وەزارەتی بەرگری ئەفغانستان رایگەیاند كە بزووتنەوەی تاڵیبان، 58 سەربازی لە ناوچەیەكی ویلایەتی بادغیس رۆژئاوای ئەو وڵاتە بەدیل گرتووە.
قەیس مینگل وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەفغانستان، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند، چەكدارانی بزووتنەوەی تاڵیبان ھێرشیانكردووەتە سەر ژمارەیەك بنكەی سەربازی لە ناوچەی بالا مورگاب سەربە ویلایەتی بادغیس و لە میانیدا، 58 سەربازییان بەدیل گرتووە.
قەیس مینگل ئاماژەی بەوەشدا كە كاربەدەستانی حكوومەت ھەوڵەكانیان خستووەتەگەڕ لە پێناو ئازادكردنی ئەو سەربازانەی كە لە لایەن بزووتنەوەی تاڵیبانەوە بەدیلگیراون.
لای خۆیەوە بزووتنەوەی تاڵیبان بانگەشەی ئەوەی كردووە، چەكدارەكانی لە میانی ھێرشێكدا كە بەم دواییانە ئەنجامیانداوە، ژمارەیەك بنكەی سەربازییان كۆنتڕۆڵكردووە، بێ ئەوەی زانیاری زیاتر لەوبارەیەوە بخاتەڕوو.