رێبەری ئۆركێسترای موزيكى جیهانی: كورد خۆشەویستییەكی گەورەیان بۆ هونەر هەیە

17/03/2019 نەوا

هونەرمەندی گۆرانیبێژ و نای ژەنی كورد كاروان حەمید حەللاق كە ماوەی زیاتر لە 10 ساڵە لە هۆڵەندا دەژی باسی لە خۆشەویستی هونەرمەندێكی بیانی بۆ میللـەتی كورد دەكات و دەڵێت "ئەگەر كەسێك خۆشەویستی بۆ خاك و نیشتمان خۆی هەبێ و هەستی نەتەوایەتی هەبێ، ڕێز لە كولتور و هونەری خۆی بگرێ، سروشتی وڵات بپارێزێ ، ئەمە ئەركی هەمو تاكێكە، بەڵام ئەگەر كەسێكی بیانی ئەم خاسیەتانەی تیابوو بۆ وڵاتەكەت ئەوە جێگەی ڕێز و ستایشە". 


كای كراینن داهێنەر و هونەرمەندێكی هۆڵەندییە، خۆشەویستی بۆ كوردستان لە ڕادەبەدەرە، هەستێكی جوانی بۆ هونەرو كولتوری كوردی هەیە، هونەری كوردی بە جیاواز وەسف دەكات لە میلەتەكانی تر، ژینگە و سروشتی كوردستان تەواو سەرنجی ڕاكێشاوە. 
كای كرایین لە زانكۆی هونەرەكانی ئۆترێخت ئاواز دانان و مۆسیقای خوێندوە و نمرەی ماستەری بە باشترین پلە وەرگرتوە، لە ساڵی ‌2012وە رێبەری ئۆركێسترای موزیكی جیهانی نۆردئۆستە (كە لە ساڵی 1996دا دامەزراوە) و موزیك ساز دەكات و موزیك دەژەنێت و ئاواز دادەنێت.


 كای كرایین گەشتێكی بە نێو كوردستان، توركیا، یۆنان، سێرڤیا، هەنگاریادا كردوە و لەگەڵ خەڵكی ئەو وڵاتانەدا كاری موزیك و هونەری كردوە.
كاروان حەمید حەللاق لە زاری كای كرایینەوە كاتێ سەردانی كوردستانی كردوە، دەڵێت "لە ساڵی 2012دا سەردانی كوردستانی عیراقم كرد لەگەڵ كۆمەڵێ هونەرمەندی هۆڵەندی و دانیشتوی شاری سلێمانی لە ئاهەنگی نەورۆز كە بە سەری ساڵی نوێی كوردی دەژمێردرێت بەشداریمان كرد و ئەم سەردانەم بۆ هەرێمی كوردستان كاریگەرییەكی قوڵی لە سەر من دروستكرد، من عیراقم هەر لە رۆژنامە و هەواڵەكاندا ناسیبو، بەڵام كە گەیشتمە كوردستانی عیراق، زۆر لەوە جیاوازتر بوو كە من چاوەڕێم دەكرد، هەرگیز پێشتر سەردانی لەو شێوەیەم نەبینیبوو، كە كراوەترین میوانداری كرام و سەرسام بوم بەڕووی گەشی خەڵكەكە و كراوەییان و دەربڕینیان بۆ ئاهەنگگێڕان".


ڕێبەری ئۆركێسترای مۆسیقای جیهانی نۆردئۆست كای كرایین دەڵێت " ئەو ئامێرەی كە بۆ من تازە و نوێ بوو بیناسم لەگەشتەكەم بۆ هەرێمی كوردستان ئامێری (نەی) فێربون و ژەنینی بوو ، لەم گەشتەمدا بۆم دەركەوت میلەتی كورد ئەوەندە خۆشەویستیان بو موزیك وهونەر هەیە ئامادەن ددانێكی خۆیان دەربهێنن لە پێناو ژەنینی ئامێری(نەیی)دا ، بە ڕاستی سەرنج ڕاكێش و كارێكی تازە بوو بۆ من ، من وڵاتی عێراقم بەوە ناسیبو كە وڵاتێكی پڕ لەجەنگە، بەڵام لە هەرێمی كوردستان بۆ ساتێكیش هەستم بە بێ ئاسایشی نەدەكرد".

