرەخۆشی لە كەسوكاری ئەو كەسانە كە لە هێرشەكانی سەر دوو مزگەوت لە نیوزلەندا گیانیاندا لەدەستداوە و راشیدەگەیەنێت: "هێرش بۆ سەر پەرستگاكان وەك ئەوەیە هێرش كرابێتە سەر هەموومان". 
لە راگەیەنراوێكدا لەوبارەیەوە، فێدێریكا مۆگێرینی، نوێنەری باڵای سیاسەتی ئاسایش و پەیوەندییەكانی دەرەوەی یەكێتیی ئەورووپا، رایگەیاند: "سەرەخۆشی لە كەسوكاری ئەو كەسانە كە لە هێرشە تیرۆریستییەكان بۆ سەر دوو مزگەوت لە نیوزلەندا گیانیاندا لەدەستداوە دەكەین. هێرش بۆ سەر پەرستگاكان وەك ئەوەیە هێرش كرابێتە سەر هەموومان".
هاوكات دۆناڵد تۆسك سەرۆكی كۆنسەی یەكێتیی ئەورووپا، لە رێگەی هەژماری خۆیەوە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر، پەیامێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند: "هێرشە ناپاكانەكەی كرایست چەرچ هەرگیز زیان بە هەڵوێستی میانڕەوانە و لەخۆبوردەیی نیوزلەندا ناگەیەنێت". 
لای خۆیشییەوە ئەنتۆنیۆ تایانی، سەرۆكی پەرلەمانی ئەورووپا، لەوبارەیەوە رایگەیاند: "لەبەرامبەر دیمەنەكانی هێرشە تیرۆریستییەكانی نیوزلەندا، مرۆڤ زمانی گۆ ناكات. نەژادپەرستیی، رق و كینە و شێتیی، ئەو بێتاوانانەی كردە ئامانج كە لە مزگەوتدا پەرستشیان دەكرد". 
جێی باسە لەو دوو هێرشەی كرایە سەر دوو مزگەوت لە نیوزلەندا زیاتر لە 90 كەس بوونە قوربانی.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group