كای كرایین سەبارەت بە تاوانەكانی دەوڵەتی ئیسلامی داعش دژ بە میلەتی كورد بە خەمباریەوە باس لەوە دەكات "دوای ئەوەی داعش خۆی خزاندە ناوچەكە و هەواڵەكانی گۆڤار و میدیاكان سەبارەت بە تاوانەكانی داعش دژ بە میلەتی كورد خەمباری كردم و قوڕگمی پڕ كرد لە گریان، كوردە ئاوارەكانی عێراق و سوریا و ئێرانیش گەیشتنە هۆڵەندا نەك لەبەر گەڕان بە دوای خۆشبەختی، بەڵكو تەنها بۆ ئەوەی ژیانیان پارێزراوبێت".
كاروان حەمید حەللاق باسی لەوە كرد كە "دوایی هاتنی داعش (كای كرایین) پەیوەندی پێوە كردم بۆ گفتوگۆ كردن لە سەر هونەری كوردی و بۆ زیاتر ئاشنا بون وتێگەیشتن لەهونەری كوردی و قسە كردن لە سەر پڕۆژەیەكی ڕێز گرتن لە میللـەتی كورد، كە چۆن ئەوان رێزیان لە (كای) ناوە و ئەویش ئامادە بوو بە كارێك دڵتەنگی خۆی بۆ میلەتی كورد دەرببڕێ بۆ ئەوەی بە جیهان بڵێ : میلەتی كورد بە كارە قێزەونەكانی داعش ناشرین ناكرێ و لەناوناچن، منیش بە خۆشحاڵییەوە چووم بۆ لای و هونەر و موزیكی كوردیمان تاووتوێ كرد و شانەكانی موزیكی كوردیم تێگەیاند و بە پێی ئەو زانیاریە كەمەی كە خۆم هەمە منیش وەك ڕێز و خۆشەویستیەك و هەوڵ و ماندوبونێكی ئەو كەڵە هونەرمەندە هۆڵەندیە بڕیارم دا ئامێرە (نەی)یەكەی خۆمی پێشكەش بكەم، چونكە هیچی ترم نەبوو جگە لەو ئامێرە ئازیزتر لە لام، هەستم كرد شایەنی لەوە زیاترە، چونكە ئامێری (نەی) زۆر سەرنجڕاكێش و تایبەت بوو لای ئەو".

كاروان حەمید حەللاق درێژەی بەقسەكانی دا و رونیكردەوە "لە دوای ئەوەی (كای) پەیوەندی پێوە كردم منیش چوم بۆ لای چونكە بێ دوو دڵی هەر كەسێك كارێك بۆ كوردستان بكات من دەبمە بێڵەقانی دەستی و بە ڕوح و گیان هاوكاری دەكەم ، بڕیارمان دا زنجیرە كۆنسێرتێك ساز بكەین لە ژێر ناونیشانی (ئاوازی ڕاكردن)بە سەرپەرشتی (كایی و پاوڵ) بەڵام پێویستیان بە هونەرمەندی كوردی دڵسۆز بوو لە هۆڵەندا منیش بە خۆشحاڵیەوە چەند هونەرمەندێكی كوردی دڵسۆزم پێناساند لەوانە مونیر گۆران، یەمەن كورد، ناسر منجۆ، بافل سەرهەنگ، دلبرین ئاكرەیی و لە سەرەتای 2016دا بڕیارمان دا دەست پێ بكەین و ئامادەكاری بكەین ، جوانی ئەم كارە لەوەدابوو كە هەموان خۆبەخشانە كارمان دەكرد بێ بیركردنەوە لەداهاتوو و پوڵ و پارە ، بۆیە كارەكە تەواو جیاواز بوو پڕاوپڕ بوو لە دڵسۆزی، كارەكەمان ئامادەكرد كە پێكهاتبوو لە 7 تراك بە ناوەكانی ماڵ، هۆ دەریا، هەموان كەوتینە گەروی دەریا، هەراو هوریا، تاری دڵم، وەڕەزی، ئاوارە، كە لە گەورەترین ئیستۆدیۆی هۆڵەندا تۆمار كراون و ئێستا وەك ئەرشیفێك لای خۆم پاراستومە".
كاروان حەمید حەللاق رەخنەیەك لە راگەیاندن و رۆژنامە كوردیەكان دەگرێت و دەڵێت "ڕەخنەیەكی دڵسۆزانە بۆ كەناڵە كوردیەكان و ڕۆژنامەكان "
هیوادارم بە هەڵە تێنەگەن... داوامان كرد و  هەوڵماندا كەناڵێك یان ڕۆژنامەیەك ئامادە بێت ئەو زنجیرە كۆنسێرتانە بگوازنەوە بۆ هەموو ماڵێكی تاكی كورد لە هەرێمی كوردستان بەڵام بە داخەوە هیچ كام لە كەناڵەكان ئامادە نەبون ئەم كارە دڵسۆزە  بگوازنەوە بۆیە بە ناچاری خۆمان وەك خۆ بەخشێك هەڵساین بەم كارە و توانیمان هەموو ئەم شتانە كۆبكەینە و وەك ئەرشیفێك ئێستا لای منە و منیش بە خۆشحاڵیەوە ئامادەم پێشكەشی كەناڵە كوردییەكانی بكەم  ، هەروەها مژدەتان دەدەمێ كە پڕۆژەیەكی مەزنم بۆ كوردستان كردوە بە ناونیشانی(كوردستانەكەم) لە گەڵ هەمان تیپ كە نزیكەی 150 موزیك ژەن بەژدار بونە بە سەرپەرشتی بافڵ سەرهەنگ.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group